لە دەرەوەی حكوومەت، حكوومەت نیە، دز و قاچاخچی ھەیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 06/07/2021

لە دەرەوەی حكوومەت، حكوومەت نیە، دز و قاچاخچی ھەیە

ھەر ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەراندنی گۆڕان كە دەڵێت: ”ھەندێك شت دەبوایە بكرێن بەڵام نەكران“ و لە وتارێكی پێشتردا وەڵامی ئەم فەرماییشتەیم دایەوە، ھەر ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندن كە بەڕاستی ناشزانم چی ڕادەپەڕێنن! دەڵێت: ”لەدەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، حكوومەتێكی تر ھەیە و كۆنترۆڵی ھەموو جومگەكانی دەسەڵاتی كردووە و چۆنی بوێت ئاوا ھەنگاو دەنێت!“... بەڵام:

1- ئەگەر مەبەستی ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندن لە حكوومەتی دەرەوەی حكوومەت، كۆمپانیاكانی بەرھەمھێنانی نەوتە، كە لە دەستی حكوومەتدا نیە، بەڵام خۆ داھاتی سافیی نەوت دوای وردبینیی كۆمپانیای دیلۆیت و پێدانی شاییستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی بەرھەمھێنانی نەوت، دێتەوە ناو وەزارەتی دارایی كە وەزیرەكەی لە خۆیانە.

2- ئەگەر مەبەستی ئەو ئەندامە لە حكوومەتی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كۆمپانیا خزمەتگوزاریەكانی تایبەت بە نەوتە، ئەوە وەزیری سامانە سرووشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان وردەكاریی ئەو چاكسازییانەی كە لەم بوارەدا كردوویەتی خستە ڕوو، ئەوەشی گوت كە ئێستا ڕێژەی گەندەڵی لە وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان سفرە، بەڵام ئەندام پەرلەمانێكی ھیچ فراكسیۆنێك نەبوو كە یەك بەڵگەی متمانەپێكراوی پێ بێت و بڵێت نەخێر جەنابی وەزیر، ڕێژەی گەندەڵی سفر نیە، بەڵكوو بۆ نموونە لە سەتا پەنجا یان بیست یان دووە!

3- ئەگەر مەبەستی ئەو ئەندامە لە حكوومەتی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، داھاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەكانیش بێت، خۆ دیسان ھەرچی پارەیەك لەو دوو بوارەدا كۆ بكرێتەوە ئەویش سەرئەنجام دەچێتەوە بەردەستی وەزارەتی دارایی كە وەزیرەكەی لە خۆیانە... بەڵام:

4- ئەگەر مەبەستی ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لەو حكوومەتەی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەو دز و قاچاخچیانەی سەر مەرزەكانی سنووری سلێمانی و گەرمیان بێت كە بە دزی دەست بەسەر نزیكەی نیوەی داھاتی ئەو سنوورەدا دەگرن، ئەمانە پێیان ناگوترێت حكوومەتی دەرەوەی حكوومەت، بەڵكوو ئەمانە پێیان دەگوترێت دز و قاچاخچی، ئەمانە پێیان دەوترێت خائین و بەرەڵاكانی كوردستان، ئەمانە پێیان دەگوترێت چەتە و ڕێگر.

بەڵام ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەراندنی گۆڕان، ناتوانێت ئەم ناوانە لەوان بنێت، چونكە حزبەكەی ھاوپەیمانێتیی لەگەڵ ئەوانەدا كردووە كە لەپشت بەشێكی زۆری ئەو دزی و قاچاخچێتی و بەرەڵایی و چەتەیی و ڕێگرییەن، بە گوێرەی پرینسیپی ھاوپەیمانێتییش نابێت بە ھاوپەیمانە بەڕەڵا و دز و قاچاخچیەكانت بڵێیت بەرەڵا و دز و قاچاخچی، ئەگینا ھاوپەیمانێتیەكە ھەڵدەوەشێتەوە كە ھاوپەیمانێتییش ھەڵوەشایەوە، ئیتر گورگ دەتانخوات!