یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
حەمەسەعید حەسەن 06/07/2021

یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات؟

(١)

یەکێتیی نووسەرانی کورد (ی. ن. ک) یەکێک بوو لەو دەستکەوتە گرنگانەی، گەلی کورد لە ئەنجامی خەباتێکی درێژخایەنی خوێناوییەوە بەدەستی هێنابوو. ئەو یەکێتییە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە کە بۆ سەرەتای ساڵی ١٩٧٠ دەگەڕێتەوە، لەڕێی چالاکییە هەمەجۆرەکانییەوە، توانیبووی بە جەماوەری فراوانی کوردی بسەلمێنێت کە بوونی پێویستییەکی دیرۆکییە. (ی. ن. ک) تاقە دامەزراوە بوو لە عێراقدا، نەک تەنیا لە کوردستاندا، بە درێژاییی تەمەنی سێزدە ساڵەی، ڕژێم نەیتوانیبوو دەستی بەسەردا بگرێت و نوێنەری خۆی بەسەردا بسەپێنێت.

 

لە ئەیلوولی ١٩٧٨دا کە کۆنگرەی پێنجەمی (ی. ن. ک) لە هەولێر بەسترا، ڕژێم ئەوپەڕی توانای خۆی بە مەبەستی دەست بەسەردا گرتنی بەکار هێنا، بەڵام لە ئەنجامدا لە هەموو نووسەرانی کورد، تەنیا یازدە نووسەری بۆ بە لاڕێدا برا، ئەو یازدە نووسەرەیش تەنیا لەوەدا پشتگیریی ڕژێمیان کرد، کە مەڵبەندی گشتیی (ی. ن. ک) لە بەغداوە بۆ هەولێر بگوێزرێتەوە، هەر لەبەر ئەوەیش سەرزەنشتێکی زۆر کران. هەر لەو کۆنگرەیەدا مورشید ئەلزوبەیدی کە نوێنەری نووسەرانی عێراق بوو، لە گوتارەکەیدا داوای لە (ی. ن. ک) کرد، ببێتە پاشکۆی یەکێتیی نووسەرانی عێراق، بەڵام داواکەی لەلایەن نووسەرانی کوردەوە ڕەت کرایەوە و کۆنگرەی پێنجەم بە سەرکەوتنی (ی. ن. ک) دوایی هات و نووسەرانی کورد لە بەغدا و لە لقەکاندا کەوتنە نواندنی چالاکی.

 

دوابەدوای دووەمین فێستیڤاڵی شیعری کوردی، (کۆتاییی ئاداری ١٩٧٩) ڕژێم ڕێگەی توندوتیژی، بۆ دەمکوتکردنی نووسەرانی کورد، بە تایبەتی لقی سلێمانی، گرتە بەر. دەستەی بەڕێوەبەری ئەو کاتەی لقەکە و نووسەرە تۆقیوەکانی سلێمانی، خۆیان لە هەڵبژاردنی پاییزی ١٩٧٩کە دوای کۆنگرەی شەشەمی بەغدا دەستی پێ کرد، دزییەوە و پاشەکشێیان کرد. دەستەی بەڕێوەبەری نوێی لقی سلێمانی کەوتە نواندنی چالاکی و هەر لە سەرەتاوە، دوای هەموو کۆڕێك دووچاری هەڕەشە و ترساندن و بانگکردن دەبووەوە، بەڵام لە نواندنی چالاکی نەکەوت کە ئەو سەردەمە، ئەو چالاکییانە لە سلێمانیدا، ڕۆڵی یەکەمین سەنگەری بەرگرییان دەبینی.

 

دەزگا داپڵۆسێنەکانی ڕژێم کە بۆیان دەرکەوت، هەڕەشە و ترساندن و بانگکردن، سەنگەر بەو نووسەرانە چۆڵ ناکەن، سەرۆکی لقی سلێمانییان لە زیندانی ئاسایش توند کرد و پێیان ڕاگەیاند: لەمەودوا کۆڕبەستن قەدەغەیە. لقی سلێمانی دوای قەدەغەکردنی چالاکییەکانیشی لە کۆڕبەستن نەکەوت، تەنانەت کە ڕژێم مامۆستا موحەڕەم موحەممەد ئەمینی تیرۆر کرد، لقی سلێمانی یادی چلەی ماتەمینی ئەو چیرۆکنووسە شەهیدەی کردەوە. لەو یادەدا کە نووسەرە ترسنۆکەکان نەیانوێرا وەک گوێگریش ئامادی ببن، بە ئاشکرا پەنجەم بۆ ئەوە درێژ کرد کە مامۆستا موحەڕەم بە دەستی ڕژێم تیرۆر کراوە.

 

یەکێتیی نووسەرانی کورد، بە تایبەتی لقی سلێمانی، لەسەر پاراستن و گەشەپێدانی یەکێتییەکە و بڵاوکردنەوەی ئەدەبی بەرەنگاری مکوڕ بوو، ئەوەبوو زۆربەی ژمارەکانی گۆڤاری نووسەری کورد، بە هەوڵی لقی سلێمانی بڵاو دەکرانەوە و هەموو ئەو لێکۆڵینەوە و چیرۆک و شیعرانەی کە لوتکەی ئەدەبی بەرەنگاربوونەوە بوون، بەرهەمی نووسەرە هۆشیارەکانی لقی سلێمانی بوون.

 

لە ئەپریلی ١٩٨٠دا، یاسای دروستبوونی: یەکێتیی گشتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق دەرچوو. مەبەستی سەرەکی ڕژێم لە دەرکردنی ئەو یاسایە، هەڵوەشاندنەوەی ی. ن. ک بوو. هەر دوای دەرچوونی یاساکە، مەڵبەندی گشتیی ی. ن. ک کۆبوونەوەیەکی کرد و بڕیاری دا، بە یادداشتێک بێزاری و ناڕەزاییی خۆی بەرانبەر ئەو یاسایە دەرببڕێت. ئەوەبوو یادداشتەکە لە گۆڤاری (الپقافه‌)دا بڵاو کرایەوە و ئەوەی تێدا هاتبوو کە: (هەڵوەشاندنەوەی ی. ن. ک ڕاژەی ئەدەب و فەرهەندگی کوردی و یەکێتیی نیشتمانی ناکات، بۆیە ئێمە داواکارین ئەو یاسایە یەکێتییەکەمان نەگرێتەوە.) هەرچەندە لای من ئەوە لە گوماندا نەمابووەوە کە یادداشت پێشکەش فاشیستەکان ناکرێت و هەڵوێستێکی لاوازە، کەچی سێ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری مەڵبەندی گشتی، ئەوەیشیان بە زۆر دەزانی و ترسی ئەوەیان هەبوو دوای بڵاوبوونەوەی یادداشتەکە، تووشی کێشە ببن.

 

پاش ئەوەی دەستەی ئامادەکاریی یەکێتییە عێراقییە تازەکە، کە یەک نوێنەری کوردی تێدابوو، ئەویش هاشم عەقراوی بوو کە ئەندامی نووسەرانی کورد نەبوو، بە بانگەوازێک داوای لە هەموو ئەدیبان و نووسەرانی عێراق کرد، ببنە ئەندام لە یەکێتییەکەی سەر بە ڕژێمدا، لە هەموو کورد تەنیا نۆ کۆلکەنووسەری ڕژێمپەرست بەدەم بانگەوازەکەوە چوون کە چاکترینیان عەریف نەجات و عەبدوڵڵا عەباس بوون.

 

ڕژێم هەستی کرد ئەدیبانی کورد بە ئاسانی دەستبەرداری یەکێتییەکەی خۆیان نابن، بۆیە شەفیق کەمالی لە زستانی ١٩٨١دا، لە بەغدا لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەری مەڵبەندی گیشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورددا کۆ بووەوە. نووسەرانی کورد لەو جڤینەیشدا، هەمان بیر و بۆچوونی یادداشتەکەیان دووبارە کردەوە. پاشان تاریق عەزیز و شەفیق کەمالی، چەند جارێکی دیکە هەندێک لە دەستەی بەڕێوەبەری مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کوردیان بینی، کە بە دەستکەوت و چاوسوورکردنەوە، نەک هەر بە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەران کورد قایل بوون، بەڵکوو گفتی ئەوەیشان بە ڕژێم دا، کە هەوڵێکی بێ وچان لە پێناوی دەستەمۆکردنی هەموو نووسەرانی کورددا دەدەن. جێی سەرنجە سەرۆکی نووسەران بۆ ئەو کۆبوونەوە نهێنییانە، نوێنەرانی لقەکانی ئاگادار نەدەکردەوە، کەچی شێخ سەتتاری پیاوی بەعسی لەگەڵ خۆیدا دەبرد.

 

سەرۆکی نووسەران و جێگرەکەی پاش سەرنەویکردن، کەوتنە خۆکۆکردنەوە و خەباتێکی شێلگیرانە بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکەی ڕژێم. ئەوەبوو لە ١١ و ١٢ی کانوونی دووەمی ١٩٨٣دا، لە هەولێر نووسەرانی کوردیان کۆ کردەوە و داوای ئەوەیان لێ کردن بە هەڵوەشاندنی یەکێتییەکەیان قایل ببن، هەرچەندە بەپێی پێڕەوەی ناوخۆی ی. ن. ک، هەڵوەشاندنەوە تەنیا لە دەسەڵاتی کۆنگرەدایە. لە ئەنجامی ئەو ترسەی سەرۆکی یەکێتییەکە نایە بەر نووسەران، توانی نووسەرە کوردە لاوازەکان، بۆ زەلکاوی جێبەجێکردنی پیلانەکەی ڕژێم ڕابکێشێت.

 

هەرچەندە ئەوانەی لەو کۆبوونەوەیەی هەولێردا، هەڵوەشاندنەوەی (ی. ن. ک)یان ڕەت کردەوە، لە ترسنۆکەکان و لەوانەی ناوەڕاستیان هەڵبژارد کەمتربوون، بەڵام هەر لەگەڵ تەواوبوونی کۆبوونەوەکەدا، زۆربەی نووسەران بە سەرزارەکی هاتنە پاڵ ئەوانەوە کە هەڵوەشاندنەوەی (ی. ن. ک)یان ڕەت کردەوە. ئەوەبوو کە ئیستیمارەی بوونە ئەندام لە یەکێتییە عێراقییەکەدا گەییشتە بارەگاکانی لقەکانی نووسەرانی کورد، بەعسی و ترسنۆکەکانیش پێیان شەرم بوو پڕی بکەنەوە. 

 

سەرۆکی نووسەرانی کورد هەستی کرد، ڕیسەکەی بەرەو ئەوە دەچێت، ببێتەوە بە خوری و لەوە دەچێت ئەو بەڵێنەی بۆ جێبەجێ نەکرێت کە بە ڕژێمی داوە، بۆیە لە کۆتاییی شوباتی ١٩٨٣دا، دیسان لەگەڵ جێگرەکەیدا خۆی گەیاندەوە سلێمانی و ئەمجارەیان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی (ی. ن. ک) و تۆقاندنی ئەوانەی دەستەمۆ نەبووبوون سوورتربوو، بۆیە ئەو شەوەی کۆبوونەوەکە کرا، بۆ بەیانی ڕژێم ناردی بە دوای ئەو نووسەرانەدا لەبەردەم جێبەجێکردنی پیلانەکەدا بەربەست بوون، بە مەرجێک بێجگە لە نووسەران کەسی دیکە لە کۆبوونەوەکەدا نەبوو. ئەوەبوو دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێم بە نووسەرانی بەرهەڵستکاریان ڕاگەیاند: ئەگەر نەبنە ئەندام لە یەکێتییە عێراقییەکەدا، ئەوا پاشەڕۆژێکی چاک چاوەڕێتان ناکات و دوایی ئۆباڵی خۆتان لە ئەستۆی خۆتاندایە.

نووسەرە ترسنۆکەکان، ئەوانەی لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولەوە، چیرۆکێک یان شیعرێکی بەرگرییان بە ناوی خۆیانەوە بڵاو نەکردبووەوە، ئەوانەی لە هیچ کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا، ڕستەیەکیان دژی ڕژێمی فاشیست نەگوتبوو، ئەوانەی لە هیچ بوارێکدا بەرەنگاری سیاسەتی ڕژێم نەبووبوونەوە، ئەوانەی مانگ و نیوێک پێش ڕاگەیاندنەکە،(*) بەڵێنیان بە عەبدولئەمیر مەعەلـلەی نوێنەری ڕژێم و نووسەری ڕۆمانی (ڕۆژگارە درێژەکان) دابوو کە بە هەڵوەشاندنەوەی (ی. ن. ک) قایل دەبن، ئەوانەی مانگ و نیوێک پێش ڕاگەیاندنەکە لە بەردەمی پارێزگار و بەرپرسی بەعسییەکانی سلێمانیدا، لە هۆڵی کارگەی جگەرە هاواریان کردبوو: (سننضم جمیعا تحت لوا‌ء الإتحاد العام للأدبا‌ء والکتاب فی القطر العراقي،)(**) ئەوانە ڕاگەیاندنەکەیان کردە پاساوی ڕازیبوونیان بە هەڵوەشاندنەوەی ی. ن. ک، هەرچەندە وەها زەندەقیان لە ڕژێم چووبوو، ئەگەر ڕاگەیاندنێکی پێچەوانەیش بڵاو کرابایەوە، ئەوا هەر بە کاڵە و پێتاوەوە، دەچوونە ناو یەکێتییە عێراقییەکەوە.

 

ئەو نووسەرە ترسنۆکانە سەرەتا دەیانگوت: (ئێمە بۆ کۆنگرەی یەکەمی یەکێتییە عێراقییەکە دەچین، بە مەرجێک ئیستیمارەی بوونە ئەندام پڕ نەکەینەوە،) بەڵام لە کۆتاییی شوباتی ١٩٨٣دا ئیستیمارەکەیان پڕ کردەوە و لە پشتەکەیان نووسی: (ئەگەر داخوازییەکانمان جێبەجێ نەکرێن، خۆمان بە ئەندام نازانین،) بەڵام پاش دوو ڕۆژ، سەرۆکی نووسەرانی کورد، ئیستیمارەی تازەی بۆ هێنان و پێی گوتن: (پێویستە بەبێ هیچ مەرجێک پڕی بکەنەوە، جونکە تاریق عەزیز گلەیی لەو مەرجە هەیە.) ئیدی نووسەرە ترسنۆکەکان، بەبێ هیچ مەرجێک ئیستیمارەی تازەیان پڕ کردەوە، هەرچەند قایلبوون بە هەڵوەشاندنەوەی ی. ن. ک، بەرانبەر بە هەر مەرجێک، نەک ئەو مەرجە لاوازە، ناپاکییەکی دیرۆکی بوو.

 

(*) یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاندنێکی بڵاو کردەوە، تێیدا داوای لە هەموو نووسەرانی کورد دەکرد، ببنە ئەندامی یەکێتییە عێراقییەکە و بە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد ڕازی ببن.

(**) هەموومان دێینە ژێر ئاڵای یەکێتیی گشتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراقەوە.