كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

كۆبوونەوەی ئۆپك بۆ ڕێككەوتن لەسەر ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت شكستی هێنا

ئەمڕۆ دووشەممە كۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێكخراوی ئۆپك بۆ ڕێككەوتن لەسەر ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت شكستی هێنا، ئەمەش دوای ئەوەی هەڵوێستی كۆتایی وڵاتی ئیماراتیان لەبارەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت دەستنەكەوت.

لەمبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" بڵاوی كردەوە كۆبوونەوەی ئۆپك شكستی هێناوە و ئێستا چاوەڕێی بڕیاردانن بۆ دیاریكردنی كاتی كۆبوونەوەی داهاتوویان.

بەم شێوەیە شكستهێنانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئۆپك بە مانای ئەوە دێت كە ڕێككەوتن لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت جێبەجێ ناكرێت، بەڵام پێدەچێت دوای ئەو شكستە، وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لای خۆیانەوە ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بكەن.

چاوەڕێ دەكرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا وڵاتانی ئەندامی ئۆپك لەخۆڕا ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بكەن، بەمەش چاوەڕێی دابەزینی نرخی نەوت دەكرێت.

جێی باسە ئەمڕۆ دووشەممە نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی ١٠ سەنت دابەزی، واتە 0.13٪ی نرخەكەی و بەهای هەر بەرمیلێك گەیشتە 76.05 دۆلاری ئەمریكی.

ئەمەش لە كاتێكدایە كە ڕۆژی هەینیی رابردوو وڵاتانی ئۆپك ڕێككەوتبوون لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت بە ڕێژەی دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا، بە شێوەیەك لە مانگی ئابەوە دەست پێبكەن، بەڵام وڵاتی ئیمارات ڕێككەوتنەكەی قبووڵ نەكردبوو.