ھەندێك شتیش دەبوو نەكرێت بەڵام كرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 05/07/2021

ھەندێك شتیش دەبوو نەكرێت بەڵام كرا

جا ئیتر چونكە نزیكین لە ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و چونكە لەناو ھاوپەیمانێتیەكدان كە ئیتر دەبێ ڕاگەیاندنەكانیشیان بۆ ھێرشكردنە سەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بێت و ھەر لە ئێستاوە خۆیان ساز و ئامادە بكەن بۆ ئەوەی لە ھەموو كێشە و گیروگرفتەكاندا گشت بەرپرسیارێتیەك لەكۆڵ خۆیان بكەنەوە و بیسوون بەسەر شان و ملی ئەوانی تردا. ئەندامێكی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان دەڵێت: ”حكوومەتێك هەیە لەدەرەوەی حكوومەت!“، ھەر ئەم برادەرە دەشڵێت: ”بەپێی ئەو رێككەوتنەی هەیە – كە مەبەستی ڕێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕانە - هەندێك شت دەبوو بكرێت، بەڵام نەكراوە!“... ئینجا:

من حەقم بەسەر ھیچ حزبێكەوە نیە و لەدەرەوەی گشت حزبەكانم، بەڵام حەقم بەسەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە، چونكە حكوومەت بۆ گشت ھاووڵاتیانە بەوانەشەوە كە لەدەرەوەی گشت حزبەكانن، بۆیە منیش لە بەرامبەر ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان كە دەڵێت: ”ھەندێك شت دەبوو بكرێت بەڵام نەكراوە!“، ئەو ڕستەیە ھەڵدەگێڕمەوە و ئا ئەوھا دایدەڕێژمەوە و دەڵێم: ”ھەندێك شت دەبوو نەكرێت بەڵام كراوە“... بۆ نموونە:

1 - كە بەشداری لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا دەكەیت، دەبێ ئەندام پەرلەمانەكانت لە بەغداش بەرگری لەو حكوومەتە بكەن كە خۆت بەشێكیت لێی، ئەمە ھیچ ڕێككەوتنێكی نووسراو و ئیمزاكراوی ناوێت، ئەمە یەك تۆز مەنتق و عەقڵی دەوێت، كەواتە دەبوایە ئەم بەرگرییە بكرایە بەڵام نەكراوە، چونكە ھەموو ئەندام پەرلەمانەكانت لە بەغداوە و لە چوارچێوەی (فراكسیۆنی ھیوا)دا خۆیان لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرد بە داعش و حەشدی شەعبی و لەوێوە داوای ڕووخاندن و ڕاماڵینی ئەو حكوومەتەیان دەكرد كە خۆیان بەشێكن لێی!

ئەوەندەشی من بزانم، ئەمە بەشێك نەبوو لە ڕێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان كە دەتوانیت لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بیت و ئازادیش بیت لەوەدا كە لە بەغداوە سەنگەری دژایەتیكردن لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بگریت.

2 - كە بەشداری لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا دەكەیت، دەبێ ئەندام پەرلەمانەكانت لە پەرلەمانی كوردستاندا، سەرەڕای ئەركی دانانی یاسا و چاودێریكردن، بەڵام خۆیان دوور بگرن لە موزایەدەكردن و ڕۆژانە فڕێدانی ژمارەی ھەڵە لەسەر نەوت، داھاتی ناوخۆ، لەقەڵەمدانی سیخووڕ بە ڕۆژنامەنووس و چالاكوان و ھێرشكردنە سەر دەسەڵاتی دادوەریی ھەرێمی كوردستان.

ئەوەندەشی من بزانم، ئەمە بەشێك نەبوو لە ڕێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان كە دەتوانیت لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بیت و بەشێكیشتان لەناو پەرلەمان و ڕاگەیاندنی حزبیەوە خەریكی موزایەدەكردن و فڕێدانی ژمارەی ھەڵە بن لەسەر داھاتی گشتیی ھەرێم و وەھای بخەنە ڕوو كە حكوومەت و دز وەك یەكن!

3 - كە بەشداری لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا دەكەیت، ھەروەك چۆن بەلای حزبەكەی سەرۆكی حكوومەت و خودی سەرۆكی حكوومەتیشەوە ئاسایی بوو كە لە یەكێك لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، بێ ھیچ خۆگرژكردن و خۆ عاجزكردنێك، وەڵامی زیاتر لە 400 پرسیاری ئەندام پەرلەمانەكانی دایەوە كە بەشێكی پرسیارەكانیش ھی ئەندام پەرلەمانەكانی خۆتان بوون، دەبێت ئا ئەوھاش بەلاتانەوە ئاسایی بێت كە ئەندام پەرلەمانەكانی فراكسیۆنی پارتییش، ھەمان ئەو مافەیان ھەیە كە لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا ھەندێك پرسیار ئاراستەی وەزیری دارایی بكەن بەبێ ئەوەی ھیچ خۆعاجزكردنێكیشی بەدوادا بێت.

ئەوەندشی من بزانم، ئەمە بەشێك نەبوو لە ڕێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان كە فراكسیۆنی گۆڕان مافی خۆیانە پرسیار ئاراستەی سەرۆكی حكوومەت بكەن، بەڵام فراكسیۆنی پارتی مافی ئەوەیان نیە كە پرسیار ئاراستەی وەزیری دارایی بكەن و ئەگەر شتی وا بكەن خوا ھاوار! برادەرینە خەڵك تەحەمولی ئێوەی كرد كاتێك تەپڵ و فیكەتان لەناو پەرلەمان لێ دەدا و مایكی ئامێرەكانی ناو پەرلەمانیشتان شكاند، خۆ ئەوە لەمێژ نیە، من بەم فەقیریەی خۆمەوە ئەو ڕۆژانەم لەبیرە، قابیلە ئێوەی وریاتر و بیرتیژتر، بیرتان چووبێتەوە؟

وەڵامی ئەو قسەیەشی كە دەڵێت: ”حكوومەتێك ھەیە لەدەرەوەی حكوومەت!“، لە وتارێكی تردا دەدەمەوە... چاوەڕوان بن