شوێنی مەرگ پێش وادەی خۆی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەبار جەمال غەریب 04/07/2021

شوێنی مەرگ پێش وادەی خۆی

ئەو كاتەی ژیان هەیە مەرگ نییە، ئەو كاتەی مەرگیش هەیە ژیان نییە.
فەیلەسووفێك ئەوە بە گوێی هەمووماندا دەچرپێنێ، لەبەری دەكەین و دڵیشی پێ خۆش دەكەین. ئەوە بۆ ژیانی ڕۆژانە پێویستە، دڵخۆشكەرە بژین و مردن لەدوور خۆمانەوە ڕاگرین. ئاسوودەبەخشە لە كاتی هەناسەدانمان هەست بە مردن نەكەین.
بەڵام ئایا ڕاستیی ئەو وتەیە لەكوێدایە؟

ژیان لە یەكەم چركەی پیتاندنەوە دەست پێدەكات، ژیانی ئینسان و گیاندار و گوڵ و درەخت.
سروشت دەڵێ:
- ژیان جوانە، ژیان لەزەت و خۆشییە، تا كۆتایی نەهاتووە دڵخۆش بە، لەزەت وەرگرە، چونكە ئینسان گیای مردنە. چەند تاڵە ئینسان گیای مردنە!

ئایین دەڵێ:
- لەگەڵ لەدایكبوونت، ڕۆژی مردنت دیاری كراوە. ئەو ماوەیەی دەژی تەنیا تاقیكردنەوەی ڕەوشتتە. تەندروستی و تەمەنت هیچ بەهایەكیان نییە، لە هەر چركەیەكدا دەبێ مردن بتبات و پرسیش نەكات، دەبێ بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە ڕازی بیت.

كولتوور دەڵێ:
- مەرگ و ژیان میسلی سێبەر و تاوە
ئەوەی باقی بمێنێ هەر ناوە.
شانۆكارێكی گەورەیش دەڵێ:
- مرۆ تاكە زیندەوەرە، دەزانێ دەمرێ و دەژی.

مرۆڤ بۆ خۆی چی؟
- مرۆڤ دیلی تەمەنیەتی، دیلی ڕۆژەكانی ژیانیەتی، ئەوە ڕۆژەكانن ژیان دەدەن بە مرۆ.
- مرۆڤ دیلی جەستەی خۆیەتی.
لەو ڕۆژەوەی مرۆڤ مردن دەناسێ، لێی دەترسێ، دەیەوێ بە هەموو هێزی لە خۆی دووری خاتەوە، بەدوای هۆیەكانی مردندا دەگەڕێ، بۆ ئەوەی شارەزایان بێت و لێیان نزیك نەبێتەوە.

مرۆ چەند دەیەوێ بیر لە مردن نەكاتەوە و فەرامۆشی كات، مردن بە هەمان ئەندازە لێی نزیك دەبێتەوە، هەر لەبەر ئەوەشە، سەرەڕای هەموو هەوڵەكانی مردن، هەمیشە لەگەڵیەتی. هیچ كەسێك نییە ڕۆژانە جارێك بیر لە مردنی خۆی نەكاتەوە. ڕووخساری خۆشەویستانی نەیەتە بەر چاو، كە هەواڵی مردنی ئەویان پێ دەگات.

مەترسیی مەرگ لە كاتی گەیشتنیدا نییە، ئەوە خاڵی فەرامۆشی و كۆتاییە، مەترسیی هەرە گەورەی مەرگ لە كاتی چاوەڕوانیدایە، كە ئەوەش تەواوی تەمەن دەگرێتەوە. لە ئاگاییدا هەموو كەس دەمرێت، تۆ نەبێ هەواڵی مردنی هەموان دەبیستی، تۆ لێی دووری، لە نەستدا تەرمی خۆمان هەمیشە لەبەر چاومانە.

مرۆڤ بۆ خۆی بە دوو شێواز دەمرێ، یەكێكیان ڕاستەوخۆ، ئەوی دیكەشیان هەر ڕاستەوخۆ.
- یەكەمیان ئەو كاتانەی، كە تۆ تەمەنی منداڵی جێ دەهێڵی، منداڵی لە تۆدا دەمرێ، جەستەی منداڵیی تۆ دەمرێت و گۆڕەكەشی لەناو خۆتدایە. چۆن دەزانی منداڵییت مردووە؟ لە منداڵیدا چەند بۆ یاری و كەلوپەلی منداڵی و خواردنی ئەو تەمەن گریاویت، دەشێ دەستیشت نەكەوتبن، لەگەڵ مردنی منداڵی ئەو حەزانە بەجێت دەهێڵن، كەلوپەلی منداڵی دەبنە حەسرەت.

تەمەنی هەرزەكاری و گەنجییش هەر بە هەمان شێوە، گەنجی لەسەر جەستە و پاشماوەی منداڵی سەر هەڵدەدات، دەیەوێ دنیا داگیر بكات، ڕابكات و هاوار بكات، خۆی دەرخات و عاشق بێ، جێگای خۆی بگرێت و دەركەوێت، ئومێدەكانی بێنە دی یان نا، ئەو تەمەنەش لە جەستەدا دەمرێت، كامڵ دەبێت، گاڵتەی بە هەوڵە گەنجییەكانی دێت، دیسانەوە جەستەی گەنجیەتی لە كامڵبووندا دەكوژێ.

ئەو گەیشتن و بەجێهێشتنە بەردەوامە، تا تەمەنێك، كە هیچی تێدا نییە ئینسان جێی بهێڵێ، واتا سەردەمی دووبارەبوونەوە، كە هەستت كرد هەموو ڕۆژەكانت دووبارەن، نیازی بەجێهێشتنی ئەمڕۆت نییە لە ڕووی قۆناغی ژیانەوە، ئەوە سەردەمی مردنی جەستەییە. ئەوە مردنی ڕاستییە، ئەوە مردنی سروشتیی ئینسانە. پێش ئەو مردنە، پێش ئەوەی ئینسان بگاتە ڕۆژە دووبارەكان، هەموو مردنێك كارەساتە.

مردنی كارەسات
ئینسانەكان هەرچەند گەورە بن، دنیایان بچووكە، هەرچەند گەورە بن دنیای تایبەتیان بچووكە. ئەو دنیایەی، كە بە هەناسەوە بەندە، ئەو دنیایەی، كە بە بوونی ئەوانی دیكەوە بەندە. درز تێبوونی ئەو دنیایە كارەساتە. دنیای هەر یەكێكمان كەسەكانی چواردەورمانە، كەسەكان هەریەكەیان پایەیەكی دەواری ژیانمانن،.كەوتنی هەر پایەیەك، لاربوونەوەی دەوارەكەیە، كە ڕاستكردنەەی ئەستەمە.
ئەوەش كاتێك ڕوو دەدات، كە مردن بەبێ وادە دێت، هەر ئەوەشە كارەساتی مردن.

دیوی ژیان و دیوی مردن
دیوی ژیان دیوە ڕووناكەكەی ئینسانە، دیوە ئاشكراكەیەتی، دیوی مردن لایە تاریكەكەیە، ئەو لایە تاریكەیە، كە هیچ هەواڵێك دەربارەی نازانین. كەس لەو دیوەی نەگەڕاوەتەوە، دیوێكی تاریك و قورسە، بە شێوەیەك تاریكە، خەنجەر نایبڕێ. لەڕاستیدا هیچ هەواڵێك لەو دنیا تاریكەوە نییە، شیبوونەوە و تێكەڵبوونەوەی سروشتە و تەواو. ئەو سووڕی تێكەڵبوون و توانەوەیەش بەهۆی مەحكەمیی شاردنەوەی، یان ناشتنی جەستە، ئەوەندەی ماوەی ژیان یان زۆرتریش درێژە.

ئەوەی نامانەوێ باوەڕێ پێ بكەین، سووڕی ژیانمانە. سووڕی ژیان حەقیقەتترین و تاڵترین ڕاستییە، كە ئینسان بە هەزاران بیانووەوە خۆی لێ دەشارێتەوە. هەریەكەمان لە شوێنێكی تاریكەوە هاتووین، چاومان كردووەتەوە و دەوربەرمان بینیوە، هەر بە هەمان شێوە چاوە دادەخەین و دەوروبەر نامێنێ، ئەوە هەموو ئەو مەتەڵ و لوغزەیە، ئینسان لە سەردەمی گلگامێشەوە تا ئەمڕۆ بۆ خۆی دروست كردووە.