كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
بەرهەم عەلی 03/07/2021

مەیموون بە قەرز

شاسوارێك هەیە، ناوی خۆی ناوە (بزنسمان و سیاسی!)، ئەوە هیچ لە سیاسەتدا ناحاڵی و كڵۆڵ و كاڵفەهمە، چونكە هەمیشە كە لەبارەی پرسێكی سیاسیەوە دەدوێ، لەناخەوە هەم تریقەی پێكەنینم دێ بە ئاستی قسەكردنی، هەمیش خەم و پرسیاری ئەوەم بۆ دێتە پێش: ئەرێ بەڕاست گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان، هێندە پەشێوحاڵە كە پیاوێكی وەك شاسواری تێدا جێ بێتەوە؟!

من ئێستاش نازانم، ئەو حەوت هەشت كورسییەی لیستەكەی ئەو شاسوارە، كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشووی كوردستاندا بەدەستی هێنا، چۆن بەدەست هات؟ ئایا هەر لە چوارچێوەی ئەو فەزیحەی تەزویراتەدا بوو كە لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە سلێمانی بەڕێوە چوو؟ ئایا دەستی ئەم و ئەوی لەدەرەوەی كوردستانەوە تێدابوو؟ یاخود بەڕاستی هێندەی ژمارەی هەشت كورسی، خەڵكێك دەنگی دا بە لیستەكەی شاسوار؟

ئەگەر دوو ئەگەرەكەی یەكەم بێت، تازە رۆیی! بەڵام ئەگەر ئەگەری سێیەم بێت و تا ئێستا خەڵكێك لە كوردستاندا هیوای بەوە هەبێت كە شاسوار دەبێتە فریادڕەس و كێشەكانی كوردستان كۆتایی پێدەهێنێت، ئەوەیان كارەساتە. چونكە سەیرە تا ئێستاش هاووڵاتیی كوردستان هۆشیاریی هەڵبژاردنی لەو ئاستەدا بێت، دەنگ بە كەسێكی وەها بدات، خۆ ئەگەر هەر زۆر رقیشی لە حزبەكانی ترە، ئەوە وا باشترە دەنگ نەدات نەك دەنگ بە كەسێك بدات كە بەبەرچاوی خۆیەوە هیچ متمانەیەكی لای خەڵك نەماوە و فڕیشی بە سیاسەتەوە نیە. بێرناردشۆ (هەزار رەحمەت لە گۆڕی)، دەڵێت: ”كێشەكە لەوەدا نیە خەڵكانێك هەن بەردەوام درۆ دەكەن، بەڵكوو كارەساتەكە ئەوەیە كە خەڵكانێك باوەڕیان پێ دەكەن“.

با واز لە سیاسەت بێنین و بێینە سەر خەسڵەتەكانی (بزنسمان)ی لەو شاسوارەدا، بێگومان خوێنەرانی بەڕێز و بەتایبەتی خەڵكی سلێمانیی خۆشەویست، باش دەزانن كە هەڵتۆقینی شاسوار لەڕووی سەرمایەداریەوە، زۆر جێی گومانە، ”لەپڕێ بوو بە كوڕێ“، گوندی ئەڵمانی یەك و دوو و... هتد، چەند كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی، چاڤی لاند و شتی تریش، ئەمە چۆن پەیدابوو؟ نازانم، بەڵام دەزانم یەكێك لە دیاردە زۆر زەق و دزێوەكانی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان، سەرهەڵدانی بزنسمانی وەكوو شاسوارە.

بە متمانە و قەناعەتەوە ئەو قسەیە دەكەم، باوەڕ ناكەم، هیچ كەس و لایەن و كۆمپانیایەك هەبێت، رۆژێك لە رۆژان مامەڵەیەكی بازرگانی و كار و بزنسی لەگەڵ شاسواردا هەبووبێت (جا بچووك یان گەورە)، شاسوار بە جۆرێك لە جۆرەكان دەستی نەبڕیبێت و شتێكی لێ نەخواردبێت، هەر كەس ئیمزا و مامەڵە و گرێبەستێكی لەگەڵ شاسواردا كردبێت، ئیلان و بیلان چووبێتە بن پەڵەی هەور و كوڕی ئاسمانیش بووبێت، شاسوار دەگەیەكی لێ داوە.

گەر ناتانەوێ بڕوا بە من بكەن، كێشە نیە، بڕۆن لە زیاتر لە ٩ هەزار لە خاوەن پشكەكان بپرسن كە ملیۆنان دۆلاریان بە شاسوار داوە و شاسوار كارتی چەرخ و فەلەك و خلیسكێنەی پێ داون لەبری قازانجی پشكەكانیان، بڕۆن لەو وەستا و كرێكار و تەختەبەست و شیشبەستانە و وەستاكارانی دەرگا و پەنجەرەكان بپرسن كە كاریان لە پرۆژەكانی شاسواردا كردووە، بڕۆن لە حكوومەتی هەرێم بپرسن كە ملیۆنان دۆلاری لای شاسوارە و نایداتەوە، بڕۆن لەو كۆمپانیا میدیاییە بپرسن كە گرێبەستی رێكلامیان لەگەڵ شاسوار و كەناڵەكەیدا هەبوو، بڕۆن لەو بێژەر و میدیاكارانە بپرسن كە لە كەناڵەكانی شاسواردا كاریان كرد و مووچەی چەند مانگیان خورا، كورە بڕۆن لەو كەسانە بپرسن كە تازەترین پرۆژەی (باخچەی ئاژەڵانی چاڤی لاند)یان بۆ شاسوار دروست كردووە، بزانن مافی كار و ماندووبوونی خۆیان بەتەواوی لە شاسوار وەرگرتووە یان نا؟

لەوانە خۆشتر، برادەرێك بۆی باس كردم، كە شاسوار تا ئێستا پارەی كڕین و هێنانی ئەو مەیموون و مار و تەیروتاڵ و ئاسك و شێر و پڵنگانەی بەتەواوی نەداوە كە بۆ باخچەی ئاژەڵانی چاڤی لاند كڕدراون! سایتی ئێن ئاڕ تیی شاسوار لەم رۆژانەدا هەواڵێكی فشەی نووسیبوو، گوایە لە زانیارییەكدا ئاژانسی هەواڵی (باسنیوز) درۆی كردووە! جا توو ویژدانتان (سیاسی و بزنسمانێك!) كە بە قەرز مەیموون بكڕێت و كاسبیی پێوە بكات، بۆی هەیە حوكمی ئەوە بدات كە ئاخۆ فڵانە شوێن راستی كردووە یان درۆ؟ هەق وایە ئەو كەسەی ئەو هەواڵەی نووسی، سۆراخێك بكات كە ئاخۆ شاسواری مووچەدەری ئەو، لەوەتەی كار دەكات، قسەیەكی راستی كردووە؟