كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

هاوسەرەکەم دەستی لەگەڵ ژنێكی تر تێکەڵ کرد و سەریشی تیاچوو

کە دەیبینی، هەست دەکەی بێتاقەت و بێزارە، منداڵێکی یەک ساڵە لە باوەشیەتی و پۆشاکێکی رەشی لەبەرە، لەگەڵ قسەکردن دەست دەکات بە گریان. ئەو گوتی: "هەست بە مردنی خۆم دەکەم".

شلێر تەمەنی ٢٦ساڵە و دایکی چوار منداڵە. ئێستا بەو تەمەنە شانی داوەتە بەر بەخێوکردنی منداڵەکانی و بەڕێوەبردنی ماڵ. دەبێ هەم دایک و هەم باوکیان بێت.

ئەو ژنە گەنجە چیرۆکێکی خەمناکی هەیە. بە وەڕسی و بێتاقەتییەکی زۆرەوە دەیگێڕێتەوە: "هاوسەرم لەگەڵ ئامۆزایەکی خۆی زۆر هاوڕێ بوو، وەکوو برا بوون و هەمیشە پێکەوە بوون. ماڵەکانیشمان لەیەکتر نزیک بوو. بەردەوام یەکمان لە ماڵی ئەوی تر بووین. متمانەی تەواو لەنێوانیاندا هەبوو".

شلێر باس لەوە دەکات، کە ئەو هەرگیز لەو پەیوەندییە ئاسوودە نەبووە، چونکە: "هەستم بە پەیوەندییەکی نائاسایی لەنێوان هاوسەری ئامۆزاکەی و مێردەکەم دەکرد، روانین و پەیوەندیی زۆر بە تەلەفۆن لە سنوور دەرچووبوو، بۆیە من دەمویست ئەو هاتوچۆ و گەرموگوڕییە کەم بکەینەوە".

شلێر دەڵێت: "رۆژێک کە چوومە ژوورەوە، بینیم هاوسەرم بە ڤیدیۆ قسە لەگەڵ هاوسەری ئامۆزاکەی دەکات، کە منی بینی ماوەیەک بێدەنگ بوو، لە ڤیدیۆکەدا بینیم ئەو ژنە جلی لە بەر نییە، بۆیە هەر ئەو کاتە بووە شەڕمان. ئەو سوێندی دەخوارد، کە هیچیان پێکەوە نییە، بەڵام من بە چاوی خۆم بینیبووم".

شلێر دوای ئەوە هەڵوێست وەردەگرێت و ئەمە بۆ خەسووی باس دەکات، بەڵام لەجیاتی هاوکاری، خەسووی رووبەڕووی دەبێتەوە: "دوای شەڕ لەگەڵ هاوسەرەکەم، چوومە لای خەسووم و هەموو ئەو گومانانەم بۆ باس کرد، تا ئەو کاتەی کە بینیومە بە ڤیدیۆ قسەیان کردووە، هێشتا قسەکانمان تەواو نەکردبوو، خەسووم پەلاماری دام و لێی دام و جنێوی پێ دام و سووکایەتیی پێ کردم".

ئەم ژنە دەگێڕێتەوە، دوای ئەوە پەنای بردووەتە بەر دایکی، ئەویش پێی گوتووە، کە خەسووت ئەوە چارەسەر بکات باشترە و خێزانی ئەوان خۆیانی تێهەڵناقورتێنن: "زۆر هاوارم کرد و داوای یارمەتیم کرد، کەس گوێی لێ نەگرتم، ئەو پەیوەندییە بە بەرچاوی منەوە درێژەی هەبوو. شەوان و رۆژان لای یەکتر بوون، ئەمجارە داوام لە خوشکی هاوسەرم کرد، ئەویش بە هەمان شێوە پێی گوتم: تۆ لە خوا ناترسی درۆی وا دەکەی؟".

دوای ئەو بێهیوابوونە، شلێر زیاتر چاودێریی هاوسەرەکەی دەکات: "دوای ئەوەی هەموویان منیان بەدرۆ دەخستەوە، ویستم کاتێک پێکەوەن بە هەموان بڵێـم فەرموون بزانن کێ درۆ دەکات، شەوێک وای زانی من خەوم لێ کەوتووە، هەستا رۆیشت، منیش دوای کەوتم و سەیرم کرد چووە ماڵی ئامۆزاکەی لە كاتێكدا ئامۆزاكەی لە ماڵ نەبوو تەنیا ژنەكەی لەوێ بوو، من رۆیشتمەوە ماڵەوە و ئەو تا بەرەبەیانی نەهاتەوە، کاتێك هاتەوە پێم گوت هەموو شتێکم بینیوە، هەڕەشەی لێ کردم ئەگەر قسە بکەم دەمکوژێت و کەسیش باوەڕم پێ ناکات، بۆیە ئەمجارە بڕیارێکی ترم دا".

کاتێک هاوسەری شلێر دەچێتە حەمام هەموو گرتە و ڤیدیۆکانی، کە لەگەڵ ئەو ژنە هەیەتی دەینێرێ بۆ مۆبایلی خۆی و دەڕواتە لای هاوسەری ژنەکە كە ئامۆزای مێردەكەی بوو: "هاوسەرم هەر لە حەمام بوو پێم گوت وا هەموو ڤیدیۆکانم برد و دەچم بۆ لای ئامۆزاکەت، تا ئەو هاتە دەرەوە، من بە راکردن چووم هەموو شتێکم بە ئامۆزاکەی گوت و وێنە و ڤیدیۆکانیشم پیشان دا، لەو کاتەدا دەنگی گوللە هات، من راچڵەکیم کاتێک بەپەلە گەڕاینەوە ماڵ، بینیم مێردەکەم خۆی کوشتووە".

شلێر وێڕای ئەوەی هاوسەرەکەی لەدەست داوە و ناپاکیی لەگەڵدا کراوە، دەڵێت: "ئێستا ماڵی باوکی هاوسەرەکەم و خزمەکانم بەردەوام پێم دەڵێن، خەتای تۆیە و بە زمانی تۆ کوڕەکەمان کوژراوە، لەکاتێکدا من داوای یارمەتیم لە هەموان کرد، داواشم لە هاوسەرەکەم کرد واز لەو ژنە بێنێ، بەڵام هەموان سووکایەتییان پێ دەکرم و تا ئێستاش ئەو سووکایەتییە هەر بەردەوامە".