گەشتێک بەناو کتێبی (ئایەتەکانی ئاپۆ)دا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گەشتێک بەناو کتێبی (ئایەتەکانی ئاپۆ)دا

"ئەوان بەندەن و من خودا، ئەوان کۆیلەن و من ئەفەندی، ئەوان شوێنکەوتە و من پادشا"

1


کتێبی (ئایەتەکانی ئاپۆ) لە نووسینی نووسەر و خەباتکار "محەمەدسەلیم چوروککایا"یە کە یەکێک لە نووسەرە ناسراو و خەباتکارە دێرینەکانی باکووری کوردستانە. ئەم کتێبە لە دووتوێی ٥٣٣ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو كراوەتەوە.

ئەم کتێبەی نووسەر و خەباتگێڕی دێرینی باكووری كوردستان (محەمەسەلیم چوروککایا) یەک لەو دەگمەن کتێبانەیە کە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە و بە وردی دەستی خستووەتە سەر ئازار و برینەکانی ناو جەرگەی رێكخراوێكی چەكداریی وەكوو پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كە ساڵانێكی زۆرە لەژێر پەردەی شۆڕشی ڕزگاریخوازیی باکووری کوردستان دامەزراوە.

ئەم کتێبە، چیرۆكی نووسەرێكی باكووری كوردستانە، كە لەپای هەڵوێستی كوردستانپەروەرانەی ١١ ساڵی تەواو لە زیندانەكانی باكووری كوردستاندا، خۆڕاگرانە ئازار و ئەشكەنجە دەچێژێت، دوای ئازادبوون بە خەون و خەیاڵێكی زۆرەوە دەچێتە بیقاع و پەیوەندی بە ریزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە دەكات، بەڵام لەوێ رووبەڕووی ئەشكەنجەیەكی زۆر سەختتر لە زیندانەكانی رژێمی ئەودەمی توركیا، دەبێتەوە.

كتێبی (ئایەتەكانی ئاپۆ) بە هزرێکی ڕەخنەگرانە و بەبێ ترس و سڵەمینەوە دۆخی تاریکی دیکتاتۆری و ئەقڵیەتی تاکڕەهندیی دەزگای سەرکردایەتیی (ئاپۆ) دەداتە بەر نەشتەری ڕەخنە و بە وردی پەنجەی خستووەتە سەر زوڵمەت و تاریکیی هزرێکی ڕەش و ئەندێشەیەکی پاوازنخوازی خۆ بەخودازان لەنێو ئەو بزووتنەوە چەكداریەدا.

هەر خوێنەرێكی كورد لە هەر بەشێكی كوردستانی مەزن، ئەم كتێبە بخوێنێتەوە، كە بە شێوازێكی زۆر تایبەت و راستگۆیانە و بوێرانە نووسراوە، لەو راستیە تێدەگات، كە ئامانجی رابەرانی پەكەكە نە لەگەڵ ئەو خەباتگێڕە كوردستانپەروەرانەدا یەك دەگرێتەوە كە بە رۆحێكی ئازادیخوازانەی كوردانە چوونەتە نێو ریزی ئەو حزبەوە، نە لەگەڵ خەون و ئامانجی كوردانی ئازادیخوازی باكووری كوردستان یەك دەگرێتەوە.

کتێبی (ئایەتەکانی ئاپۆ) ڕووی ڕاستەقینەی ئەو جەنەتە خەیاڵییەیە کە گوایە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی باکووری کوردستانی لە ئەستۆیە. ڕاستیی سیما و دەروونی ڕێبەرێکمان بۆ وێنا دەکات، کە هەموو دەنگە جیاوازەکان کپ دەکات، هەموو سیما ناسراوەکان دەشێوێنێت، ناوەکان دەسڕێتەوە و خۆی بە پێغەمبەر و لووتکە دەزانێت و دەوروبەر بە کۆیلە و مێگەل و بەندەی فەرمانبەر.

ئەو باس لە ناوەڕۆکی ئەو (ئایەتانەی رابەر!) دەکات کە لادان لێیان بڤەیە و بە کوفر لەقەڵەم دەدرێت. ئەو بۆیە مرۆڤەکانی دەوروبەر بە سووک و بچووک و هیچ دەزانێت، بۆ ئەوەی خۆی بگاتە تەشقی ئاسمان و بەرز و بەرزتر ببێتەوە و لەوێوە ڕۆحێکی لیخن و ئاخنراو بە بوغز و ڕق و کینە بێنێتە بەرهەم کە هەرچی ئەو دەیڵێت، هەر ئەوەیە و هەموو ڕاستی و هەقیقەتەکان لەلای ئەوەوە سەرچاوەیان گرتووە، بۆیە لە دیدی ئەوانەوە شۆڕش و خەبات واتە ئایەتەکانی ئاپۆ و سەرلەبەری ژیان و ئازادی، لەپێناو سەربەرزیی ئەودایە و بێ بوونی ئەو ژیان و شۆڕش داماڵراوە لە مانا.

چونکە (خودا!) و سەرکردەی ئەو ڕێگەیە پێی وایە: "ئەوان بەندەن و من خودا، ئەوان کۆیلەن و من ئەفەندی، ئەوان شوێنکەوتە و من پادشا، ئەوان ماستاوچی و من سوڵتان، لە هیچ شوێنێکی جیهان، خودا و بەندە، کۆیلە و ئەفەندی، شوێنکەوتە و پادشا، ماستاوچی و سوڵتان، پەیوەندیی هەڤاڵەتی لەنێوانیاندا بینراوە؟ نەخێر! پەیوەندیی نێوان خودا و بەندە و ئەفەندیش وایە، خودا دەفەرموێت و بەندە دەڵێت (ئامین)، پەیوەندیی نێوان کۆیلە و سوڵتان؟ پەیوەندییەکانی منیش وایە".

بۆیە گورداڵ ئاکسۆی، لە پێشەکییەکدا کە بۆ ئەم کتێبەی نووسیوە لە سەرەتادا دەڵێت: "هەندێک پەرتووک هەن، مەنزڵگایان درێژە، تەنیا بۆ ئەو سەردەمە نا لێی نووسراوە، بەڵکوو چرا بۆ ڕابردوو و داهاتووش ڕادەگرن و ڕۆشنی دەکەنەوە. (ئایەتەکانی ئاپۆ) ئەو ئەرکەی هەیە. تەنانەت ئەو ڕێکخراو و ڕووناکبیرانەی ساڵانێک لەمەوبەر لە دەرەوەی پەکەکە بە هێزی ڕاکێشانی شەڕکردنی گەریلا، کاتێک کە بەگشتی هەموو لایەک چاویان بڕیوەتە ژمارەی ئەو فیشەکانەی دەتەقێندرێن، (سەلیم چوروککایا) لەنێو ئەو هەورە تۆزاوییە هاتە دەرەوە و ئازایانە ڕاستییەکانی دواوەی باس کرد. بەوەش نەوەستا، هەوڵی دەدا ئەو ڕووداوە (ڕوون و ئاشکرایانە) بە لایەنە جیاکانیانەوە شی بکاتەوە".

لە درێژەدا دەنووسێت: "بۆیە (ئایەتەکانی ئاپۆ) تەنها پەرتووکێکی بیرەوەری نییە. تەنها بە بەڵگەیەکی مێژووییش داناندرێت، چونکە ئەو هەرچەندە لەژێر دۆخێکی گرانیشدا بووبێت، زۆر شوێنپێی هەر لە سایکۆلۆژییەوە بگرە تا سۆسیۆلۆژی و زۆر دیسیپلینی دیکەش لەخۆ دەگرێت. بە جۆرێک کە بە (هاوشان) لەگەڵ رووداوە تراژیدیاییەکان، لێرەدا هەندێک جار ڕووبەڕووی شیکردنەوەی دروستی نوکتەئامێزی دیکتاتۆریەت و ماستاوچییەکان دەبینەوە".

لە بەشێکی دیکەدا گوداڵ ئاکسۆی نووسیویە: "بابەتی سەرەکیی کتێبەکە، خەباتی نەتەوەیی کورد لە باکووری کوردستان بە پێچکردنەوە بۆ تاکتیکێکی شەڕی نێوان تورکیا و سووریا و ئەو پەیوەندییە نادیموکراسییەی لەنێو پەکەکەدا خوڵقێندراوە. عەبدوڵا ئۆجەلان بەپێی ئەوەی فەرمانبەری ئەو تاکتیکەیە نەشکاندن و تێنەپەڕاندنی قەبارەی (سووکە شەڕە)، بەند بوو بە خواستی بێ سنووری ئەوەوە. بۆیە بۆ یارمەتیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هێزە داگیرکەرەکان، بۆیە لە ئەنجامی کاریگەرییە بکەری و کارلێکراوییەکاندا بە تێپەڕبوونی کات، پاشایەتییەکی زاڵم دامەزرابوو، وەک کەسایەتیش ئەوەی کە خۆی ئارەزووی ئەو دۆخەی دەکرد، بەم هێزە بێسنوورە ڕێگری لە بەدامەزراوەبوونی خەباتی دژ بە داگیرکەری دەکرد، بڕوا و ئیرادەی خەباتی نەتەوەییش کە لە بەرەوپێشچووندا بوو، پارچە پارچەی کردن لەکای خستن".

لە ئەڵقەکانی داهاتووی ئەم باسەدا بە وردی ڕۆ دەچینە ناو بابەت و ناوەڕۆکی کتێبی (ئایەتەکانی ئاپۆ) و چەند ڕەهەندێکی دیوی راستەقینەی ئەو تاریکخانە ترسناکە دەخەینە ڕوو کە نووسەر خۆی لە نزیکەوە دیویە و ئەزموونی کردووە.