كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

٢٨ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی سیواسدا تێپەڕ دەبێت

  ٣٣شاعیر و نووسەر سووتێندران

٢٨ ساڵ بەسەر كۆمەڵكووژی سیواسدا تێپەر دەبێت، توركیا هەموو ساڵێك لە ٢ی تەمووزدا كە ساڵیادی ئەو كۆمەڵكووژییەیە یادیان دەكاتەوە و وێنەی شەهیدەكان بڵاو دەكەنەوە، كە بە دەستی ئیسلامییە توندڕەوەكان سووتێندران.

لەو كۆمەڵكووژییەدا ٣٣ نووسەر و شاعیر و رۆژنامەنووس سووتێندران، هەروەها دوو كارمەندی هۆتێلی (مادیماك)یش سووتان و دوو خۆپیشاندریش بە هەمان شێوە لە كاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو هۆتێلەكە سووتان.

عەزیز نەسین نووسەری گەورەی توركیا، یەكێك بووە لەو كەسانەی لەناو ئەو هۆتێلەدا بووە و لەگەڵ نووسەراندا بەشداری رێوڕەسمی (پیر سوڵتان عەبداڵ) بووە، كە ویستوویانە چەند چالاكییەك ئەنجام بدەن، هەروەها ویستوویەتی كتێبێ (ئایەتە شەیتانییەكان)ی سەلمان روشدی بناسێنێت، بەڵام كاتێك ئیسلامییە توندڕەوەكان بە خۆپیشاندان پەلاماری ئەو هۆتێلەیان دا، هەموو نووسەر و رۆژنامەنووسەكانیان سووتاند، نەسین بە برینداری رزگاری بوو و پاشان بووە شایەتحاڵی راستەقینەی ئەو رووداوە.

بەهانەی ئەو خۆپیشاندەرەانە ئەوە بوو، ئەو نووسەرانە دەیانەوێت كوفر بڵاو بكەنەوە، بۆیە شایەنی ئەوەن بسووتێندرێن.

نەسین تازە كتێبی (ئایەتە شەیتانییەكان) نووسەری هیندی - بەریتانی سەلمان روشدی وەرگێڕابووە سەر زمانی توركی، لە توركیاش رێگەیان نەدەدا كتێبەكە بڵاو ببێتەوە، بەڵام ئەو داكۆكی لە بڵاوكردنەوەی دەكرد، بۆیە دەنگۆ هەیە پیلانەكە بۆ سووتاندنی نەسین بووبێت.

عەزیز نەسین دوای رزگاربوونی لەو كۆمەڵكوژییە لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ بەشی تورکیی ئاژانسی (BBC) پشتڕاستی دەكاتەوە كە مەبەستیان سووتاندنی ئەو بووە.

ئەو دەڵێت: "كتێبەكەی سەلمان روشدی بۆ چەند زمانێكی دونیا وەرگێردرابوو، منیش كردمە توركی و پاشان قەدەغە كرا، بەهۆی ئەوەی دژی هەموو قەدەغەكردنێكی كتێبم، بۆیە داكۆكیم لە بڵاوكردنەوەی كرد و بڵاویشم كردەوە. بەداخەوە بیر رەشەكان بەو شێوەیە وەڵامیان داینەوە".

لە بەشێكی تری دیمانەكەدا نەسین دەڵێت توركیا خۆی پێ وڵاتێكی سیكۆلارە، بەڵام سیكۆلار نییە و تەواو ئیسلامییە، چونكە ئێمە لەو بڕوایەدا بووین، كە ئەگەر خۆپیشاندەر بێنە سەریشمان ئێمە لە لایەن دەوڵەتەوە پارێزراوین، چونكە سیستەمی سیاسیی توركیا سیكۆلارە، بەڵام دەركەوت ئێمە هەڵە بووین لەو ڕووەوە.

كۆمەڵكوژیی سیواس، لە ٢ی٧ی١٩٩٣ کرا، تاكوو ئێستا هیچ كەسێك لەسەر ئەو تاوانە دەستگیر نەكراوە، ئەگەرچی بكەرەكانیش وەكوو خۆپیشاندەر سیمایان بە جوانی لە ڤیدیۆكاندا دەركەوتووە و بەشێكیشیان شمشێریان بەدەستەوەیە.