ڕۆژنامەی (كەیھان) لێی تێكچووە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 01/07/2021

ڕۆژنامەی (كەیھان) لێی تێكچووە!

رۆژنامەی (کەیهان)ی ئێرانی لە ژمارەی ڕۆژی 29– 6 هەواڵێکی بڵاو کردووەتەوە کە گوایا: ”لە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بارەگایەکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل لە شاری هەولێر، چەند کارمەندێکی ئەو دەزگایە کوژراون!“ ھەرچەندە لە وەڵامێكی كورتدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەم ھەواڵەی ڕەت كردووەتەوە، بەڵام وەك ھاووڵاتیەكی كوردستان بە مافی خۆمی دەزانم لەسەر ئەو بابەتەی ڕۆژنامەی (كەیھان)، تەنیا ڕوو لەو ڕۆژنامەیە بكەم و پێیان بڵێم:

1- ئەی كوڕە باشەكانی ڕۆژنامەی كەیھان، ئێوە لێتان تێكچووە، دەزگای ھەواڵگریی ئیسرائیل بارەگای لە ھەولێر نیە، ئەو دەزگایە بنكە و بارەگای زۆر نزیكە لە خۆتان و ھەتا ئێستاش توانیویانە چەندین كار دژی ئەمنی قەومیی وڵاتەكەتان بكەن. لەخۆمەوە وا ناڵێم، فەرموون بچنەوە سەر لێدوانەكانی مەحموود ئەحمەدی نەژاد كە لە مانگی 6ی ئەمساڵدا و پێش بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ئێران گوتی: ”ئەو كەسەی كە لەناو وەزارەتی ھەواڵگریی ئێراندا بەرپرسی دۆسێی مامەڵەكردنە لەگەڵ سیخووڕەكانی ئیسرائیل، ئەو كەسە خۆی سیخووڕی ئیسرائیلە!“.

خۆ ئێوەی ڕۆژنامەنووسی (كەیھان)، دەبێ ئەوەش بزانن كە مەحموود ئەحمەدی نەژاد كەسێكی بێئاگا نیە، چونكە ئەم پیاوە دوو دەورەی لەسەر یەك و بۆ ماوەی هەشت ساڵ، لە 3– 5– 2005 ھەتا 15 – 6 – 2013 سەركۆماری ئێران بووە و بە حوكمی پێگەكەی، ئاگاداری زۆر نھێنی و زۆر كەین و بەینی ناو ئێران و داوودەزگاكانی دەوڵەتی ئێرانە.

2- ئەی كوڕە باشەكانی ڕۆژنامەی (كەیھان)، ئێوە لێتان تێكچووە، دەزگای ھەواڵگریی ئیسرائیل بارەگای لە ھەولێر نیە، ئەو دەزگایە بنكە و بارەگای زۆر نزیكە لە خۆتان، فەرموون دیسانەوە ھەر بچنەوە سەر قسەكانی مەحموود ئەحمەدی نەژاد كە ھەر لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا و سەبارەت بە كوشتنی موحسین فەخری زادەی زانا ئەتۆمیە بەناوبانگەكەی ئێران، لە مانگی 11ی ساڵی 2020دا و لە لایەن ئیسرائیلەوە و لە ناوجەرگەی ئێراندا، گوتی: ”بە وەزیری ھەواڵگریی ئێرانم گوتووە، ئەوە كارێكی پووچە كە دەچن لەسەر كوشتنی ئەو زانا ئەتۆمیە، تەنیا یەك كەس دەگرن و دەیھێننە سەر شاشەی تی ڤیەكان و دەڵێن ئا ئەمە ئەو زانا ئەتۆمیەی ئێمەی كوشتووە، بۆیە ئەم كارەی ئێوەش پووچە، چونكە ئەو جۆرە كوشتنەی ئەو جۆرە كەسانە بە تۆڕێكی 50 كەسی ئینجا دەتوانرێت بكرێت“، ئێ باشە ئەی كوڕە نازدارەكانی ڕۆژنامەی (كەیھان) ئایا بۆ ئێوە باشتر نەبوو وەك ڕۆژنامەنووس بچن بە شوێن ئەو 49 كەسەی تری ئیسرائیلدا بگەڕێن و بزانن ئەوان ئێستا بنكە و ھەواریان لە كوێ ھەڵداوە؟

3- ئەی كوڕە باشەكانی ڕۆژنامەی (كەیھان)، ئێوە لێتان تێكچووە، دەزگای ھەواڵگریی ئیسرائیل بارەگای لە ھەولێر نیە، ئەو دەزگایە بنكە و بارەگای زۆر نزیكە لە خۆتان، فەرموون بچنەوە سەر قسەكانی سەرۆكی پێشووتری دەزگای ھەواڵگریی ئیسرائیل (یۆسی كۆھین) سەبارەت بە دزینی ئەرشیفی بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران لە ساڵی 2018 كە ئەمیش ھەر لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا گوتی: ”لە یەك شەودا توانیومانە دەست بەسەر 500 كیلۆ بەڵگە، 55 ھەزار بەڵگەنامەی تایبەت بە ئەرشیفی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێراندا بگرین و بیگوێزینەوە بۆ ئیسرائیل، ئەوانەشی ئەم كارەیان بۆ كردووین تۆڕێكی 20 كەسی بوون و ھەموویشیان سەلامەتن، ھەندێكیان ئێرانیان بەجێ هێشتووە“.

جا ورد سەرنج لەو قسەیەی یۆسی كۆھین بدەن كە دەڵێت: ”ھەندێكیان ئێرانیان بەجێ ھێشتووە“ كەواتە ھەندێكیان ھەر لەناو ئێراندا ماون! جا ئەی كوڕە باشەكانی ڕۆژنامەی (كەیھان) ئایا بۆ ئێوە وەك ڕۆژنامەنووس باشتر نەبوو كە بچن بە شوێن ئەو ژمارە سیخووڕەی ئیسرائیلدا بگەڕێن كە ئەرشیفی بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێرانی بۆ ئیسرائیل گواستووەتەوە و ھێشتا لەناو ئێرانیشدا ماون؟ ئایا بۆ ئێوە باشتر نەبوو كە لەجیاتی بوختانكردن بۆ ھەولێرێكی سەلامەت بۆ گشت دەرودراوسێكانی و رێزگر لە دەوڵەتە دراوسێكانی، بچن و بزانن ئەو سیخووڕانەی تری ئیسرائیل كە ھێشتا لە ناوجەرگەی خۆتاندان، لە كوێی ئێران بنكە و بارەگا و ھەواریان ھەڵداوە و دەیانەوێت چیی تر بۆ ئیسرائیل بكەن؟