لە گوتەبێژەكەیانەوە بیانناسن كە چ ماڵێكن!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 30/06/2021

لە گوتەبێژەكەیانەوە بیانناسن كە چ ماڵێكن!

كاتێك سەرۆكوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 بڕیاری ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ ھەرێمی كوردستان دەدات، یەكێك لە ھاوسەرۆكانی یەكێتی خۆی دەكات بە پاڵەوانی دەركردنی ئەو بڕیارە لە لایەن سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە، ئنجا ڕاگەیاندنەكانی دەوروبەری وەك قەومی قاز و بەیەكەوە و بە یەك دەنگ و یەك نەغمە و بە كۆرس دەقیڕێنن و دەڵێن ئەو بڕیارەی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەنجامی سەردانی پێشتری ھاوسەرۆك بووە بۆ بەغدا.

گوتیان: ئەگەر ئەم سەردانەی جەنابی هاوسەرۆك نەبوایە، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەو بڕیارەی نەدەدا، بۆیە ئەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان لە ڕاستیدا ئەم 200 ملیار دینارەی كە سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە مانگانە بۆ ھەرێمی كوردستانی بنێرێت، ئەوە ھەوڵ و ھیممەتی ھاوسەرۆكە و ئەمەتان بیر نەچێت بۆ كاتی ھەڵبژاردنەكان، بۆ ئەوەی دەنگ بە ھەوادارانی یاشێخی سەرۆكی ھاوپەیمانی بدەن كە ئێستا خۆیان ناویان لەم ھاوپەیمانیە ناوە چەتر، یەعنی ھاوپەیمانیی چەتر!

بەڵام بۆ ئەوەی كە نیاز و سیاسەتی ئەو گرووپە بناسن، وەرن سەیری ڕوونكردنەوەی وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بكەن و ئیتر لێرەوە بیانناسن و بزانن ئەمانە بەڕاستی چ ماڵێكن، بزانن ئەم گوتەبێژە چۆن دڵخۆشە بەوەی كە جارێ وەزیری دارایی عێراق خەرجكردنی ئەو 200 ملیار دینار مانگانەیەی بۆ ھەرێمی كوردستان ڕاگرتووە.

ئەم وتەبێژە ئەنتیكەیە دەڵێت: ”عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق، وەک بەشداربوویەكی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران كە بڕیاری ناردنی 200 ملیارەكەی بۆ ھەرێم تیا دراوە، بۆی باس کردم، بەبێ دەنگدانی وەزیری دارایی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ دراوە بە ناردنی ٢٠٠ ملیار دینار مانگانە، هەتا ئەو کاتەی هەرێم فەقەرەکانی یاسای بودجە جێبەجێ دەکات، بە شێوەی مقاسە بدرێ و دواتر حەق و حساب بکەن“. ھەر ئەم گوتەبێژە دەشڵێت: ”هاوپه‌یمانیی‌ سائیروون و مسته‌فا کازمی پەلەپروزەی هەڵبژاردنی پێشوەختیانە، بە حساب نایانەوێ کێشەیان هەبێ و بۆ ئەمە چاوپۆشی دەکەن“.

بەشی یەكەمی قسەكان، گوایە ھی وەزیری دارایی عێراقە كە بەو گوتەبێژەی گوتووە، بەڵام بەشی دووەمی قسەكان واتە: ”هاوپه‌یمانیی‌ سائیروون و مسته‌فا کازمی پەلەپروزەی هەڵبژاردنی پێشوەختیانە، بە حساب نایانەوێ کێشەیان هەبێ و بۆ ئەمە چاوپۆشی دەکەن!“ ئەمەیان ھی وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتیە لە پەرلەمانی عێراق و ئیتر لەم دێڕەدا نیازی ڕاستەقینەی ئەو گرووپەی یەكێتی لە بەرامبەر ھەرێمی كوردستان دەردەكەوێت، چونكە لەم دێڕەدا زۆر باش ئەوە دەردەكەوێت كە ئەم وتەبێژەی ھاوسەرۆك ڕایان لەگەڵ ڕای وەزیری دارایی عێراقە كە جارێ خەرجكردنی 200 ملیار دینارەكەی بۆ ھەرێمی كوردستان ڕاگرتووە.

باشە چۆن ئەمە بسەلمێنین؟ ئەمە ھەر لەناو ئەو دێڕەی گوتەبێژدا دەسەلمێنرێت كە ھێرشی كردووەتە سەر ھاوپەیمانیی سائیروون و مستەفا كازمی و دەڵێت: ”هاوپه‌یمانیی‌ سائیروون و مسته‌فا کازمی پەلەپروزەی هەڵبژاردنی پێشوەختیانە، بە حساب نایانەوێ کێشەیان هەبێ و بۆ ئەمە چاوپۆشی دەکەن“ واتە ئەم گوتەبێژەی گرووپەكەی یاشێخی ھاوسەرۆك دژی ئەوەیە كە ئەو 200 ملیار دینارە بۆ ھەرێم بنێردرێت، چونكە ئەوانەی دەیانەوێت ئەو 200 ملیار دینارە بۆ ھەرێمی كوردستان بنێرن، ھاوپەیمانیی سائیروون و مستەفا كازمین و ئەمانەش پەلەپڕوزێی ھەڵبژاردنیانە، بۆیە دەیانەوێت چاوپۆشی لە ھەرێمی كوردستان بكەن و ھەرچۆنیك بووە 200 ملیار دینار مانگانەكە بۆ ھەرێمی كوردستان بنێرن!

دیسان واتە ئەم وتەبێژەی گرووپی ھاوسەرۆك، دەڵێت پەلە مەكەن لە ناردنی ئەو 200 ملیار دینار مانگانەیە بۆ ھەرێم، ھەتا ھەرێمی كوردستان تەسلیم بە بەغدا دەبێت! ئیتر ئەم وتەبێژە ئەوەی بیر چووەتەوە كە ھەرێمی كوردستان خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەر چۆكی پێ دانەدا و تەسلیم نەبوو، ئێستا چۆن بۆ 200 ملیار دیناری مانگانە تەسلیم دەبێت؟

ھەر ئەم وتەبێژە چەند ڕۆژێك پێشتر ھەمان فەرماییشتی فەرموو گوتی: ”ھاوپەیمانیی سائیروون و كازمی، پەلەی ھەڵبژاردنیانە بۆیە دەیانەوێت ھەرچۆنێك بێت دڵی ھەرێم ڕازی بكەن و 200 ملیار دیناری مانگانەی بۆ بنێرن“، ئەو كاتە من وام دەزانی ئەم گوتەبێژە ھەڵەی كردووە و زمانی تەتەڵەی كردووە، بۆیە گوێم نەدایە، بەڵام وا ئێستا ھەمان فەرماییشت دووبارە دەكاتەوە، كەواتە ئەمە ھەڵە و تەتەڵەكردنی زمان نیە، بەڵكوو نەناردنی ئەم 200 ملیار دینارە بۆ ھەرێم، حەز و سیاسەتی ڕاستەقینەی گرووپەكەی ھاوسەرۆكیانە!