ئەی سەردەمی كوتانەوەی دەموچاوی خۆت لە سلێمانی چ سەردەمێك بوو؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 29/06/2021

ئەی سەردەمی كوتانەوەی دەموچاوی خۆت لە سلێمانی چ سەردەمێك بوو؟

ڕێبین ھەردی، لەو سلێمانیەوە لەناو بەرگریكردن لە پێنج سیخوورەكە، دیسانەوە ڕقی خۆی بە چەند وشەیەكی ئینشائی بەرامبەر بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەرخستەوە و لە فەرماییشتێكیدا دەڵێت: ”ئەم حكوومەتەی ئێستای ھەرێمی كوردستان، بۆ ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی ڕۆژنامەنووسی، تاریكترین و ڕەشترین حكوومەتە“! ڕێبین لێرەدا پێنج سیخووڕەكەی سەر بە ئەبوو شەعبۆی پەكەكە بۆ ھێرشكردنە سەر داوودەزگا ئیداری و حكوومی و دادوەرییەكان بە (ڕۆژنامەنووس!) دەزانێت. جا چونكە تەنیا لە ڕقەوە قسە دەكات و ڕق بووەتە تارماییەكی خەست و بەرچاوی گرتووە و كاریگەرییشی لە ھۆش و بیرەوەرییەكانی كردووە، ئیتر:

1- ھەر ئەم ڕێبین هەردییە، ئاگای لەوە نەماوە و باسی ئەوە ناكات كە لە ساڵی 2011 و ئەو كاتەی لە یەكێك لە گردەكانی سلێمانی كاری ڕاوێژكاریی بۆ ئۆپۆزسیۆن دەكرد، بەڵام ڕۆژێك لەگەڵ ھەندێك كەسی تر ھاتنە بەردەم دادگای سلێمانی و ھێمنانەش ناڕەزاییان دەربڕی، ھێزێكی ئەمنی بۆی ھاتن و فڕێیان دایە ناو ئۆتۆمۆبێلێكەوە و لەبەردەم دادگای سلێمانیەوە و ھەتا زیندانەكانی ناو سەربازگەی سەلام و بەدرێژایی 20 كیلۆمەتر، بە شەش حەوت كەسی ئەو ھێزە ئەمنیانە دەموچاویان كوتایەوە و ھەموو دەموچاویان شین و مۆر كردەوە، جا ڕێبین پێمان ناڵێت ئەی ئەو سەردەمەی كوتانەوە و شین و مۆركردنەوەی دەموچاوی خۆی لە سلێمانی، چ سەردەمێك بوو؟ سەردەمێكی ڕەش بوو یان ھەر وەك ڕەنگی دەموچاوی خۆی دوای لێدان و كوتانەوە، سەردەمێكی شین و مۆر بوو؟

2 - ھەر ئەم ڕێبینە ئاگای لەوە نەماوە و بیری چووەتەوە كە ھەر لەو كاتانەی ئەو لەسەر یەكێك لە گردەكانی سلێمانیەوە كاری ڕاوێژكاریی بۆ ئۆپۆزسیۆن دەكرد، خاوەنی ئەم وتارە ھەر تەنیا لەسەر نووسین و لە ماوەی چوار ساڵ و هەشت مانگی كاری رۆژنامەنووسیی خۆمدا، تەنیا بۆ ئیزعاجكردن و شەڕی دەروونی و ماندووكردنم و بۆ وازھێنان لە نووسین، 27 سكاڵای یاسایی لەلایەن ئەو ئۆپۆزسیۆنانەوە لەدژی من تۆمار كران و دوو سێ جاریش ھەوڵی ڕفاندن و لێدانم دراوە، بەڵام شكستخواردوو بوون و جارێكیش ئەگەر فریا نەكەوتمایە، لەلایەن چەورە و گەجەر و گوجەرەكانی خۆیانەوە نووكە چەقۆیەكیان لە تەوقی سەرمدا نغرۆ دەكرد.

ئەوە بێجگە لەوەی كە جارێكیش ھەر تەنیا لەسەر نووسین و بۆ بەدەمەوەچوونی یەكێك لەو سكاڵایانەی كە لە دژی من تۆمار كرابوو، چووبوومەوە بۆ سلێمانی، بەڵام ڕۆژێك پێشتر و بۆ ئێوارەكەی ئەو ھێزەی كە پێی دەڵێن ھێزە جل ڕەشەكان، بە خۆیان و ئۆتۆمۆبێلێكی فۆردی ئەمەریكی و مێك زەمینیەكی سەربازییەوە كە ھەردووكیان پڕ بوون لە چەكدار، چواردەوریان گرتم بۆ ئەوەی دەستگیرم بكەن، ھەروەك ئەوەی چواردەوری ئوسامە بن لادن بگرن! تەبعەن ئەوەش ھەر لەسەر سكاڵای ئەو ئۆپۆزسیۆنانە بوو كە ئەو كاتە ڕێبین ڕاوێژكاریان بوو و داوای ئازادییان بۆ ھەرێمی كوردستان دەكرد!

بەڵام ئێستا ڕێبین هەردی پێمان ناڵێت ئایا ئەو سەردەمەی سلێمانی بۆ نووسەر و ڕۆژنامەنووسان لە سلێمانی چ سەردەمێك بوو؟ ئایا ئەو سەردەمە ناو بنێین سەردەمی تۆماركردنی 27 سكاڵا لەسەر نووسەرێكی ڕۆژنامەنووس و سەردەمی چواردەور گرتنی نووسەر و ڕۆژنامەنووس بە مێك زەمینی و فۆردی پڕ چەكداری جل ڕەش؟! یان ڕێبین خۆی ناوێكی تر بۆ ئەو سەردەمە دەدۆزێتەوە كە لانی كەم شاییستە بێت بە شین و مۆركردنەوەی دەموچاوی خۆی و چواردەورگرتنی من لەلایەن نزیكەی 30 چەكداری جل ڕەشەكان بە فۆردی ئەمەریكی و مێك زەمینیەوە؟