له دیدارمدا له‌گه‌ڵ سیناتۆر كه‌ڤین كره‌یمه‌ر، ئه‌ندامی لێژنه‌ی هێزه چه‌كداره‌كان، هه‌روه‌ها سیناتۆر كریس ڤان هۆڵن، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی پەیوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه، باسمان له پەیوه‌ندییه‌كانی كوردستان و ئه‌مریكا و دووره دیمه‌نی سیاسه‌تی ئه‌مریكا له پانتایی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا كرد.
سیناتۆر كه‌ڤین به پێداگرییه‌وه باسی له‌وه كرد به‌ده‌وام هه‌وڵ بۆ پته‌وتر كردنی پەیوه‌ندییه‌كانی كوردستان و ئه‌مریكا ده‌دات و له‌م به‌ستێنه‌دا دووپاتی كرده‌وه نابێ ئه‌مریكا باشترین و به‌وه‌فاترین دۆستی خۆی واته كورد له ناوچه‌كه به ته‌نیا بێڵێته‌وه‌و هاوكات ده‌بێ واشنگتن له‌سه‌ر پشتیوانی و ڕاهێنانی پێشمه‌رگه وه‌كوو هێزه‌كی ئازا‌و دژه تیرۆر به‌رده‌وام بێ و له‌م باره‌وه ئه‌مریكا ده‌شێ یارمه‌تییه مادی و مه‌عنه‌وییه‌كانی خۆی بۆ پێشمه‌رگه په‌ره پێبدات.
داوام له سیناتۆر كرد سه‌ردانی كوردستان بكات و له نزیكه‌وه له پێویستییه‌كانی پێشمه‌رگه بكۆڵێته‌وه، جه‌نابیان له‌م به‌ستێنه‌دا داوای كرد ئه‌گه‌ر هه‌له‌كه بۆ گەشتكردن ره‌خسا ئه‌وا پێكه‌وه گەشتی كوردستان بكه‌ین.
له لایه‌كی دیكه‌وه، له‌گه‌ڵ سیناتۆر ڤان باسمان له له‌شكركێشییه‌كانی توركیا بۆسه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان كرد، سیناتۆر ڤان له قسه‌كانی دا په‌رژایه سه‌ر ئه‌و راستییه كه نابێ جارێكی دیكه پشت له هاوپه‌یمانه كورده‌كان له ناوچه‌كه بكرێ و هه‌روه‌ها ده‌بێ واشنتۆن رێگری بكات له‌وه‌ی جارێكی دیكه توركیا په‌لاماری كورده‌كانی رۆژئاوا بدات.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانماندا باسمان له داخستنی ئۆفیسه‌كانی كوردستان24 له كۆبانی و قامیشلۆ كرد، هه‌ر دوو سیناتۆری كۆماری و دیموكرات له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوون دیموكراسی به بێ رێزگرتن له رۆژنامه‌وانان و ده‌ستبه‌ركردنی ئازادی راگه‌یاندن مسۆگه‌ر نابێ و پێشناكه‌وێ.
داوام له سیناتۆرەکان كرد گوشار بخه‌نه سه‌ر به‌رێوه‌به‌رایه‌تی رۆژئاوای كوردستان بۆ ئه‌وی رێز له ئازادی كاری راگه‌یاندن بگرێ و هه‌روه‌ها به زووترین كات نووسینگه‌كانی كوردستان24 له رۆژئاوا بكرێنه‌وه، پێم گوتن كوردستان24 تریبوونی خه‌ڵك و گشت لایه‌نه‌كان بوه‌و هاواری خه‌ڵكی رۆژئاوا و رووداوه‌كانی شه‌ری دژه تیرۆری له ناوچه‌کە بۆ جیهان گواستۆته‌وه و میدیایه‌كی سه‌ربه‌خۆ و جێگای باوه‌ڕی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه.