سیخووڕیكردن، ئازادیی ڕادەربڕین نیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 28/06/2021

سیخووڕیكردن، ئازادیی ڕادەربڕین نیە

لەخۆمەوە و لەخۆڕایی بە بەشێك لەو كەسانە ناڵێم ”چالاكی بەچكەی ھەچەكە“ كە بەخۆیان دەڵێن چالاكوان، وەرن سەیر كەن:

دوای ئەوەی كە دەستەی سزایی 2ی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی كوردستان، بۆ دوایین جار و لە 20 – 6 كۆ بوونەتەوە و بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیکردنیان بۆ پێنج سیخووڕەكە پەسەند كردووە، ئێستا وا بڕیارە بەشێك لەو چالاكوانانە - كە من ناوم ناون چالاكی بەچكەی ھەچەكە - گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی دژی ئەو بڕیارەی دەستەی سزایی 2ی دادگای تەمییزی ھەرێمی كوردستان ڕێك بخەن.

گوایە ئەو پێنج سیخووڕە، چالاكوان بوون و ئەو سزایە نایاساییە و دادپەروەرانە نیە، ھەر لەو گردبوونەوەیەشدا بە نیازن داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ دەرکردنی لێبووردنی تایبەت بۆ ئەو پێنج سیخووڕە كە ئەو چالاكانەی بەچكەی ھەچەكە پێیان دەڵێن: ”چالاكوانانی بادینان“ بەكار بهێنێت.. ئینجا:

1- ئەوان زۆر باسی ڕای گشتی دەكەن، بەڵام با ھەر ئەو ڕای گشتییەی كە ئەوان مەبەستیانە سەیری ئەم چەند دێڕەی ناو بڕیاری دەستەی سزایی 2ی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی كوردستان بكەن كە خۆی بە ئەسڵ بە عەرەبی نووسراوە.

لە بەشێكی ئەو بڕیارەدا ھاتووە: ”سزادراوان لای دادوەری لێكۆڵینەوە و بە ئامادەبوونی پارێزەرەكەیان دانیان بەوەدا ناوە كە گرووپێكیان بە سەرۆكایەتیی تۆمەتبار (شێروان ئەمین تەمۆ) لەگەڵ ھەندێك كەسی تردا پێكھێناوە و مەبەست لە پێكھێنانی ئەم گرووپەش، ھێرشكردنە سەر دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی ھەرێمی كوردستان و تێكدانی ئاساییش و ئارامیی ھەرێم و كاری تێكدەرانە بووە دژی داوودەزگا حكوومی و ئیداری و دادوەریەكانی ھەرێم و ھەروەھا كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر كارمەندانی ئاساییش و زیندانەكانی ھەرێم و ھاوكاریكردنی كەسێكی پەكەكە بەناوی (ئەبوو شەعبۆ). ئەم دانپیانانەی تۆمەتبارانیش بە وێنەو تۆماری دەنگی و پارچە ڤیدیۆ و نامەگۆڕینەوەی نێوان ئەو تۆمەتبارانە لەڕێگەی فەیسبووك و ماسنجەر و بەڵگەی تری ناو دۆسێكە پاڵپشتی كراون و پشتڕاست كراونەتەوە، لەبەر ئەمانە و لە بڕیاری تەمیزیی ژمارە 468ی دەستەی سزایی 2 لە 28-4– 2021 ھیچ ھەڵەیەك لە جێبەجێكردنی یاسادا ڕووی نەداوە ھەتا پێویست بە ڕاستكردنەوە بكات“.

ئینجا ئیتر كاتی ھەندێك پرسیارە: ئایا ئەو كارانەی تاوانباران كە لەناو ئەو بڕیارەی دەستەی سزایی 2ی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێم ئاماژەی پێ كراوە، دەچنە چوارچێوەی ڕادەربڕینەوە؟ ئایا سیخووڕیكردن و دروستكردنی گرووپ بۆ تێكدانی سەقامگیریی ھەرێم و كاری تێكدەرانە و ھێرشكردنە سەر داوودەزگا حكوومی و ئیداری و دادوەریەكانی ھەرێمی كوردستان، بەشێكن لە كاری ڕۆژنامەوانی و ئازادیی ڕادەربڕین؟ ئەی ئایا ئەو كارانە، كاری چالاكوانن؟ جا باشە ئەگەر ئەو كارانە كاری ڕۆژنامەنووس و چالاكوان بن، ئاخۆ دەبێ كاری گرووپە تیرۆریستی و گرووپە سیخووڕیەكان چی بێت؟

2 - پێدەچێت ئەو كەسانەی كە بەنیازن بە ناوی چالاكوانەوە گردبوونەوەی ناڕەزایی دژی ئەو بڕیارەی دادگا بكەن و لەو گردبوونەوەیەدا داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن دەسەڵاتە یاساییەكانی خۆی بۆ دەرکردنی لێبووردنی تایبەت بۆ ئەو پێنج سیخووڕە بەكار بھێنێت، ھەتا ئێستاش پێناسە و مانا و خەسڵەتە قانوونیەكانی لێبووردنی تایبەت نەزانن كە یەكێك لە خەسڵەتە گرنگەكانی لێبووردنی تایبەت ئەوەیە، تاوان ناسڕێتەوە واتە ئەگەر لێبووردنی تایبەتییش دەربچێت ئەو تاوانە لەڕووی قانوونیەوە ھەر بە پاشەڵ و ھەر بە تەوێڵی ئەو پێنج كەسەوە دەمێنێتەوە، چونكە لێبووردنی تایبەت تەنیا سزا دەگرێتەوە بە كەمكردنەوەی سزاكە بێت یان ھەڵگرتنی سزاكە، بەڵام تاوان لەسەر ئەو تاوانبارانە لانابرێت و ئەوان ھەر وەك تاوانبار دەمێننەوە.

3 - باشە پرسیارێكی تر لەو گوایە چالاكوانانەی كە بە نیازن گردبوونەوەی ناڕەزایی دژی ئەو بڕیارەی دادگا بكەن و لەوێدا داوا لە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بكەن كە دەسەڵاتە یاساییەكانی خۆی بەكار بھێنێت و لێبووردنی تایبەت بۆ ئەو پێنج تاوانبارە دەربكات: ئایا لێبووردن لە چی؟ ئێ خۆ دەبێت پێشتر تاوانێك ھەبێت ھەتا لەو تاوانە ببووریت، ئەگینا سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە چی ببووریت؟