ئێرە ئەولا نیە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 27/06/2021

ئێرە ئەولا نیە!

دوای ئەوەی دادگای پێداچوونەوە بۆ دوایین جار سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج سیخووڕەكە پەسەند كرد، دیسان ھەندێك لە ڕاگەیاندنە شەقوشڕەكان، بەتایبەتی ئەوانەی كە ھەرچیەكیان ھەبێت دەیفرۆشن تەنیا بۆ ئەوەی داوودەزگاكانی ھەرێمی كوردستان نەمێنێت، كەوتوونەتەوە بەیت و بالۆرەی ئەوەی كە ئەوانە ڕۆژنامەنووس و چالاكوان بوون و دەیانەوێت بە قورسایی خستنە سەر وشەكانی (چالاكوان و ڕۆژنامەنووس!) كاری سیخووڕیی ئەو پێنج كەسە بۆ پەكەكە لەبیر ئەو خەڵكە بەرنەوە كە پەكەكە پەلاماری ھەرێمەكەیان دەدات و پێشمەرگەیان لێ شەھید دەكات و باج و سەرانە لە جووتیاران و كاسبكارانی سەر سنوور دەستێنن و ھیچ قیمەتێك بۆ ھیچ داوودەزگایەكی ھەرێمی كوردستان دانانێن، تەنانەت ھیچ قیمەت بۆ ئەوانەش دانانێن كە كلكیان لەگەڵ گرێ داون و بوونەتە زەلیلی پەكەكە و دوو ھەڕەشەی دۆران كالكان و جەمیل بایك متیان دەكات.

ئینجاش ھەر ئەوان لەناو بڵاوكردنەوەی ھەواڵی پەسەندكردنی كۆتایی سزای شەش ساڵ بۆ ئەو پێنج سیخووڕە، ھاتوون وەك ئەوەی ھەولێر بترسێنن! دەڵێن سزاكە پەسەند كرا ھەرچەندە پێشتر سزادانی ئەوان لەڕووی نێودەوڵەتیەوە ناڕەزایی زۆری لێ كەوتەوە.. بەڵام:

1- حەقە ئەو زەلیل و كەسیفانە ئەو ڕاستیە بزانن ئێرە ئەولا نیە كە بە فەرمانی ئەفسەرێكی ھەواڵگریی ئەودیو سنوور، خەڵك تەسلیم بكرێتەوە، یان دادگایی بكرێت، یان خێرا كەیسەكەی بۆ دابخەن، ئێرە بواری سیخووڕیكردنی بۆ دژایەتیكردنی داوودەزگاكانی ھەرێمی كوردستان تیا نیە و ئەوەی دەیەوێت سیخووڕی بەسەر ھەرێمی كوردستانەوە بكات، دەتوانێت بچێت بۆ لای سیخووڕە گەورەكانی ئەولا!

2 - حەقە ئەو زەلیل و كەسیفانە ئەو ڕاستیە بزانن ئێرە ئەولا نیە، حەقە ئەوە بزانن كە لێرە نیشتمان و نەتەوە ھەیە و بەرژەوەندیی ئەم نیشتمان و نەتەوەیە، لەسەروو ھەموو بەرژەوەندیەكانی گشت دەوڵەتەكانە، ھەرچەند ئەو دەوڵەتانە بەھێزیش بن. ھیچ وڵاتێك، ھیچ دەوڵەتێك نیە لە دنیادا بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی خستبێتە دوای بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەتەوەیی دەوڵەتان و وڵاتانی ترەوە.

سیخووڕیكردن دژی دەوڵەت و نیشتمان و نەتەوەی خۆت، لە ھەموو شوێنێك تاوانە، خۆ ھێشتا یەك ھەفتە بەسەر سزادانی مریەم تەھای سیخووڕ تێنەپەڕیوە كە دادگای ویلایەتی مینیسۆتا لە ئەمەریكا سزای 23 ساڵ زیندانیكردنی بۆ ئەو ئەمەریكیە سیخووڕە دەركرد كە لە عێراق و لە پەنا كاری وەرگێڕیدا، سیخووڕیی بەسەر ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەكرد و زانیاریەكانی ناو سوپای ئەمەریكای لەڕێگەی كەسێكی لوبنانیەوە گواستووەتەوە بۆ حزبوڵای لوبنان.

لەگەڵ ئێوەمە ئەی ڕاگەیاندنە شەقوشڕەكان، ئەی چالاكانی! بێچووی ھەچەكە، ئەی ئەو كادرە حزبیانەی كە بە خۆتان دەڵێن ڕۆژنامەنووس! ئەی ئەو نووسەرانەی كە ھەر شەوە و لەسەر خوانی بەرپرسێكی حزبین، دەرسێك لە ئەمەریكا وەربگرن كە نموونەیەكی گەورەی سیستەمی سیاسیی دیموكراسی و ئازادیە، بەڵام ئەوە لە ھاووڵاتیەكی خۆیی قبووڵ ناكات كە لەژێر پەردەی كاری وەرگێڕیدا، سیخووڕی بەسەر وڵاتەكەیەوە بكات، بۆیە بڕیاری 23 ساڵ زیندانیكردنیشی بۆ دەردەكات، بەڵام ھیچ كەناڵێكی ڕاگەیاندنی ئەمەریكی بەو ھەموو ناكۆكی و ململانێیەشەوە كە لەگەڵ یەكتر ھەیانە، بەرگری لەو سیخووڕەی سەر وڵاتی خۆیان ناكەن و بە بیانووی پڕوپووچ دژی بڕیاری دادگا ناوەستن، دەزانن بۆچی؟ چونكە ئەوان بوون بە نەتەوە، بەڵام ئێمەی كورد بەشێكمان نەتەوەین بەڵام بەشەكەی تر با كەم و بچووكیش بن، زەلیل و كەسیف و بچووكی ئەوانی ترن، ئەوە بۆیە گوتم ئێرە ئەولا نیە!