كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەبار جەمال غەریب 27/06/2021

ژێرپێكەوتنی زمان

سەرەڕای گۆڕانی شێوازەكانی ڕاگەیاندن، زمان وەك كەرەستەی بنەڕەتیی دەربڕین و گوزارشت لەخۆكردن، وەك خۆی مایەوە. واتا هیچ دەربڕینێك لەدەرەوەی زمان نییە، ئامراز و ئامێری ڕاگەیاندن هەر شتێك بن، بەبێ زمان ناتوانن هیچ بگەیەنن.
خاڵی هاوبەشی یەكەم، ڕۆژنامە و دوا كەناڵ، یان لاپەڕەی ئەلیكترۆنیی زمانە، ئەوەی لەو نێوانەدا پێشدەكەوێت، یان شكست دەهێنێ، هەر زمانە.

ئەدەبیات و ڕاگەیاندن و زمان
- دەركەوتنی نووسین، داهێنانی ڕۆژنامە، تەكانێكی گەورەیان بە زمانی كوردی دا، لەسەر (زمان) زارەوە گواستیانەوە بۆ سەر كاغەز، ئەوەش لە چەند ڕوویەكەوە گرنگ بوو:
یەكەم: تا ئەو مێژووە زمان تەنیا لە كتێبدا دەنووسرایەوە، ئەوەش هەم سنووردار بوو، هەم بۆ گرووپێكی بچووك بوو. ڕۆژنامە نووسینی كردە پێویستیی هەموان، ئەو هەواڵانەی دەم بەدەم دەگوازرانەوە و دواتر لەبیر دەچوونەوە، ڕۆژنامە تۆماری كردن و تەمەنی ئەوەندەی تەمەنی نووسین درێژ كردنەوە.

دووەم: رۆژنامە سەرنجی زیاتری ڕۆشنبیر و ئەدیبانی ڕاكێشایە سەر یاسا و ڕێسا زمانییەكان و شێوازی نووسین. ڕستەی شیكتر كرد و وشەكانی پێناسە كردن و خستنیە شوێنی خۆیان.
تێبینی: لە كۆتایی بیستەكانی سەدەی ڕابردوودا، ڕۆژنامە لە باشووری كوردستان بە شێوەیەكی بەرجەستە دەركەوت، مێجەر سۆن لە ساڵی ١٩١٨ز بە هاوكاریی شوكری فەزڵی، زانای گەورەی كورد، ٦٧ ژمارەی لە ڕۆژنامەی (تێگەیشتنی ڕاستی)ی دەركرد، لە ساڵی ١٩٢٠ جگە لەوەی ڕۆژنامەكەی كردە (پێشكەوتن) و گواستیەوە بۆ سلێمانی، ١١٨ ژمارەی لێ دەرچوو، چاپخانەیەكیشی دامەزراند، كە ڕۆحی پێشكەوتنی نووسین و زمانە. هەر لەو ساڵانەدا هەوڵەكان لە دوو بواردا یەك خران.

زمانیش پێشكەوتنی گەورەی بە خۆیەوە دیت
١- چەند شارەزایەك بەگەرمی هەوڵی ئەوەیان دا بەرنامە و پرۆگرامێكی گونجاو بۆ فێركردنی نووسینی كوردی دانێن، كتێبیان بۆ قوتابخانەكان نووسی، ڕێسای تایبەتیان دانا.
٢- گەورە زانای كورد تۆفیق وەهبی و چەند زانایەكی دیكە، لە بواری چۆنیەتیی ڕێنووس و دانانی سیمبولی دەنگەكان و دەربڕینیان، داهێنانی گەورەیان تۆمار كردووە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كاری زۆریان لە دروستكردنی وشە و ڕیشەناسیی وشەدا كردووە. بەوە بناغەی پێشكەوتنی زمانی كوردییان دانا.

بۆ ماوەی سەد ساڵی تەواو پێشكەوتنی زمانی كورد بەهۆی نووسین و ڕۆژنامەوە لە نەشونومادا بوو، بە هەزاران كتێب نووسران و گۆڤار و ڕۆژنامەگەلی زۆر دەرچوون، شەڕی گەورەی هەموویان لەسەر پەرەپێدانی زمان و زمانی نووسین بوو. ڕێكەوتیش نییە، كە تاكە ڕادیۆی كوردی، كە لە یافا دادەنرێ، لە جەنگی دووەمی جیهاندا، مامۆستا گۆران بۆ سەرپەرشتی و كاركردن تێیدا بانگهێشت دەكرێ. ئەوەش. دەمانگێڕێتەوە سەرەتای دەستپێكردنی بیرۆكەی ئەم وتارە، كاریگەریی ئەدەبیات و نووسینە لەسەر ڕۆژنامەگەری و گەشەی زمان بەشێوەیەكی گشتی.

ڕۆژنامەگەریی كورد و پێستی نووسەران
لە سەرەتای دەركەوتنی ڕۆژنامەوە، نووسەر و ئەدیبان بە ئەركی خۆیان زانی و خۆبەخشانە دەستیان دایە كارەكە، لە پێست و ماندووبوونی خۆیان بە هەزاران كاتژمێر سەریان بەسەر لاپەڕە و وشەكاندا شۆڕ كردەوە. ئەوان لەوە دڵنیان بوون، سەرەڕای گەیاندنی هەواڵ و بابەتەكانی دیكەی ڕۆژنامە، سێ بابەتی گرنگ هەن، لەو ڕێگایەوە خزمەتی بكەن:

یەكەمیان: زمان.
دووەمیان: دیسانەوە زمان.
سێیەمیان: هەر زمان،
ئەوانیش گونجاوترین ئەزموون و كەسایەتییان هەبووە بۆ ئەو بوارە. ئەوە، تا ئەو كاتە بەردەوام بوو، كە ڕۆژنامەگەری لە ڕووی ئابوورییەوە تەنیا ماندووبوون و مەمرە و مەژی بوو.

بەكورتی
- تا ئەو كاتەی ڕۆژنامەگەری بەشێك بوو لە بەرگری لە نەتەوە.
- بەشێك بوو لە ڕۆشنبیری و زانیاری و داهێنان.
- تا ئەو كاتەی ڕۆژنامەگەری بەشێك بوو لە خزمەتكردنی زمان.
- ئامانجی سەرەكیی گەیاندنی زانیاری و كەمترین دەستكەوتی ماددی بوو.

لەو كاتەوەی پەیامی میدیای زەبەلاح گۆڕاوە:
- بووەتە پرۆژەی بازرگانی و بازاڕی ڕەش.
- بووەتە خۆ نماییشكردن و خۆبادان.
- مەبەست لێی تەنیا دەستكەوتی ماددییە.

هەر لەبەر ئەو هۆیانەی سەرەوە، هیچ دەزگایەكی میدیای زەبەلاح ئامادە نەبوو بۆ گەیاندنی پەیامەكەی پشت بە نووسەر و ئەدیبان ببەستێ. بەو بیانووەی ئەوان ئەتەكێت و دیكۆری ئەو جۆرە میدیایەیان نییە.
مەبەستی سەرەكیی میدیا ئێستا دیكۆری ڕووخسار و خۆبادانی بەتاڵە. هەر لەبەر ئەوەیە، كە خەڵكانێك بوونە پاڵەوانی شاشەكان، كە هیچ پەیوەندییان بە كتێب و خوێندنەوە نەبوو. هیچ قووڵییەكی مەعریفییان نییە، ئاگاداری پاشخانی ڕۆشنبیریی نەتەوەكەیان نین. لە ڕووی زمانەوە تەنیا ئەو چەند وشە ناتەواوە دەزانن، كە لە كۆڵانەكەیان بە هەڵە فێری بوون.

- هەر لەبەر ئەوەشە، بە سەدان وشەی سەقەت و دەربڕینی هەڵە بە لێشاو هاتنە ناو زمانی كوردییەوە. سەدان وشەی وەكوو (گوێبیست) و (هەستان بە كۆبوونەوە) و (ئەنجامدانی خوێندن) و (ئەسپی مێ) و (پار ساڵ) و دوێنێ كۆبوویەوە) و سەدان دەربڕینی سەقەتی تر هاتنە ناو زمانی كوردییەوە و بە ڕادەیەك هەتا ماسییشان بە ئاژەڵ ناو برد.

- كارەكە لێرە ناوەستێ و نەوەیەكی لەوان بێئاگاتر، ئەوە بە زمانی تەواو و بێ هەڵە دەزانێ و وەك تووتی لاسایی ڕاگەیاندنە زەبەلاحەكان دەكاتەوە.
- ئەو دابڕانەی لەنێوان نووسەران و ئەدیبان و خوێندەواران لە لایەك و میدیای زەبەلاح لە لایەكی دیكە دروست بووە، چاوەڕێی لێ دەكرێ كارەساتێكی قورستر بەسەر زماندا بێنێ، ئەو كاتە زمانەكە بە جۆرێك دەشێوێ، كە هێنانەوەی بۆ سەر ڕێڕەوی خۆی، دەبێتە ئەستەم.

میدیای زەبەڵاح چی دەوێت؟
- ڕووخسار و هەیكەلی سەرنجڕاكێش، یان لووس.
- دبلۆماسییەت و زمانلووس بە تامی فێڵ و هەڵخەڵەتاندن.
- برادەرایەتی و پەیوەندیی بازرگانی.
- ملكەچكردن و چۆكدادان.
- ناشارەزایی و نەبوونی هیچ ئەزموونێك، بە بڕوانامەی بێ بەها پەردەپۆش كراوە.
- ماشینەوەی پارە.

تا ئەو كاتەی ڕۆژنامە و كاری ڕاگەیاندن فیداكارییە، خۆبەختكەرانی نووسین لەپێشەوەن، كە دەبێتە بازرگانی و ڕێكکەوتن و پەیوەندیی دبلۆماسی، ئەوان فڕێ دەدرێن و بووكەڵە مۆدێرنەكان جێگایان دەگرنەوە.

تێبینی:
كۆمەڵێك زمانزان و ئەدەبناس توانیویانە خۆیان بەسەر كۆسپەكاندا زاڵ بن و بە هەمان گەرموگوڕیی سەردەمی ڕۆژنامەوە جێی خۆیان لەناو میدیای زەبەلاحیشدا بكەنەوە، ئەوانە شایانی ڕێزن.