سەربردەی کچێکی لەخشتەبراو: لە قۆناغی یەکەمدا منی هەڵخەڵەتاند و لە دووەمدا ژنی هێنا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

سەربردەی کچێکی لەخشتەبراو: لە قۆناغی یەکەمدا منی هەڵخەڵەتاند و لە دووەمدا ژنی هێنا

 

تەمەنی ٢٢ساڵە، بەڵام تووشی گرفتێک بووە، کە رەنگە تەواوی ژیانی دووچاری کێشە بێت. ئەو متمانەی بە کەسێک کردووە، کە هەر لە سەرەتاوە فێڵی لێ کردووە.

سۆلاڤ، خوێندکاری قۆناغی دووەمی پەیمانگەیە، بەڵام هەر سەرەتای ساڵی یەکەمی ئاسوود بووە، دواتر کەوتووەتە گرفتێک، کە دەربازبوونی زۆر سەختە.
ئەو کچە خەڵکی گوندێکی دەوروبەری شارێكی هەرێمی كوردستانە، لە خێزانێکی نۆ کەسییە. بەپێی باسکردنی خۆی، خێزانەکەی داخراوە و بەر لە هاتنی بۆ پەیمانگە، هەرگیز لە ماڵی خۆیان بەتەنیا دەرنەچووە.

سۆلاڤ، لە سەرەتای قۆناغی یەکەمەوە کوڕێک دەناسێت، ئەم کوڕە سەرەتا بە ناوی هاوڕێیەتی و دواتر بە خۆشەویستی دەبێتە بەشێک لە ژیانی: "لە رۆژانی سەرەتای دەوامەوە، خۆی لێم نزیک کردەوە، من هیچ شوێن و تەنانەت دەرگای پەیمانگەشم پێ نەدەزانییەوە، ئەو کە زانی ئاوام، زۆر هاوکارم بوو. هەتا بۆ کۆپیکردنی مەلزەمەکانیش لەگەڵم دەهات، منیش بەوە زۆر دڵخۆش بووم و هەستم کرد کەسێکی زۆر مەرد و میهرەبانم دۆزیوەتەوە".

سۆلاڤ دەڵێت، لە سەرەتا وەکو هاوڕێ لێم نزیک بووەوە: "سەرەتا گوتی، متمانەم پێ بکە، ئێمە دەبینە دوو هاوڕێی باش، حساب بکە کەسێکی خۆت لێرەیە و هەر کێشەیەکت هەبوو پێم بڵێ، منیش خوشکی تەمەنی تۆم هەیە، بەم قسانە زۆر دڵخۆش بووم و بووە هۆکاری ئەوەی کە متمانەی زیاتری پێ بکەم، بۆیە بەبێ دوودڵی هەموو شتێکی تایبەتی خۆمم پێ دەگوت".

ئەم کچە دوو مانگی سەرەتا لەگەڵ ئەو کوڕە، کە پێنج ساڵ لە خۆی گەورەترە، تەنیا هاوڕێ بووە، دوای ئەوە کوڕەکە دەرفەتی نزیکبوونەوەی زیاتری لێ هێناوە: "سەرەتا لەگەڵم دەهاتە زۆر شوێن و هیچ هەڵەیەکم لێ بەدی نەکرد، زۆر سەنگین بوو، منیش تا دەهات متمانەم زیاتر پێی دەکرد، دوای ئەوە بەرە بەرە هەوڵی دەدا زیاتر لێم نزیک بێتەوە، بۆ نموونە، شەوان تا درەنگ نامەی بۆ دەناردم".

کاتێک ئەم کوڕە زۆر خۆی نزیک کردووەتەوە، سۆلاڤیش بەم نزیکبوونەوەیە رازی بووە: "زۆر شەو تا نزیک بەیانی قسەمان دەکرد، وام لێ هاتبوو هۆگری بووبووم، کە نامەی نەدەهات چاوەڕێم دەکرد. رۆژێکیان پێکەوە نانمان دەخوارد پێی گوتم، کە منی خۆش دەوێت".

سۆلاڤ دەگێڕێتەوە: "کاتێک پێی گوتم خۆشم دەوێی، وامزانی دنیا بووەتە هی من، زۆر دڵخۆش بووم، ئەوەشم پێ نەدەشاردرایەوە، پێم وابوو خوا ئەو کوڕە چاکەی کردووەتە قسمەتی من، چونکە لای من باشترین کوڕ بوو. بۆیە پێکەنیم و گوتی، کەواتە تۆش رازیت".

دوای ئەو درکاندنە، سۆلاڤ و کوڕەکە بوونەتە خۆشەویستی یەکتر، بەردەوام پێکەوە بوون و هەموو متمانەیەکی پێی دەبێت: "رۆژێکیان گوتی، سبەی دەچین لە ماڵی خوشکم دەرس دەخوێنین، ئەوێ باشە، منیش رازی بووم، چونکە لە کاتی تاقیکردنەوەکان پێکەوە دەرسمان دەخوێند و نمرەی باشیشمان دەهێنا، من نەمزانی پیلانی هەیە".

سۆلاڤ لەسەر وادەی خۆی لەگەڵ خۆشەویستەکەی دەڕوات بۆ ئەو ماڵەی کە دەڵێت ماڵی خوشکمە: "کە چووین من چاوەڕێ بووم بە خوشکیم بناسێنێت، بەڵام خۆی دەرگای کردەوە و سەیرم کرد کەسی لێ نییە، کاتێک پرسیارم کرد گوتی، تا بازاڕ چووە و زوو دێتەوە. کاتێک دەرسمان دەخوێند، بەرەبەرە لێم نزیک بووەوە، بەڵام کە من بەرگریم کرد، خۆی تووڕە کرد و گوتی، دیارە متمانەت بە من نییە، بەوە منی رادەست کرد".

سۆلاڤ، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت، کە هەموو متمانەیەکی بەو کوڕەیە، خۆی رادەست دەکات، دوای ئەمجارەش چەند جاری دیکە لە هەمان ماڵ یەکتر دەبیننەوە: "کاتێک گەیشتینە پشووی قۆناغی یەکەم، کەمتر پەیوەندیی بە منەوە دەکرد، کە منیش پەیوەندیم دەکرد، یان تەلەفۆنەکەی داخرابوو، یان وەڵامی نەدەدایەوە، تا پەیمانگە کرایەوە هەر رۆژێکم بە ساڵێک لێ چوو".

کاتێک پەیمانگە دەکرێتەوە و سۆلاڤ دەبینێ هاوڕێکانیان پیرۆزبایی لە خۆشەویستەکەی دەکەن، لای سەیر دەبێت: "کاتێک نزیک بوومەوە، بینیم پیرۆزبایی هاوسەرگیریی لێ دەکەن، کە منی بینی تێکچوو و دەستیم گرت و لەناو هاوڕێکانمان هێنامە دەرەوە، کاتێک زانی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەم، بەبێ شەرمی گوتی، هیچ شتێکم بەزۆر بەرامبەر بە تۆ نەکردووە، لەمن زیاتر پێت خۆش بوو".

سۆلاڤ دەبوورێتەوە و نەخۆش و رەشبین دەبێ، دواتر بڕیار دەدات سکاڵای لەسەر تۆمار بکات، چونکە رەنگە ئەو هەڵەیەی کردوویەتی، ببێتە هۆی ئەوەی بکوژرێت: "داوای هاوکاریم لە رێکخراوێک کرد، کوڕەکەیان بانگ کرد و ئێستا بەزۆر بەڵێنیان لێ وەرگرتووە، کە بێتە خوازبێنیم، بەپێچەوانەوە تووشی دادگا و پۆلیسی دەکەن".

سۆلاڤ دەڵێت: "راستە بەزۆر من دەخوازێت، بەڵام ئایا ئەو ژیانە چۆن دەبێت؟ یان من داهاتووم چۆن دەبێ؟ کە دەبم بە ژنی دووەمی، بۆیە متمانەکردن بە کوڕێک، کە هیچی لەبارەوە نازانی، شتێکی زۆر هەڵەیە".