ئاشە دێرینەکانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هاڕین ناوەستن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئاشە دێرینەکانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هاڕین ناوەستن

 

لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەیەک ئاشی ئاوی و ئاشی ئاسنین هەن، کە لەم ساڵانەی دواییدا سەرنجی گەشتیارانیان بۆ لای خۆیان راکێشاوە و بوونەتە هۆی ئاوەدانیی ناوچەکانیان. ناسراوترین ئەو ئاشانە کەوتوونەتە هەورامان و یەکێک لەوانە لە شارۆچکەی نەوسوودە.

نەوسوود، شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگەی کرماشانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم شارە 80 ساڵ بەر لە ئێستا پایتەختی حکوومەتی جافرسوڵتان، یەکێک لە سانەکانی هەورامان بووە. لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، ئەم شارۆچکەیە بۆ ماوەی هەفت ساڵ كەوتە بن دەستی سوپای بەعس.

نەوسوود نزیکە لە شاری هەڵەبجە و خاوەن ئاشێکی کۆنی ئاوییە. ئاشی ئاوی شاری نەوسوود لەسەر سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، یەکێکە لە کۆنترین ئاشە ئاوییەکانی کوردستان، کە لەگەڵ دەستپێکی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران دەڕووخێت و خەڵکی شارەکەش بەناچاری ئاوارە دەبن.

لەگەڵ نەمانی شەڕ، خەڵکەکە شارەکە ئاوەدان دەکەنەوە و سەرلەنوێ ئاشە ئاوییەکە نۆژەن دەکرێتەوە. ئەم ئاشە بووە بە یەکێک لەو شوێنانەی، کە گەشتیاران بە تامەزرۆییەوە سەردانی دەکەن. ئاوی ئاشەکە رۆڵی گرنگی گێڕاوە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و بەراوکردنی باخەکانی نەوسوود. ئەم ئاشە کەوتووەتە خۆشترین شوێنی شارەکە، کە بە حەوزەلارە ناسراوە و شوێنێکی گەشتیارییە و کەوتووەتە ناوەندی شارەکە.

لە هەورامان ئاشێکی دیکەی ئاوی لە گوندی کەماڵە هەیە. گوندی کەماڵە لەگەڵ هەورامانی تەخت تێکەڵ بووە و خەڵکی ناوچەکە نەبێ، کەس نازانێ کەماڵە بۆ خۆی گوندێکی جیا لە هەورامانی تەختە. ئەم ئاشە ئاوییە ساڵانی رابردوو لەلایەن خاتوونێکەوە بەڕێوە دەبرا و ئەم خاتوونە دانەوێڵە و گەنمی گوندەکەی دەهاڕی.

جیا لە ئاشە ئاوییەکان، ژمارەیەکی دیکە ئاش لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەن، ئەگەرچی بە هێزی ئاو ناسووڕێن، بەڵام کۆن و مێژوویین. یەکێک لەو ئاشانە لە گوندی بێسارانە، کە ئەویش لەلایەن ژنێکەوە کاری پێ دەکرێت. یەکێکی دیکە لەو ئاشانە، ئاشی گوندی سیوچی سەر بە شاری بانەیە. ئەم ئاشە 80 ساڵە لە هاڕین نەکەوتووە و تەنیا دوو ئاشەوانی هەبووە، دوای بەساڵاچوویی دوایین ئاشەوان، کوڕەکەی بۆ ئەوەی ئاشەکە لە هاڕین نەوەستێ، لای باوکی فێری ئاشەوانی دەبێ و ئێستا هەرچی گەنم و جۆ و بەڕووی گوندی سیوچ و دەوروبەری هەیە، لەم ئاشە دەیهاڕن.

محەمەد رۆستەمی کوڕی مستەفا ئاشەوان، لەبارەی ئەم ئاشە دەڵێت: "ئەم ئاشە لە باوکمەوە بە من گەیشتووە و رۆژانە شەش تەن گەنم و جۆی پێ دەهاڕم. ئەگەریش بەڕوو بێ، رۆژانە دەتوانم سێ تەن بهاڕم". ئەم ئاشەوانە گەنجە زیاتر دەڵێت: " ئاشەکەمان 60 ساڵە لەم گوندەیە و کاتی خۆیشی لە تاران کڕیویانە و 20 ساڵیش لەوێ کاری پێکراوە، واتا ئەم ئاشە 80 ساڵە لە هاڕین نەوەستاوە و زۆر گەشتیار بۆ بینینی سەردانی گوندەکەمان دەکەن".