وێنەی شیعری و زمانی شیعر
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
حەمەسەعید حەسەن 26/06/2021

وێنەی شیعری و زمانی شیعر

(پێویستە پێوەندیی نێوان زمانی شیعر و زمانی ئاخاوتنی ئەو سەردەمەی شاعیری تێدا دەژی، بە جۆرێك بێت كە خوێنەر بڵێت، ئەگەر شاعیر بوومایە، منیش وەها دەهاتمە گۆ.) شیعری جوان نە تەمومژاوییە، نە ساكار، شاعیر هاوزەمان قووڵیی مەبەست و ڕەوانیی دەربڕین ڕەچاو دەكات و هیچیان ناكاتە قوربانی ئەوی دیکه‌یان. (مەرج نییە ڕەخنەگر شاعیر بێت، بەڵام هەموو شاعیرێك ڕەخنەگرە.) شاعیر سەروەختی نووسین بە دوو چاوی وریاوە سەرنجی شیعرەكانی دەدات و گوڵبژێر و شەنوكەویان دەكات. ئەو شاعیرەی جڵەو بۆ بەهرە شل دەكات، تووشی هەڵدێر دێت. هەندێك جار ڕستەیەكی ناشیعری سواری شیعرێك دەگلێنێت. لە شیعردا وشەی زبری وا هەیە، لە مێشێك دەچێت، كەوتبێتە نێو جامێك ماستاوەوە. شیعر گیاندارێكی زیندووە، هیچ ڕەگەزێكی، بێ ئەوانی دیكەی ناژی و هەموو ڕەگەزەكانی پێكەوە شیعرەكە پێك دەهێنن.

ئەو شاعیرەی هەوڵی نوێكردنەوە بدات و توانای بە سەریدا نەشكێت، دەشێت (ئەمڕۆ بكەوێتە ژێر كاریگەرێتیی ڕۆمانسیزمی ئینگلیزییەوە، سبەینێ سیمبۆلیزمی فەرەنسایی، دووسبەی كلاسیزمی كۆن یان نوێ، جاری وا هەیە هەموو ئەو چەشنە كاریگەریەتییانە لە یەك كۆمەڵەشیعری یان تەنانەت لە یەك تاقەشیعریدا ڕەنگ دەدەنەوە، تا ئەو ئاستەی كە دەشێت بابەتی شیعرەكەی ڕۆمانتیك بێت، بە شێوازێكی ڕەمزییانە مامەڵەی لەگەڵدا بكات و لە چوارچێوەیەكی كلاسیكی بگرێت.)

شاعیری بەتوانا وشە تەنیا بەو مانایەی لە قامووسدا هەیەتی، بەكار ناهێنێت، وزەی نوێی پێ دەبەخشێت و (ژیان بە بەر ئەو وشانەدا دەكاتەوە كە لە گیانەڵڵادان.) (ئەركی هونەر ئەوە نییە لە دەرگا وازەكانەوە بچێتە ژوورەوە، بەڵكوو پێویستە دەرگا داخراوەكان بكاتەوە.) (شیعر وێنەیەكی بگۆیە، وێنە شیعرێكی بێدەنگە.) شاعیر دەتوانێت بە وشە وێنە بكێشێت، وێنەیەك زرپوزیندوو بێت و ژیانی لێ بتكێت. وێنەی شیعری سەركەوتووترین ڕێگەیە بۆ گەیاندنی پەیامی شاعیر. شاعیر ئەگەرچی ڕەنگی لەبەر دەستدا نییە، وەلێ وێنەكانی ڕەنگدانەوەی ئایدیاكانییەتی، بە مامەڵەکردنێكی هونەرییانە لەتەك وشەدا، دەتوانێت ڕەنگ، سێبەر، دووری، بەرزی، نزمی، شادی، خەم، هیوا و بێئومیدی وێنە بكێشێت. شیعر شێوەیەكە لە شێوەكانی بیركردنەوە، بەڵام بیركردنەوەیەك كە لە وێنەدا خۆی دەنوێنێت، ئەو دەقەی لەسەر بناغەی وێنە بڵند نەبێتەوە، ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت خۆیمان وەك شیعر پێ بناسێنێت.

(ڕەخنەگر خوازە پەسەند دەكات، نەك لێكچوواندن، ڕەمز نەك دەستنیشانكردن، ئەو شاعیرە پەسەند دەكات، كە هانا بۆ شیكردنەوە نابات و بە وێنە ئاماژە بۆ ئەو شتە دەكات كە خوازیارە بیڵێت. ئەرەستۆ دەبێژێت: داهێنانی خوازە تاقە شتێكە كەس ناتوانێت لە كەسانی دیكەوە فێری ببێت و نیشانەی بلیمەتیشە.) شاعیر كە بۆ دەربڕینی مەبەستەكانی، پشت بە وێنەی شیعری دەبەستێت، ئامانجی ئەوەیە گەشە بە ئایدیاكانی بدات، چڕتر و قووڵتر پێشكەشیان بكات و جۆرە كاریگەرییەتییەكی ئەفسووناوی لای خوێنەر جێ بهێڵێت و ناخی بهەژێنێت.

یەكێك لەو كۆڵەكانەی شیعری نوێیان ڕاگرتووە، ڕەمزە، (شیعری بێ ڕەمز و دەمامك، شیعرێكە ڕووت و برسی، لە پەیكەری ئێسكی لاشەیەك دەچێت.) شاعیر ڕەمز ناكاتە تەمومژێكی خەست و فیكری خۆی پێ ناشارێتەوە، ڕەمز بە مەبەستی چاوبەستی خوێنەر بەكار ناهێنێت، بەڵكوو ڕەمزەكانی ئاسۆی بەردەمی خوێنەر ڕوونتر و فراونتر دەكەن. بەگەڕخستنی ڕەمز، ڕێگەیەكە بۆ خۆ دەربازكردن لە درێژدادڕی و ڕاستەوخۆیی، ئەوەی ڕەمزێكی گونجاو لە وشەیەكدا دەیڵێت، نووسێنێكی ئاسایی، یان شیعرێكی لاواز، بە لاپەڕەیەك بۆی ناگوترێت. شاعیر لەبەر ئەوە ڕەمز و داستان قوت ناكاتەوە، تا ڕەخنەگر پێی بڵێت، سوودی لە ڕەمز وەرگرتووە و مامەڵەی لەگەڵ داستاندا كردووە.

شیعری نوێ، پشتی نەكردووەتە كێش و سەروا، وەلێ زیاتر پشتی بە موزیكی ناوەوە بەستووە، شیعری نوێ وەك سەمفۆنیا وایە، لەسەر یەك ڕستەی موزیكایی بەند نییە، (كێش و ئاوازی شیعری نوێ، چركەی سەعات ئاسا لە یەكتری ناچن و بەردەوام دووبارە نابنەوە.) ئەوە شتێكی ئاسایییە كورتەشیعرێك لەسەر یەك كێش بنووسرێت، بەڵام پەنابردنە بەر تاقە كێشێك بۆ چیرۆكەشیعر، ڕەنگدانەوەی خۆماندوونەكردنی شاعیرە.

(پێویستە پێوەندییەكی پتەو لە نێوان، ئایدیا، موزیك و پاشبەنددا هەبێت، شاعیری بێتوانا سەرەتا سەروا ڕیز دەكات و دواتر بە دوای ئایدیادا دەگەڕێت تا لەو سەروایانە شیعر دروست بكات! یان ئایدیای حازری لایە و سەرقاڵی گەڕانە بە دوای كێش و پاشبەنددا!) وەلێ شاعیری توانا یەك لە دوای یەك، بە شێوەیەكی خۆڕسك، ئایدیاكانی بە زمانێكی ئەفسووناوی لە نێو موزیك و سەروادا دەتوێنێتەوە، پاشبەندی شیعری هیچ زۆر لە خۆكردنێكی پێوە دیار نییە، بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوان دێڕە شیعرەكانیشی، هانا بۆ وشەی هاوواتا و ناپێویست نابات و زمان ناشێوێنێت، ئەوی خاوەنی ئەزموونێكی مەزن بێت، خاوەنی زمانێكی دەوڵەمەندیشە.