وەزارەتی بازرگانیی عێراق له ڕاگهیاندراوێكدا ئاماژه بهوه دهدات، بڕیار وایه لە سەرەتای مانگی تەممووزدا، چەند بەشەخۆراكێكی زیادكراو بۆ بهشهخۆراكى مانگانه (بایهعى)، زیاد بكرێت.
وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕاگهیاندراوێكى بڵاو كردووهتهوه و تێیدا باس لهوه كراوه، زیادكردنی بەشەخۆراك كە لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراقه، لە چوارچێوەی پلانی كۆمپانیای كەلوپەلی خۆراكییە و شەكر، زەیت، برنج، دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنییەكان لەخۆ دەگرێت.
ئهومهش خراوهته ڕوو، لە دوای وەرگرتنی شەكر و برنج، لەلایەن گەنجینەكان و لقەكانی كۆمپانیاكە لە بەغدا و پارێزگاكان، پاقلەمەنیش گەیشت و لە پاش ئەنجامدانی پشكنینی لە تاقیگە بۆ سەلامەتی و شیاوی بۆ خواردن، دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
لای خۆیەوە نەوزاد شێخ کامیل، بەرێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومهتى هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ڕاستە بڕیاری زیادكردنی پاقلەمەنییەكان و دۆشاوی تەماتە دراوە، بەڵام دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنییەكان تاوەكوو ئێستا نەگەیشتوونەتە هەرێمی كوردستان، هەر كاتێك گەیشتە كۆگاكان، پاش پشكنین دابەش دەكرێن".
گوتیشى: "پێشتر بەپێی نووسراوێک، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خۆراکی وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی عێراق، کە ئاراستەی لقی بەڕێوەبەرایەتییەکانی خۆراک کراوە، داوای كردووە ئامادەکاری بكرێ بۆ وەرگرتنی ئەو بەشەخۆراکانەی کە لە ئایندەیەکی نزیکدا بهسهر هاووڵاتییان دابەش دەکرێن، ئێمەش ئامادەكاریی خۆمان كردووە".
بەرێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕوونیشى كردهوه، دۆشاوی تەماتە بۆ ههر كهسێك 400 گرامه، پاقلەمەنییهكانیش كه فاسۆلیاى سپى و نیسك و نۆك لهخۆ دهگرێت، بۆ ههر كهسێك كیلۆیهكه.