كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی خوێندنی باڵا راگەیەندراوێکی سەبارەت بە مۆڵەتی خوێندن بڵاوکردەوە

بەلەبەرچاوگرتنی پەیڕەوی مۆڵەتی خوێندن کە لەماوەی رابردوودا لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەسەند کرا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رێنمایی تازە سەبارەت بە مۆڵەتی خوێندن دەردەکات.


دوای ئامادەکردنی پەیڕەوی مۆڵەتی خوێندن لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەهەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان، لە کۆبونەوەی ئاسایی ژمارە (٥٣)ی ڕێکەوتی (١٠/٣/٢٠٢١)ی ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوەکە پەسەند کرا، ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندووە لە پێناو بەرژەوەندى گشتى و ڕێکخستنى مۆڵەتى خوێندن بەپێى پێداویستییەکانى دامەزراوەکانى هەرێم، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەهەماهەنگى وەزارەتى پلاندانان و دامەزراوەکانى دیکەى حکوومەتى هەرێمی کوردستان کاردەکەن بۆ دیاریکردنى پلان و ئەو پسپۆریانەى بۆ گەشەپێدانى بازاڕى کارى کوردستان گرنگن، ئەم پلانەش پەیوەندیدار دەبێت بەو کارامەیی و پسپۆڕیانەی بۆ گەشەکردنی ئابووری و زانستی هەرێمی کوردستان پێویستن.

 

ئاماژەی بە ئەوەش داوە "هاوکات لەپەیڕەوەدا مەرج و پێداویستییەکانی وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن و چۆنیەتی ڕێکخستنی پێشبڕکێ لە نێوان پێشکەشکاران خراوەتە ڕوو لە پێناو زامنکردنی شەفافیەت و ڕەخساندنی هەلی یەکسان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بە پێی ئەم پەیڕەوە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەنیا دەتوانن مۆڵەتی خوێندن وەربگرن درێژە بە خوێندن بدەن لەو زانکۆیانەی کە ئاستی زانستیان بەرزە و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە باوەڕپێکراون، ئەمەش زامنی پاراستنی کواڵیتی ئەو بڕوانامانەیە کە لەدەرەوەی وڵات بەدەست دەهێنرێن، جیا لەوەش لەم پەیڕەوەدا ماوەی پێویست بۆ خوێندن و ماف و شایستە داراییەکان و ئەرک و بەرپرسیاریێتەکانی فەرمانبەری مۆڵەتپێدراو بۆ خوێندن دیاری کراوە".

 

وەزارەتی خوێندنی باڵا لەو راگەیەندراوەدا ئاشکرای کردووە کە ئێستا وەزارەتەکە ئامادەکاری دەکات بۆ داڕشتنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاسا و ئەحکامەکانی ئەم پەیڕەوەدا مۆڵەتی خوێندن بۆ ناوەوەو دەرەوەی وڵات بە زووترین کات دەستپێبکاتەوە.