سەرۆكی لێژنەیەكی پەرلەمان: داری كوردستان زۆر لە كرمی وەك ئاراس جەنگی و تاقمە خیانەتكارەكە بەهێزترە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرۆكی لێژنەیەكی پەرلەمان: داری كوردستان زۆر لە كرمی وەك ئاراس جەنگی و تاقمە خیانەتكارەكە بەهێزترە

‌سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان،‌ وه‌ڵامی ئاراس جه‌نگی، یەكێك لە سەرانی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ و ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی دایه‌وه‌ و جەختی كردەوە كە كەركووكییەكان تا ئێستاش قوربانیی خیانەتكارانی هاوشێوەی ئاراس جەنگی و تاقمی ١٦ی ئۆكتۆبەرن.

ئاراس جەنگی، یەكێك لە سەرانی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر، دوێنێ یەكشەممە دژایەتیی خۆی بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك نیشان دا و پاساوی بەوە هێنایەوە كە كەركووك سەر بە هەرێمی كوردستان نییە، ”پێشمەرگە بۆچی بچێتەوە كەركووك؟“.

لە بەرامبەردا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 21/6/2021، جوان یونس رۆژبه‌یانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان،‌ به‌ (باسنیوز)ی ڕاگه‌یاند: ”كەركووك كوردستانییە و بە كوردستانییش دەمێنێتەوە، پێشمەرگەش دەگەڕێتەوە كەركووك و لە دەست نەخۆش و خائینی وەك ئاراس جەنگی پاكی دەكاتەوە“.

جوان رۆژبه‌یانی، باسیشی لەوە كرد كە كەركووكییەكان قوربانیی خیانەتكارانی هاوشێوەی ئاراس جەنگیین و گوتی: ”کەرکووك شارێکە بەدەست دەیانی وەکوو ئاراس جەنگیی عێراقییه‌وه‌ دەناڵێنێ و بووه‌تە مۆتەکەی سەر دڵیان، ئەو دەروونەی هەمیشە هەست بە کەمی دەکات، هیچ کاتێك کوردستانییانه‌ بیر ناکاتەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە هەرگیز نایەوێ دەستکەوتەکان لەسەر دەستی حزبێكی گەورەی کوردستان ببینێت، ئەو حزبەی هەزاران ڕێککەوتنی به‌ قوربانی کەرکووک کردووە و بەبێ کەرکووک ئامادەی هیچ دانوستانێك نەبووە، لای ئاراس و خائینانیش گرنگ نییە کورد و شارە کوردستانییەکان چییان بەسەر دێ و چ قوربانییەک دەدەن".

سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان دووپاتی كردەوە: ‎“پێشمەرگە دەگەڕێتەوە كەركووك و ئەو شارە لە دەست نەخۆشانی وەکوو ئاراس جەنگی ڕزگار دەکات، هێزێکی کوردستانی هەیە، زۆر لەو گرووپ و لایه‌نه‌ی خیانەتكاران گەورەترە، ئەو هێزەی وای کردووە کەرکووك بە کوردستانی بمێنێتەوە و خۆی بەدەستەوە نەدا، سەرەڕای ئەو کڕین و فرۆشتنەشی کە پێوه‌ی دەکرێت. پەندێکی پێشینان هەیە كە دەڵێ (دار کرمی لە خۆی نەبێ قەت ناڕزێ)، ئاراس جەنگییش ئەو کرمەیە، بەڵام داری كوردستان زۆر بەهێزترە“.