فەرماندەیەکی پێشمەرگە: ئاراس جەنگی و براكانی لە شەرمەزارییدا حەز ناکەن پێشمەرگە بگەڕێتەوە كەركووك
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

فەرماندەیەکی پێشمەرگە: ئاراس جەنگی و براكانی لە شەرمەزارییدا حەز ناکەن پێشمەرگە بگەڕێتەوە كەركووك

کادیر شەھید نازم، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی چەند کەسێکی خاکفرۆشی وەک ئاراس شێخ جەنگی تێدایە، کە حەز ناکات ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بگەڕێتەوە کەرکووک، ئەو شارەی کە مام جەلال بە قودسی کوردستان ناوی دەبرد، بەڵام ئێستا حەشدی شەعبی داگیری کردووە و کوردی کەرکووک دەچەوسێننەوە، منداڵەکانی شێخ جەنگیش دەڵێن کەرکووک عەیبی نییە و بۆچی ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە شاری کەرکووک؟”.

گوتشی: “ئاراس شێخ جەنگی و براکانی خۆیان کەرکووکیان فرۆشتووە، ئیتر چۆن حەز دەکەن ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ شارەکە؟ ئەوان لە ئاستی بنەماڵەی شەھیدان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان شەرمەزار بوون، بۆیە حەز ناکەن ھێزی پێشمەرگە بەسەربەزییەوە بگەڕێتەوە شاری کەرکووک”.

ئەو فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە ئەوەشی خستە ڕوو: “ئاراس شێخ جەنگی و براکانی، ھەر ئەو ڕۆژە شەرمەزاری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و بنەماڵەی شەھیدان بوون، کە کەرکووکیان فرۆشت و ڕادەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقیان کرد، ھەموو دنیا شاھێدی ئەوەیە، پێشمەرگە لە حەفتاکانەوە دژی ڕژێمی بەعس و چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی شەڕی کردووە و دەستکەوتی زۆر باشی ھەبووە، تاوەکوو ئەم قەوارە سیاسییەی دروست کردووە و بووەتە لانکەیەکی ئارام بۆ کوردانی ھەر چوار پارچەی کوردستان، بەڵام کوڕەکانی شێح جەنگی نەیانتوانی بەرگری لە کەرکووک بکەن و لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان لەگەڵ سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ڕێک کەوتن، بەداخەوە ھیچ وەفایەکیان بۆ خوێنی شەھیدان نەبوو و دواجار ئەو شارەیان بە حەشدی شەعبی فرۆشت”.

کادیر شەھید نازم، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، باسی لەوەش کرد: “بنەماڵەی شەھیدان وەک خائین سەیری ئاراس شێخ جەنگی و براکانی دەکەن، چونکە لەسایەی ئەوانەوە، حەشدی شەعبی کەرکووکی داگیر کردووە و کوردەکانی کەرکووک دەچەوسێننەوە، بەڵام ئەم وڵاتە خاوەنی ھەیە و بنەماڵەی سەربەزی شەھیدان خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەن، بۆیە ڕۆژێک دێت دژی فرۆشتنی کەرکووک، ئاراس جەنگی و براکانی دادگایی دەکرێن، ئەوسا كەس رەحمیان پێ ناكات و دەكەونە بەر نەفرەت و سزای گەل”.