ئێران: هیچ جۆرە رێککەوتنێکی دیکە لە بارەی بەرنامەی ناوه‌کیمان ناکەین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئێران: هیچ جۆرە رێککەوتنێکی دیکە لە بارەی بەرنامەی ناوه‌کیمان ناکەین

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی هیچ جۆرە رێککەوتنێکی دیکە لە بارەی بەرنامە ناوه‌کییەکەی ناکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 21-6-2021، سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە: ئەو وڵاتانەی دەیانەوێ لە ”ئاشتیخوازیی بەرنامەی ناوه‌کیی ئێران“ پشتڕاست ببنەوە، دەبێ پابەندی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ناوه‌کی بن.

سەعید خەتیبزادە هەروەها رایگەیاندووە: وڵاتەکەی پێی وایە گەڕی داهاتووی کۆبوونەوەکانی ڤیەننا (گەڕی حەوتەمی کۆبوونەوەکان) لەبارەی زیندوکردنەوەی رێککەوتننامەی ناوکی و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ناو رێککەوتنەکە، دوایین گەڕی کۆبوونەوەکان بێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە وڵاتەکەی دەیەوێ گەرەنتیی ئەوەی پێبدرێ، کە لە ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ناو رێککەوتنەکە، جارێکی دیکە لێی نەکشێتەوە و کەسایەتییە ئێرانییەکانیش لە لیستی سزاکان لابدرێن.

سەعید خەتیبزادە لە بارەی ئەگەری نەگەیشتنە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ڤیەننا، رایگەیاندووە: ”تاران هیچ مەرجێکی دیکە بۆ رێککەوتنەکە قبووڵ ناکات و هیچ رێککەوتنێکی نوێش لەبارەی بەرنامە ناوه‌کییەکەی، قبووڵ ناکات“.

شەوی 8-5-2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوه‌کیی ئێران و  وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

رێککەوتنی ناوه‌کیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوه‌کی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.