لە باكووری كوردستان پیاوێک لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا زانكۆی تەواو كرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە باكووری كوردستان پیاوێک لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا زانكۆی تەواو كرد

لە شاری خارپێتی باكووری كوردستان، زەكی گوور، پیاوێکی تەمەنی ٦٧ ساڵ توانی زانكۆ بە پلەیەكی باش تەواو بكات و بڕوانامەی بەكالۆریۆس بەدەست بهێنێت.

زەكی لە ساڵی ١٩٨٨ قۆناعی یەكەمی بەشی هونەری لە زانكۆ تەواو كرد، بەڵام بەهۆی خراپی رەوشی ئابوورییەوە وازی لە زانكۆ هێناوە و خەریكی جووتیاری و ئاژەڵداری بووە، بەڵام بڕیارێكی وەزارەتی خوێندنی باڵای توركیا دەرگای بۆ كردەوە تا بتوانێت خوێندن تەواو بكات، بۆیە لە ساڵی ٢٠١٦ گەڕایەوە زانكۆ و لە هەمان بەش دەستی بە خوێندن كردەوە.

بە گوێرەی زانیاریی میدیاكانی توركیا، بەهۆی ئەوەی رەوشی كۆرۆنا لە توركیا زۆر خراپە، بۆیە ڕیوڕەسمی دەرچوانی زانكۆ بەڕیوە نەچوو، زەكی لە ماڵەوە و لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە لە ئاهەنگی دەرچوونی زانكۆدا بەشداریی کردوە و پیرۆزباییەكی زۆریشی لێ كراوە.

زەكی بۆ خۆی ئاماژەی بەوە داوە لە گوندی (ساریلی) سەر بە خارپێت خوێندوویەتی، لە ساڵی ١٩٧٦ توانیویەتی بڕواتە زانکۆ، بەڵام بەهۆی هەژارییەوە لە ١٩٨٨ چووەتە زانكۆ، هەر لەبەر هەژاریش تەنیا یەك ساڵ خوێندوویەتی و وازی لێ هێناوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە: "كاتێك جوتیاریشم دەكرد، كاتم بۆ خۆم تەرخان دەكرد کە بخوێنمەوە و زۆر حەزم لە خوێندنەوە بووە، ئومێدیشم هەبوو رۆژێك زانكۆ تەواو بكەم و سەرەنجام ئاواتەكەشم هاتە دی".

زەكی باوكی ٤ منداڵە، بووەتە نموونەیەكی جوان بۆ ئەو كەسانەی تەمەنیان گەنجە و واز لە خوێدن دەهێنن، بۆیە وەرگرتنی بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە لایەن زەكییەوە لە تەمەنی ٦٧ ساڵی، بووەتە جێگەی باسوخواسی میدیاكانی توركیا.

١٠ ساڵ بەر لە ئێستاش، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانیش كەسێك بەناوی مام بەكر، لە تەمەنی ٥٧ ساڵیدا توانی پۆلی شەشی ئامادەیی تەواو بكات. ئەوكات لە دیمانەیەكی تایبەتدا داوای لە گەنجەكانی هەرێمی كوردستان كرد، دەستبەرداری خوێندن نەبن، چونكە لە پاشەڕۆژدا خۆیان زیانیان پێدەگات و پەشیمان دەبنەوە.

دوای سێ ساڵ لە وەرگرتنی بڕوانامەی شەشی ئامادەیی، مام بەكر کۆچی دوایی کرد.