پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك لەسەر گەندەڵییەكانی ٦٠ سكاڵا لەدژی تۆمار كراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك لەسەر گەندەڵییەكانی ٦٠ سكاڵا لەدژی تۆمار كراوە

پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، لەسەر گەندەڵییەكانی لە دادگاكان ٦٠ سكاڵا لەدژی تۆمار كراوە و هێشتا دەستگیر نەكراوە، پەرلەمانتارێكیش ڕای گەیاند داخستن و پووچەڵکردنەوەی ئەو سكاڵایا و دۆسیانەی كە لە دادگاكان لەسەر ڕاكان جبووری هەیە، بۆ لاوازیی حكوومەتی عێراق دەگەڕێتەوە.

ڕاكان جبووری، لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كاتێك گرووپێكی ناو یەكێتی كەركووكیان ڕادەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كرد بووەتە پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، جبووری لەو كاتەوە تاكوو ئێستا جیا لەوەی هەڵمەتێكی چڕی بۆ تەعریبكردنەوەی كەركووك دەست پێكردووە و بەڕێوەی دەبات، هەر لە ڕێگەخۆشكردن بۆ عەرەبە هاوردەكان بۆ داگیركردنی زەویوزاری هاووڵاتییانی كوردەوە تاكوو هێنانی عەرەبی هاوردە بۆ شارەكە و لادانی بەرپرسانی كورد لە پۆستەكانیان، هاوكات دەیان دۆسیەی گەندەڵی لەسەر كەڵەكە بووە.

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) ڕاكان جبووری ٦٠ سكاڵای لەسەر گەندەڵییەكانی لە دادگاكان لەسەر تۆمار كراوە و بەڵگەی پێویستیش بۆ دادگاكان خراوەتە ڕوو، بەڵام تاكوو ئێستا جبووری لەسەر ئەو گەندەڵییانەی دەستگیر نەكراوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، تاكوو ئێستا ڕاكان جبووری حەوت جار لەسەر سكاڵای دەستەی دەستپاكیی عێراق و چەند كەسێكی تر، لەسەر گەندەڵییەكانی لە دادگاكان ئامادە بووە، بەڵام بە كەفالەت ئازاد كراوە.

جبووری، گەندەڵیی كارگێری و دارایی زۆر لەسەر كەڵەكە بووە، یەكێك لەو گەندەڵییانەی كە هاووڵاتییانیش بە تەنزەوە تاكوو ئێستا باسی لێوە دەكەن، خەرجكردنی بڕی نزیك 100 ملیۆن دینارە بۆ كڕینی كەباب بۆ میوانخانەكەی لە پارێزگا لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا.

لەمبارەوە، ناسر هەركی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "نەچوون و ئامادەنەبوونی ڕاكان جبووری بۆ بەردەم دادگا، یاخود پووچەڵكردنەوەی ئەو سكاڵایانەی كە لەسەری هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئەو حكوومەتەی ئێستا لە بەغدا هەیە حكوومەتێك نییە كە بتوانێت وەكوو پێویست كارەكانی خۆی بەڕێوە ببات و گەندەڵكاران بە سزای خۆیان بگەیەنێت".

گوتیشی: "لە عێراق بەڕاستی نەتوانراوە ڕێوشوێنی پێویست لەگەڵ ئەو خەڵكانە بكرێت كە تۆمەتبار و گەندەڵن، ئەوەش وەكوو تێبینییەكە لەسەر حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق".