كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

4 کەس بۆ تۆمەتی هێرشە مووشەکییەکەی سەر ئەمریکییەکان دەستگیر کران

چوار کەس بۆ تۆمەتی هێرشە مووشەکییەکەی سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکییەکان لە رۆژئاوای عێراق، دەستگیر کران.

ماڵپەڕی (ئەلعەرەبییە) لە زاری ”چەند سەرچاوەیەکی عێراقی“ بڵاوی کردووەتەوە، کە هێزە ئەمنییەکان بە فەرمانی فەرماندە باڵاکان، دەستیان بە هەڵمەتێکی گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی مووشەکەکەیان ئاراستەی بنکەی عەین ئەسەد کردبوو، دەست پێکرد.

بە گوتەی ئەو سەرچاوانە، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە چوار کەس، کە مووشەکەکەیان ئاراستەی هیزە ئەمریکییەکان کردبوو، دەستگیر بکەن.

نیوەڕۆی رۆژی یەكشەممە 20-6-2021 مووشەکێک ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە سنووری شارەدێی بەغدادی سەر بە شارۆچکەی هیت لە پارێزگای ئەنبار کرا.

میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوە كردبوو، کە تا ئێستا جۆری مووشەکەکە نەزانراوە و رووداوەکەش هیچ زیانێکی مرۆیی لێ نەکەوتووەتەوە، چونكە مووشەكەكە نەتەقیوەتەوە.

گرووپ و میلیشیا عێراقییەکان بەردەوام بنکە سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو دەکەنە ئامانج و ئەمریکاش میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی نزیک لە ئێران، بەو هێرشانە تاوانبار دەکات.