دەستەى دەستپاکى: مووچەى بەشێک لە پلە باڵاکان بۆ کەمتر لە نیوە کەمکراوەتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەستەى دەستپاکى: مووچەى بەشێک لە پلە باڵاکان بۆ کەمتر لە نیوە کەمکراوەتەوە

سەرۆکى دەستەى دەستپاکى هەرێمی کوردستان رایگەیاند بەهۆى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازیی بەشێک لە خانەنشینى و مووچەى پلە باڵاکان لە هەرێمى کوردستان بۆ نیوە و کەمتریش کەمکراوەتەوە.

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکى دەستەى دەستپاکى هەرێمى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى بڕگە و مادەکانى یاساى چاکسازیی بۆ ساڵى2020، پێداچوونەوە بە مووچە و خانەنشینى پلە باڵاکان کراوە لە هەرێمى کوردستان، چونکە پێشتر کاتێک کەسێک کە پلەى تایبەتى هەبوو بە 80%ى مووچەکەیەوە خانەنشین دەکرا، بەبێ ئەژمارکردنى ساڵانى خزمەت".

راشیگەیاند: "بەهۆى پێداچوونەوە بە مووچە و خانەنشینى پلە باڵاکان، مووچەى بەشێکى ئەو توێژانە بۆ نیوە و کەمتریش کەمکراوەتەوە، چونکە بەپێى یاساى چاکسازیی نابێ هەموو پلە تایبەتێک بەیەک بڕە پارە خانەنشین بکرێ، یان مووچە وەربگرێ، ئەمەش بەهۆى لەبەرچاوگرتنى تەمەن و بڕوانامە و ساڵانى خزمەتەوە ئەژمار دەکرێ".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "ئەو کەسانەى خاوەنى پلەى تایبەتن و لە مەودوا خانەنشین دەکرێن، نابێ مووچەکەیان 50%ى کۆى گشتى زیاتر بێت، ئەمە لە حاڵێکدایە کە زۆرترین مووچەى پلەى تایبەتى وەربگرێت، ئەمەش هەنگاوێکى باشە بە ئاراستەى گەڕانەوەى پارەیەکى باش بۆ خەزێنەى حکوومەت".