وەزیری کارەبا: چەند وێستگەیەكی دیكەی بەرهەمهێنانی كارەبا بەوزەی خۆر و ئاو لە قۆناغی راگەیاندندان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزیری کارەبا: چەند وێستگەیەكی دیكەی بەرهەمهێنانی كارەبا بەوزەی خۆر و ئاو لە قۆناغی راگەیاندندان

 

وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە چەند وێستگەیەكی دیكەی بەرهەمهێنانی كارەبا بەوزەی خۆر و ئاو لە قۆناغی راگەیاندندان.

كەمال محمد ساڵح، وەزیری کارەبا لە دیمانەیەکیدا بۆ گۆڤاری گوڵان رایگەیاندووە: "پرۆژەکانی وەزارەتی كارەبا لە ماوەی دوو ساڵی یەکەمی کابینەی نۆیەمدا رۆڵێكی گرنگییان لە بنیاتنانی ژێرخانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان هەبووە و بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان داهاتێکی زۆر بۆ گەنجینەی هەرێم گەڕاوەتەوە".

دەشڵێت: "وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات، لەگەڵ 200 مێگاواتی دیكە لە سێکتەری کارەبای هەرێم زیاد کراون و یەکەکانی دوکان و دەربەندیخانیش چارەسەر کراون و 100 مێگاواتیش لە پرۆژەی گازی گەرمیان بەگەڕ خراوە، کە توانایی بەرهەمهێنانی 165 مێگاوات كارەبای دەبێت".

ئاماژەشی بەوەداوە، کە چەند وێستگەیەكی دیكەی بەرهەمهێنانی كارەبا بەوزەی خۆر و ئاو لە قۆناغی راگەیاندندان.

ئەوەشی خستووەتە روو، پێوەری زیرەك تا ئێستا بۆ %48ی هاوبەشانی كارەبای هەرێمی كوردستان بەستراوە و بە تەواوبوونی، سەرپێچی بە رێژەیەکی زۆر کەم دەبێتەوە و بە شێوەیەکی باشتر سیستەمی کارەبا کۆنترۆل دەکرێت.

روونیشیکردووەتەوە، لە هەولێر 186 پرۆژەی دابەشکردنی کارەبا، لە سلێمانی 178 پرۆژە، لە دهۆك 79 پرۆژە و لە گەرمیان 26 پرۆژە جێبەجێ کراون.

وەزیری کارەبا ئاشکراشیکردووە، کە بەپێی داتا و ئامارەكان، كەرتی كارەبا لە هەرێمی كوردستان روو لە باشبوونە و ئەو گرفت و كێشانەی ناوبەناو روودەدەن، هەنگاوی گرنگییان بۆ نراوە، بۆ ئەوەی بەتەواوەتی چارەسەر بكرێن.