مەسرور بارزانی: نامانەوێ تاکە سەرچاوەی داهاتمان نەوت بێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مەسرور بارزانی: نامانەوێ تاکە سەرچاوەی داهاتمان نەوت بێت

لە چوارچێوەی مەراسیمی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد.

لە گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی رایگەیاند کە ئەو زانکۆیە لە کاتێکدا دروستکرا و دامەزرا کە هەرێمی کوردستان بە دۆخی شەڕی تیرۆریستانی داعشدا تێدەپەڕی، ئاماژەی بە ئەوەش دا کە زانکۆکە پەیوەندی زانستیی لەگەڵ شەش زانکۆی ئەمەریکا هەیە و قوتابیانی زانکۆکە توانیویانە چەندین پڕۆژەی زۆر سەرکەوتوو ئەنجام بدەن، هەر لە میانەی گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی گوتی: "نامانەوێت لە هەرێمی کوردستان تاکە سەرچاوەی داهاتمان نەوت بێت".

لەمیانەی گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی سوپاس و ده‌ستخۆشی ئه‌ندامانی بۆردی زانكۆ و ستاف و مامۆستایانی زانكۆكه‌ی كرد و پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی له‌ قوتابییه‌ ده‌رچووه‌كانی ساڵی 2020 - 2021 كرد.

رایگەیاند: "شه‌ره‌فمه‌ندم بتوانم ئاماده‌ بم و شاهێدی سه‌ركه‌وتنی ئێوه‌ بم. ستایشی ماندووبونتان ده‌كه‌م، به‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر به‌ربه‌سته‌كاندا. توانیتان زاڵ بن به‌سه‌ر ئه‌و په‌تایه‌دا.

ئاماژەی بە ئەوەش دا: "له‌ مانگی شوباتی 2020ه‌وه‌ ئێوه‌ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر خوێندنی خۆتان، له‌ وه‌رگرتنی وانه‌كانتان له‌ رێگه‌ی ئۆنلاینه‌وه‌. خۆشحاڵم به‌وه‌ی خوێندن به‌ شێوازێكی سه‌ركه‌وتووانه‌ له‌م زانكۆیه‌ به‌ نایابی به‌ڕێوه‌چوو، بووه‌ مۆدێلێك بۆ زانكۆكانی دیكه‌ تا به‌و شێوازه‌ خوێندن بكرێت".

گوتیشی: "قوتابییه‌كان هه‌وڵیاندا له‌گه‌ڵ ئه‌م په‌تایه‌ی كه‌ بڵاوبوویه‌وه‌، خۆبه‌خشانه‌ كاریان ده‌كرد و هاوكاری هه‌ژارانیان ده‌كرد، بوونه‌ مۆدێلێك بۆ ئه‌نجامدانی چه‌ندین كه‌مپینی جیاواز و به‌شدارییه‌كی كارایان هه‌بوو و سه‌ردانی شوێنه‌ جیاوازه‌كانیان ده‌كرد و پڕۆژه‌ی خۆبه‌خشی و خێرخوازیان ئه‌نجامدا.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی گوتارەکەیدا گوتی: "له‌گه‌ڵ بوونی كۆرۆنادا، ئه‌وان توانیان زۆر پڕۆژه‌ی سه‌ركه‌وتوو به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نن. كه‌ بووه‌ خاڵێكی گه‌وره‌ بۆیان. هه‌روه‌ها ئه‌و سیسته‌مه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ی دایان نا بۆ ئه‌وه‌ی قوتابیان سوود له‌ كتێبخانه‌ی زانكۆكه‌ وه‌ربگرن و به‌رده‌وام بن له‌ خوێندن و توانیان چه‌ندین پڕۆژه‌ی بچووكی بازرگانی درووست بكه‌ن. ده‌رچووانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له‌ دهۆك هه‌وڵیاندا به‌شدار بن له‌ كێبڕكێ زانستییه‌كان له‌ ئاستی عێراقدا".

راشیگەیاند: "چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا دونیا بینییه‌كم هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی هه‌بێت و ببێته‌ مایه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی خوێندن و په‌روه‌رده‌ و جۆرێتی ژیان و درووستكردنی سه‌ركرده‌ بۆ داهاتوو و خه‌ڵكی خاوه‌ن روانگه‌ درووست بن، بتوانن چالاكانه‌ داهێنان ئه‌نجام بده‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بتوانن كۆمه‌ڵێك توێژینه‌وه‌ی زانستیی پێشكه‌ش بكه‌ن".

هه‌روه‌ها گوتی: "له‌ راستیدا روانگه‌ و چركه‌ساتی درووستكردنی زانكۆكه‌ له‌ كاتی شه‌ڕی داعشدا بوو، كاتێك ئێمه‌ له‌ شه‌ڕدابوون، له‌ پاڵ ئازایه‌تی پێشمه‌رگه‌ و له‌ ژێر سه‌ركردایه‌تی سه‌رۆك بارزانی، كه‌ شه‌ڕی داعش ده‌كرا، لێره‌ ئه‌م بینایه‌، واته‌ بینای مسته‌فا بارزانی درووستكرا و له‌ 2014 ته‌واوكرا. نه‌وه‌یه‌كی نوێی ئه‌كادیمی هاتنه‌ ئاراوه‌. ئه‌و نه‌وه‌یه‌ باشترین هێز و چه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت له‌ هه‌موو ئاسته‌كان شه‌ڕی پێشكه‌وتن بكرێت".

 

ده‌قی گوتاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

بەرێزان، ئێوارەتان باش. دەمەوێت بەخێرهاتنی هەمووتان بکەم بۆ ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک بۆ ساڵی 2020 و 2021، کە هەوڵ و پێداگرییان بووە هۆی تەواوکردن و سەرکەوتنێکی مەزن لە خوێندنی ئەکادیمیان.

شانازی دەکەم لێرەم، پێزانینم هەیە بۆ ماندووبوونتان و سەرکەوتنتان، بەرەو داهاتوویەکی باش.

سوپاستان دەکەم کە توانیتان بەسەر ئەو ئالنگاریانەی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە هاتنە سەر رێگەتان لە پرۆسەی خوێندن و ئەو بەربەستانەشی کە لەبەردەم خێزانەکانتان و هاورێکانتاندا بوون سەربکەون.

لە شوباتی 2020ەوە دەستان بە خوێندی ئەکادیمی خۆتان کرد، هەر خوێندنی وانەکان، سیمینار، و تاقیکردنە ئۆنڵاینەکان.شانازی دەکەم زانکۆی کوردستان توانی رچەشکێن بێت لە گواستنەوەی پرۆسەی خوێندن لەناو پۆلەوە بۆ ئۆنڵاین، دواتر بووە مۆدیلێک لە هەموو زانکۆکانی دیکەی کوردستان.

جیا لەوەش، قوتابیانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک هاوکاری ئەو خێزانانەیان کرد بەهۆی کۆرۆناوە زیانیان بەرکەوتبوو، لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆ، خواردنیان بۆ هێزە ئەمنیەکانی دهۆک تەرخان دەکرد، کەمپەینی "بخوێنە و پێشەنگ بە" یان رێکخست.

ئەزموون و پرۆژەکان لەسەر بنەمای خوێندن لە بەشداریکردنی قوتابیان لە کۆنفرانسە جیهانیەکاندا لەرێگەی ئۆنلاینەوە بەردەوام بوون، رۆبۆتێکی یاریدەردەریان دروستکرد، لە سۆشیاڵ میدیا هاوکاربوون بۆ ئەوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە كۆرۆنای نوێ جێبەجێ بکرێن. چەند پرۆژەیەکیان ئەنجامدا وەک ئەپەکانی "رزگارکردنی لەناکاو" و "پلاندانەری تێچوون"، و ئەپی سیستمی پاراستنی کتێبخانەی زانکۆی ئەمه‌ریکی کوردستان لە دهۆک"، ئەمەش سۆفتوێرێکە بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنی کورسی، کۆمپیوتەرەکان و شوێنی تایبەت بە خوێندنەوە لە کتێبخانە، توانا و زیرەکی خۆیان خستەگەڕ بۆ دەستپێشخەریی دەستکردن لە کار و بزنس.

لەبواری وەرزش قوتابیانی زانکۆ پێشبڕکێیەکیان بردەوە و بوونە ئەندامی تیمی نیشتمانی فوتساڵی عێراق.

چەند ساڵێک لەمەوبەر بیرم لەوە دەکردەوە دامەزراوەیەک هەبێت و ببێتە مۆدێلێک لە ناوچەکە، کواڵێتی پەروەردە و فێرکردن بەرزبکاتەوە، لە بەرامبەریشدا کواڵێتی ژیان و گوزەرانی خەڵکیش لە ناوچەکە بەرزبکاتەوە. ئەمه‌ ببێتە شوێنێک بۆ پێگەیاندنی سەرکردەکان لە ناوچەکە و کۆمەڵگە جیاوازەکان، بە پێشکەشکردنی خوێندی ئاست بەرز و پرۆگرامی بنیادنانی کەسایەتی، و پاڵپشتی قوتابیان بۆئەوەی ئامادەبن بۆ ئەرکەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا ببێتە چەقی لێکۆڵینەوە و سەنتەری ئەکادیمی هەمیشەیی بۆ خەڵکی ناوچەکە.

کاتێک کارکردن لە باڵەخانەی زانکۆی ئەمه‌ریکی کوردستان لە دهۆک دەستیپێکرد، ئێمە لەشەڕی دژ بە داعش بووین، شەڕ تەنیا 12 کیلۆمەتر لێرەوە دوور بوو. بەهۆی قارەمانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانەوە لەژێر سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، کارکردن لە زانکۆکە بەردەوام و بوو ساڵی 2015 کارکردن لە باڵەخانەی مستەفا بارزانی کۆتاییهات.

نەوەیەکی پەروەردەکراو بە زانست باشترین چەکە لە دژی توندەڕەوی بە هەموو جۆرەکانیەوە. هەربۆیە هیچ شتێک نەیتوانی کردنەوەی زانکۆکە رابگرێت. ئامانجەکەش ئەوە بوو زانکۆی ئەمه‌ریکی کوردستان لە دهۆک ببێتە چرای پێکەوە ژیان، رێزگرتن و فرەیی و رەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی و رەگەزی.

لە 2015ەوە کوردستان و ناوچەکە لە دۆخێکی خراپی ئابووریدا بوو، بەڵام زانکۆ هەر بەردەوام بوو، ئەمەش بەهۆی پێداگری فاکەڵتیەکان، ستاف و قوتابیان و پشتیوانی بۆردی ئەمیندران و دامەزراوەی زانکۆی ئەمه‌ریکی لە کوردستان. سوپاس بۆ دامەزراوەی زانکۆی ئەمه‌ریکی لە کوردستان، بەڕێوبەرایەتی بۆردی دامەزراوەکە و دکتۆرە رانیا مەجید، سەرۆکی دامەزراوەکە کە تێچووی چەند پرۆگرامێکی خوێندنی لە ئەستۆ گرتووە و بەردەوامە، لەگەڵ دروستکردنی تاقگە هونەرییەکان و بنیادنانی هۆڵ و شوێنی نیشتەجێبوون لە کەمپەسی زانکۆ، ئەمانە رێگە خۆشکەربوون بۆئەوەی زانکۆکە زیاتر پێش بکەوێت.

هەروەها دەمەوێت سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانی بکەم بۆ پاڵپشتیەکانی لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان. زانکۆی ئەمه‌ریکی کوردستان لە دهۆک جەخت لەسەر پێدانی متمانە و بە دامەزراوەیی کردن کردووە. ئەم هەوڵە بەشێکە لە رێگەپێدانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا کە زانکۆی ئەمه‌ریکی کوردستان لە دهۆک لەگەڵ 6 زانکۆی دیکەی ئەمریکی هاوبەشن تێیدا، بۆ دڵنیابوون لە ستاندارەکان و لەوەی دەرچوانی ئەم زانکۆیە بتوانن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کێبرکێ بکەن.

ئەم هەماهەنگییەی نێوان زانکۆی ئەمه‌ریکی کوردستان لە دهۆک و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەنگاوەکانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە زانکۆکەدا خێراتر کرد، و دەبێتە هۆی ئەوەی زانکۆکە بێتە نمویەکی باڵا لە کوردستان و ناوچەکە.

سوپاسی دکتۆر رانداڵ رۆدس دەکەم، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک بۆ سەرۆکایەتی لە ماوەی پەتای كۆرۆنای نوێ و هەوڵ و دەسپێشخەرییەکانی بۆ ساڵانی داهاتوو.

ئەمڕۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بۆ پرۆگرامی فرەچەشن کردنی ئابووری و گەشەسەندنی کەرتی تایبەت تەرخانکردووە. سەرەرای ئەوەی شانازی بەو دەستکەوتانەوە دەکەین لە کەرتی وزەدا بەدەستمان هێناون و چاومان لەوەیە کەرتی غازیش بەروپێشەوە ببەین، گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی نابێت وزە تاکە سەرچاوەی داهاتی گەلەکەمان بێت. لەم سۆنگەیەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەندین پڕۆژەی ستراتیژیدا وەبەرهێنانی کردووە، هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا بەناوبانگەکان هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی سێکتەرە گرنگەکان و رەخساندنی دەرفەتی کار. چەند رۆژێک لەمەوبەر بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەکی گرنگم بۆ ئەمبارکردنی گەنم لە هەولێر و سلێمانی دانا، هەر لەناو پرۆژەکاندا کارگەی بەرهەمێنانی ئارد و سایلۆ و سەنتەری لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانیشی تێدایە. هەمان پرۆژە لە دهۆک و هەڵەبجەش دروستدەکەین.

چەند رۆژێک لەمەوبەر لە پارێزگای دهۆک بەردی بناغەی کارگەیەکی دروستکردنی به‌رهه‌مه‌كانی په‌تاته‌م دانا کە هەزاران دەرفەتی کار دەڕەخسێنێت. گەورەترین کارگەی دروستکردنی ستیلمان لە عێراق کردووەتەوە، کە بە بەرهەمەکانی لە ئاسن و ستیل بەگوێرەی ستانداری نێودەوڵەتین و لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 1000 دەرفەتی کار دەرەخسێنێت. لە دهۆک پرۆژەی گەشتیاری چیای زاوامان کردەوە، کە نەک تەنیا دیمەنی دڵڕفێنی کوردستان نیشاندەدات بەڵکو دەرفەتی کاریش دەڕەخسێنێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چڕی وەبەرهێنانی لە ژێرخانی ئابووری و چەندین پرۆژەی ستراتیژیدا کردووە لەناویشیاندا پرد و بەرزە پرد و تونیڵ لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشی لە بواری چاکسازیدا ناوە، خزمەتگوزارییە گشتیەکانی باشترکردووە، رۆتینانی نەهێشتووە و سەرقاڵی بە دیجیتاڵکردنی بەڕێوەبردن لە فەرمانگە و بەشە جیاوازەکانی حکومەت.

لەبەر رۆشنایی ئەم کارە لەپێشینە نیشتمانیانەدا، لەگەڵ دەرچوونی ئێوە لە زانکۆ پێویستە بەهرە و زیرەکی و زانستی خۆتان بەکاربهێنن و بەرپرسیارێتی سەرکردایەتی ئەم گەلە لە قۆناغەکانی داهاتوو بگرنە ئەستۆ. زانکۆی ئەمه‌ریکی کوردستان لە دهۆک، هەموو هەوڵی خۆیداوە بۆ ئەوەی باشترین پەروەردە و راهێنانی ئەکادیمیتان پێشکەش بکات بۆ پەرەپێدان و پێشخشتنی تواناکانتان. لە هەمووی گرنگتر لە ماوەی خوێندنی ئەکادیمیتاندا لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک، هەستی بەرپرسیارێتی و کۆمەڵایەتیتان لە ئاستێکدایە تەواوکەری ئەو خواست و ئامانجەی من، بۆئەوەی زانکۆکە ببێتە نموونەیەکی باڵا لە دیموکراسی و داپەروەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەگەڵ وەرگرتنی بڕوانامەکانتان ئەو بەرپرسیارییەتان دەکەوێتە ئەستۆ کە گەل و نەتەوەکەی خۆتان خۆشبوێت و بەشداربن لە گەشەسەندن و بەرەو پێشەوەبردنی. پرۆگرامە ئەکادیمەکان، بەکالۆریۆس لە پەرستاریدا نەک تەنیا بەگوێرە ستاندارە نێودەوڵەتیەکانە بەڵکو بەڵکو هاوکاتە لەگەڵ ئەو هێزی کارەی لەم بوارەدا لە پێویستمانە. زانکۆی ئەمه‌ریکی کوردستان لە دهۆک لیژنەیەکی راوێژکاری پیشەسازی پێکهێناوە بۆ پێدانی زانیاری گەڕاوە (فیدباک) لە بواری پەرەپێدانی پرۆگرام، رێنوێنی و گواستنەوەی قوتابیانی دەرچوو لە زانکۆوە بۆ بواری تایبەتی خۆیان لە کارکردن.

رێنوێنی و قسەی کۆتاییم ئەوەیە:

هەرچۆنێک پێتان دەکرێت خزمەتی نەتەوەکەتان بکەن.

بێ جیاوازی لەگەڵ هەموو پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکان کاربکەن.

رێز لە فرە پێکهاتەیی و جیاوازییەکانی کۆمەڵگەکەمان بگرن.

ژینگەی کوردستان بپارێزن و کار بۆ پاراستن و پاکراگرتنی ژینگە بکەن.

دەرچووانی ئازیز.. جارێکی دیکە،

پیرۆزبایی ئەم دەستکەوت و سەرکەوتنە مەزنەتان لێدەکەم. سوپاس بۆ هەمووتان کە بەشداری ئەم ئاهەنگە بوون، سوپاس بۆ پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان کە قارەمانانێتی و قوربانیدانی ئەوانە بووەتە هۆی ئەوەی لەم بۆنە خۆشەدا کۆببێنەوە. لە فێربوون و پێشکەوتن بەردەوام بن، فێربوون بە بڕوانامەیەکی بەکالۆریۆس کۆتایی نایەت. ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامە.