ڕاوێژكارێكی كازمی: بە نیازین سێ سفرەكەی سەر دیناری عێراقی لابدەین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕاوێژكارێكی كازمی: بە نیازین سێ سفرەكەی سەر دیناری عێراقی لابدەین

پێویستیان بە جێبەجێكردنی دوو مەرجە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكارییەكە

ئەمڕۆ يەكشەممە راوێژكاری دارایی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕای گەیاند حكوومەتی فیدراڵی بە نیازی لادانی سێ سفرە لەسەر دراوی دینار، بەڵام ئەم كارە بە دوو مەرج جێبەجێ دەكرێت.

مەزهەر ساڵح راوێژكاری دارایی كازمی بە میدیای فەرمیی وڵاتەكەی راگەیاندووە دوو مەرج هەیە بۆ جێبەجێكردنی پلان و بیرۆكەی لادانی سێ سفر لەسەر دیناری عێراقی، چونكە لادانی ئەم سفرانە بەشێكە لە ستراتیژییەتی چاكسازیكردن لە سیستەمی دراو و نەختینە لە عێراقدا.

ئەوەشی گوتووە كە بانكی ناوەندیی عێراق دەمێكە پرۆژەی لادانی سێ سفرەكەی بە مەبەستی چاكسازیكردن لە سیستەمی نەختینە پێشكەش كردووە، ئەمەش بە هۆی مانەوە و بەردەوامبوونی قورسایی پاشماوەی كاریگەریی ئابڵوقەی ئابوورییە لەسەر عێراق، كە لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا بەسەر عێراقدا سەپێندرابوو.

هەروەها دەڵێ كە لێكۆڵینەوەیان لە ٥٤ ئەزموونی نێودەوڵەتی لە دوای شەڕی دووەمی جیهانیەوە كردووە لەبارەی دەستكاریكردنی سفرەكانی سەر دراوەوە، بە زۆرییش گۆڕانكارییەكان بوونەتە هۆی ئەوەی دراوی ئەو وڵاتانە كاراتر بن، دواهەمین ئەزموونەكانیش ئێران و توركیان.

مەزهەر ساڵح لەبارەی لادانی سفرەكانی سەر دیناری عێراقیشەوە باسی لە بەدیهاتنی دوو مەرج كردووە، مەرجی یەكەمیان ئەوەیە كە دەبێت سەقامگیری نرخ و گەشەی ئابوورییی جیهانی دەستەبەر بێت، دووەم مەرجیش بریتیە لە سەقامگیری ژیانی سیاسیی وڵاتەكە.

ئاماژەش بەوە دەدات كە لە دوای بەدیهاتنی ئەم دوو مەرجانە، دەشێ سفرەكانی سەر دیناری عێراقی لابدرێت و یەكەی دراوەكە بچوك بكرێتەوە، تا ژمارەی هەژمارەكانیش دابەزن و ئاسانتر مامەڵە بە دینارەوە بكرێت، بۆ ئەوەی چیتر بەهای یەك دیناری جاران لەژێر ناو و دراوی یەك هەزار دیناری ئێستا مامەڵەی پێوە نەكرێت، یاخود ٢٥٠ فلسی جاران چیتر ٢٥٠ دیناری ئێستا نەمێنێت، كە ئێستا ٢٥٠ دیناری عێراقی وەك كەمترین یەكەی دراو لە عێراقدا مامەڵەی پێوە دەكرێت و بەهای هەرزانترین شت گەیەندراوەتە ٢٥٠ دینار، ئەمەش زیانی زۆری بە هاووڵاتییان گەیاندووە، بەتایبەتییش بە چینی هەژارانی وڵاتەكە.