كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

فایەق گوڵپی: بۆ بە ئامانجگرتنی سەركردەكانی پەكەكە، توركیا لەگەڵ یەكێتی هەماهەنگیی هەواڵگری هەیە

”زۆرترین سەركردەی پەكەكە لە سنووری سلێمانی كراونەتە ئامانج“

سەركردەیەكی پێشووی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئاشكرای دەكات، توركیا بە مەبەستی بە ئامانجگرتنی سەركردەكانی پەكەكە لە سنووری سلێمانی، هەماهەنگی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەیە.

ماوەیەكە لەلایەن توركیاوە زوو زوو كادیر و بەرپرسانی پەكەكە لە سنووری سلێمانی دەكرێنە ئامانج بەبێ ئەوەی ناسنامەكانیان ئاشكرا بكرێت، بەڵام لەوە دەچێت بەرپرسانی ئەو حزبە بن، دوایینیشیان ئێوارەی دوێنێ بوو كە دوو كادیری پەكەكە لە نێو ئۆتۆمبێلێكی مەدەنیدا لە سنووری قەزای ماوەت لە باكووری پارێزگای سلێمانی كرانە ئامانج و گیانیان لەدەست دا.

لەمبارەیەوە د. فایه‌ق گوڵپی، سەرۆكی پێشووتری پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان كە باڵێكی پەكەكە بوو لە هەرێمی كوردستان و ئێستا هەڵوەشاوەتەوە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، به‌بێ هه‌ماهه‌نگی، تورکیا ناتوانێت له‌ سلێمانی په‌که‌که‌ بکاته‌ ئامانج.

پرسیاری ئەوەشی كرد كە ”بەبێ هەماهەنگی، تورکیا چۆن له‌ ماوه‌ت و پشده‌ر ئۆتۆمبێلی په‌که‌که‌ ده‌کاتە ئامانج؟“.

باسیشی لەوە كرد كە چەند ساڵێك لەمەوبەر ژمارەیەك سەركردەی پەكەكە، لە نێویاندا دەمهات عەگید و جەمیل ئامەد لە چیای ئەزمەڕ لە نزیك سلێمانی كرانە ئامانج، ”ئەگەر كەسێك نەبێت، چۆن ئەمانە ناسرانەوە و كرانە ئامانج؟“.

فایەق گوڵپی باسیشی لبەوە كرد كە لە ماوەی رابردوودا ”زۆرترین سەركردەی پەكەكە لە سنووری سلێمانی كراونەتە ئامانج، رەنگە پەكەكە بزانێت یەكێتییە و قسە نەكات، یانیش دەزانێت یەكێتییە و كاتی نەهاتووە، یانیش وادەزانێت خەڵكیترە، ئەگەر پەیوەندییەكی سەربازی لە نێوان پارتی و توركیا هەبێت، ئەوا پەیوەندیی هەواڵگری لە نێوان یەكێتی و توركیا هەیە و رەنگە ئەو هۆكارە هەواڵگرییە بێت كە کادیرانی په‌که‌که‌ لێره‌ (لە سلێمانی) ده‌کرێنه‌ ئامانج“.

بە پێویستیشی زانی، په‌که‌که‌ له‌ یه‌کێتی بپرسێت خێره‌ ئه‌و هه‌موو سه‌رکرده‌یەتان له‌ سلێمانی کراوه‌ته‌ ئامانج؟ له‌م سنووره‌ زۆرترین سه‌رکرده‌ی په‌که‌که‌ کراونەته‌ ئامانج، ”بۆچی په‌که‌که‌ قسه‌ ناکات به‌رانبه‌ر به‌ یه‌کێتی؟“.