كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە لۆفەکانی سەری بەردی نیگەرانیی ژینگەپارێزانی لێ کەوتووەتەوە

پیسکردن و فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە پێچەکانی رێگای سەرەکی سەری بەردی (سۆران-دیانا) دیاردەیەکی ناشارستانیی بە ناوچەکە بەخشیوە و مەترسیش لەسەر گیانی ئاژەڵان و تەندروستیی مرۆڤ دروست کردووە.

 ئەنوەر دۆڵەمەری، سەرۆکی سەنتەری بارزان بۆ ژینگەپارێزی و شاخەوانی، (باسنیوز)ی راگەیاند: "رێگای سەرەکیی سەری بەردی پێچەکانی (سۆران-دیانا) جگە لەوەی شوێنێکی بەرز و گەشتیارییە، لە هەمانکاتیشدا کاتی خۆی پیشمەرگەکان جوانترین داستانیان لە ناوچەکە تومار کردوە، کە بە داستانی سەری بەرد ناو دەبرێت، کەچی بەداخەوە کەسانێک بەبێ هەستکردن بە پیسکردنی ژینگە رۆژانە زبڵ و پاشماوەکان لە دەووروبەری دەگوازنەوە بۆ شوێنەکە و لە پاڵ شەقامەکە فڕێی دەدەن و ژینگەی شوێنەکە پیس دەکەن".

 گوتیشی: "جگە لەوەی ئەم زبڵ و خاشاکە دیمەنێکی ناشارستانییان بەم شوێنە بەخشیوە، لە هەمانکاتیشدا بۆنێکی ناخۆش لە ناوچەکە بڵاو دەبێتەوە و رۆژانەش ئاژەڵەکان پەنا بۆ خواردنی ئەو نایلۆن و پاشماوانە دەبەن ئەوەش جێگەی مەترسییە بۆ ژینگەی دەڤەرەکە بەگشتی".

 دواشی کرد لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەڤەرەکە خەمێکی جددی لە بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە بخۆن، هەروەها رۆژانە شوێنەکە لە زبڵ و خاشاکەکان پاک بکرێتەوە.