کەلەپوور و شوێنەوارەکانی کوردستان بەهۆی کێشەی موڵکایەتییەوە لەناو دەچن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کەلەپوور و شوێنەوارەکانی کوردستان بەهۆی کێشەی موڵکایەتییەوە لەناو دەچن

کۆشکی مەجید پاشای بابان، یەکێک لە کۆنترین شوێنە کەلەپوورییەکانی کوردستانە لە قەزای کفری، کە ئێستا بەشێکی زۆری بیناکەی ڕووخاوە و رەوشی پاراستنی زۆر خراپە.

لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، واتا ساڵەکانی ١٨٠٠ لە سەردەمی دەسەڵاتداریی عوسمانییەکان لە سەر پارچە زەوییەک بە ڕووبەری نزیکەی ١٠٠٠ مەتر خانوویەک کە نزیکەی٢٠ ژووری قەبارە جیاوازی لەخۆی دەگرت، تایبەت بۆ خێزانی (مەجید پاشای بابان / مەجید پاشای قادر بەگی بابان) لە سنووری کفری دروست کرا.

ئەم کۆشکە دەکەوێتە رۆژئاوای شاری کفرییەوە، لە دوو نهۆم پێكهاتووە و چەندین ژوور و دیوەخانێکی پێکهاتووە. کاری دروستکردن و بیناکردنی ئەم کۆشکە لە لایەن وەستای شارەزای ئێرانییەوە کراوە و لەو سەردەمەدا وەک شاکارێکی هونەری بیناسازی بووە و دەرگا و پەنجەرەکانی بە شێوازی فولکلووری لە دار دروست کراون و بەشێک لە دیوارەکانی بە نەخشی رەوەکی و ئاژەڵی نەخشێندراوە.

لە کوردستان وێنەی ئەمجۆرە خانوو و کۆشکانە کەمن، کە وا لە قەبارەی گەورە دروست کرابێت و بەتەواوەتی پارێزراو بێت و ئەم کۆشکەش هەروەک شوێنەوار و کەلەپوورەکانی تر دوور نەبووە لە وێرانی و تێکچوون، هەرچەند لە ساڵی ٢٠٠٧ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری نۆژەنکردەوەی کۆشکی مەجید پاشای بابانی دەرکرد و بڕی 118 ملیۆن دیناریشی بۆ تەرخان کرد و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانییەوە کۆمەڵێک کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ کراوە، بەتایبەتی لە نهۆمی دووەمدا، بەڵام کارەکە بە نیوەچڵی بەجێ هێلدراوە و هۆکارەکەشی کورتهێنانی پارە و بودجەی دیاریکراو بۆ پرۆژەکە باس کراوە و چیتر هیچ کارێکی بۆ ئەنجام نەدراوە و ئێستا رەوشی پاراستنی کۆشکەکە زۆر خراپە، بە تایبەت بەهۆی هۆکارە تێکدەرە سرووشتییەکانی وەک باران.

بە گوتەی ساڵح محمەد سەمین، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان: یەکێک لە هۆکارەکانی درێژەپێنەدان و دووبارە دەستپێنەکردنەوەی کاری نۆژەنکردنەوەی ئەم بینا کەلەپوورییە، بۆ کێشەی خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە. واتە ئەم کۆشکە موڵکی حکومەت نییە و خاوەندارێتیی  بۆ بنەماڵەی مەجید پاشا دەگەڕێتەوە کە ئەوان گازەندەیان لە شێوازی نۆژەنکردنەوەکەی هەبووە، هەروەها پرسیان پێ نەکراوە بۆ کارکردن لەسەر بیناکە و دەستپێکردن بە نۆژەنکردنەوەی.

بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان گوتیشی ئێستا بەهۆی کێشە و قەیرانی ئابوورییەوە، هیچ پلانێکی نۆژەنکردنەوەمان نییە بۆ ئەم بینا کەلەپوورییە، بەڵام دەکرێ لە داهاتوویەکی نزیکدا لەرێگەی لایەنە پێوەندیدارەکانەوە پلانی بۆ دابنرێت و لە نەمان و رووخانی یەکجارەکی بپارێزرێت.

کۆشكی مەجیدپاشای بابان کە بەهۆی چۆلی و نیوەڕووخاوی ماوەیەک ببووە شوێنی فرێدانی زبڵ و خاشاکی خەڵک، ئێستا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری گەرمیانەوە پاک کراوەتەوە و پارێزراو.

بابانەکان یەکێک لە میرنشینە کوردییەکانی چەند سەدەی رابردوو بوون، کە لەسەر دەستی فەقێ ئەحمەد دارشمانی ناسراو بە دارشمان دامەزراوە. سنووری جوگرافیای دەسەڵاتداریی بابانەکان ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە و شارەکانی سنە، کرماشان و سلێمانی و کەرکووک و لەژێر دەسەڵاتدارییاندا بووە و پایتەختیان قەڵاچوالان بووە کە دواتر لە ساڵی ١١٩٨ بۆ شاری سلێمانی گوازراوەتەوە. مەجید پاشای بابان (١٩٠٥ کۆچی دوایی کردووە) چەندین ئاسەوار و بینای لە پاش بەجێ ماووە وەک کۆشکەکەی خۆی و مزگەوتی خانەقا لە کفری و کاروانسەرا، یان ویستگەی حەوانەوە لە رێگای سلێمانی. تەرمی مەجید پاشای بابان هەر لە تەنیشت ماڵەکەی و لە سنووری کۆشکەکەی نێژراوە.