كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

 دروشمەکانی سوپای پاسداران لەسەر دیوارەکانی هەڵەبجە نوێ دەکرێنەوە

سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە: هەموو نووسینی سەر دیوارەکان دەسڕینەوە

لە بەشێک لە گەڕەك و كۆڵانەكانی شاری هەڵەبجە، دروشم و نووسینی سەردەمی جەنگی عێراق و ئێران هێشتا هەر ماوە، کە ئەوکاتە هەندێک لە نووسینەکان لەلایەن سوپای پاسداران و هەندێکیشیان لەلایەن گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی عێراق و بەشکیش لەلایەن بەرەیەکی کوردستانییەوە نووسراون. چەند درووشمێکی سوپای پاسداران دژی ئەمەریکان و ئێستا نوێ دەکرێنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی (کوردستان ٢٤) بەشێک لە دروشمەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، کە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە هەڵەبجە نووسراون،  چەند ساڵێکە لەلایەن کۆمەڵێک گەنجەوە دەست کراوە بە تۆخکردنەوەیان، پرۆژەکەیان ناو ناوە (دێکۆمێنتکردنی زمانی دیوارەکان مێژووی شارێک) بەشێک لەو نووسینانەیان نوێ کردووەتەوە.

عومەر ساڵح، یەکێکە لەو چالاکوانانەی بەشداری پڕۆژەکەی کردووە، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: "بەشێک لە نووسینەکان هی ئێرانن، کاتێک هاتوونەتە هەڵەبجە دروشمەکانیان و وتەکانی ئیمام خومەینیان نووسیووە، هەندێکیشیان هی بەرەی کوردستانین، کە نەوەی ئێستا نازانن بەرەی کوردستانی چییە و لە چەند حزب پێکهاتووە، جگە لەوە ناوی هێزێکی عێراقیمان دۆزییەوە کە بەرەی بەدری پێ گوتراوە".

گوتیشی: "ئێمە چاومان تەنها لەسەر نووسینی لایەک نەبووە، بەڵکوو ویستوومانە ئەوەی نووسراوە وەکخۆی نوێ بکەینەوە، بۆ ئەوەی وەک مێژوو بمێنێتەوە".

نوێکردنەوەی ئەو درووشمانە لەلایەن هەندێک لە دانیشتووانی هەڵەبجە پێشوازی لێ کراوە، لەلایەن هەندێکی دیکەشەوە رەت دەکرێتەوە، چونکە پێیان وایە سیمای شاری ناشیرین کردووە، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجەش دەڵێت ئەو پڕۆژەیە بۆ ئەوکات باش بووە، بەڵام ئێمە سەرجەم ریکلام و نووسینی دیکەی سەر دیوارەکان ئەوانیش دەسڕینەوە.

کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە ڕای گەیاند: "هەڵمەتێک دەست پێدەکەین و هەموو نووسین و ریکلامەکان لەسەر دیوار دەسڕینەوە".

لە ساڵی ١٩٨٨ و لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە، سوپای پاسداران یەکێک لەو هێزانە بوو کە لە کاتی کیمیاییەکەدا لەناو شاری هەڵەبجە هەبووە و جیا لە گرتنی وێنە و گرتە فیلم، چەندین دروشمیان لەسەر دیوارەکانی شارەکە نووسیبوو.