كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

74 ساڵ لەمەوبەر، پیرەمێردی شاعیر ئەم شیعرەی بۆ پەڕینەوەی بارزانی و یاوەرانی لە رووباری ئاراس نووسی

حەفتا و چوار ساڵ لەمەوبەر، دوای رووخانی كۆماری كوردستان لە مهاباد، مستەفا بارزانی سەركردەی هەرە درەوشاوەی مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستان، لەگەڵ ژمارەیەك لە یاوەرانی، بە پەڕینەوە لە رووباری ئاراس و گەیشتن بە خاكی یەكێتیی سۆڤیەتی جاران، پاش رێڕۆیشتنێكی ٥٣ رۆژی، داستانێكی مێژوویی دیكەیان بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی كورد و كوردستان تۆمار كرد.
ئەو كاروانەی بارزانی و هەڤاڵانی كە سنووری پڕ سەختیی هەرسێ دەوڵەتی ئێران، عێراق، توركیای بڕی، تژی بوو لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سوپا و چەكدارانی سێ دەوڵەت و پووچەڵكردنەوەی پیلان و هەڕەشەكانی داگیركەران، بۆیە ئەو رووداوە ویژدانی گەلێ لە شاعیرانی كوردی جووڵاند و یەكێك لەو شاعیرانەی شیعریان بۆ ئەو داستانە نووسی، پیرەمێردی شاعیری ناوداری كورد بوو كە ماوەیەك دوای ئەو رووداوە، شیعری (عەشرەت هاوارە)ی نووسی، ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو شیعرەیە كە ئەمڕۆ لە ٧٤هەمین ساڵوەگەڕی ئەو داستانەدا بڵاوی دەكەینەوە:

عەشرەت هاوارە

پیرەمێرد
عەشرەت هاوارە، عەشرەت هاوارە
كــەوتوومە (ئاراس) ئاو بێ بوارە
ڕێم نیە منیش شوێن ئەوان كـەوم
پیـرم هەنگـــاوێك بنێم ئەكـەوم
لێـرەش وا كـەوتوم بەدەم دەردەوە
لە ئێشی دووری و ئاهی سەردەوە
دكتۆر دەوای تۆم ناوێ لێم گـەڕێ
بەڵـكم بـەئاهم دەوران وەرگـەڕێ
با وا وەرگـەڕێ، ئێــلم وەرگـەڕێ
بـا زرمـەی تـۆپی زەڕەی بەركەوێ
ئەو ساكە دوعای مـن وا گـیرا بێ
لـە خــانەی خاكا، ئــاواتم نـابێ
ئینجا تەلقـینم بدەن بە كــوردی
بڵێن ئاواتت هاتە جێ و مـردی