”مه‌لا مسته‌فاى تێكۆشه‌ری رۆژانى رۆژه ره‌شه‌كانى رابردوو، بۆ چاولێكنانێك چیه، چه‌كى خه‌باتى دانەناوە“... گۆران
شاعیرى گه‌وره‌ى كورد، مامۆستا (گۆران)، ناوى عه‌بدوڵا به‌گ كوڕى سلێمان به‌گى كوڕى عه‌بدوڵا به‌گه. باوك و باپیریشى له شیعر و ئه‌ده‌بدا بەتوانا بوون و به زمانى كوردى و فارسى نووسیویانه و شیعریان نووسیوه، به‌تایبه‌تى عه‌بدوڵا به‌گى باپیرى، كه (گۆران) به‌ناویه‌وه نراوه، له زمان و ئه‌ده‌بى فارسی‌دا ده‌ستێكى باڵاى هه‌بووه و هه‌ر بۆیه‌ش به (كاتبى فارسى) ناو براوه.
گۆران-ی شاعیر له 1904 له هه‌ڵه‌بجه له‌دایك بووه، له هه‌ڵه‌بجه و كه‌ركووك خراوه‌ته به‌ر خوێندن، سه‌ره‌تاى خوێندنیشى لاى باوكى بووه و قورئانی خوێندووه و پاشانیش له مزگه‌وتى (پاشا) له هه‌ڵه‌بجه بووه به فه‌قێ، ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌كیش به (فه‌قێ عه‌بدوڵا) ناسراوه. بۆ یه‌كه‌مین جار له ساڵى 1925دا به مامۆستایى له قوتابخانه‌ى هه‌ڵه‌بجه دامه‌زراوه، تا ساڵى 1937 له قوتابخانه‌كانى ئه‌و ناوچه‌یه ماوه‌ته‌وه.
له 1952دا ده‌بێته به‌رپرسى رۆژنامه‌ى (ژین). هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا، له‌گه‌ڵ چه‌ند رۆشنبیرێكى تر‌ى كورددا ده‌چێت بۆ (یافا) و له ئێستگه‌ى (رادیۆى رۆژهه‌ڵاتى نزیك)، به مه‌به‌ستى به‌شدارى له خه‌باتدا له دژى فاشیزم (به‌شى كوردستان) ده‌كه‌نه‌وه. له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراقه‌وه چه‌ند جارێ ده‌ستگیر ده‌كرێت، تا دواجار له‌گه‌ڵ به‌رپابوونى شۆڕشى 14ی ته‌مووزى 1958 ئازاد ده‌كرێت.
له 1959یشدا سه‌رپه‌رشتیى گۆڤارى (شه‌فه‌ق) ده‌كا و به‌ناوى (به‌یان) ده‌رى ده‌كات. له ساڵانى شه‌سته‌كاندا ده‌بێته وانه‌بێژ له به‌شى كوردیى كۆلێژى ئادابى زانكۆى به‌غدا. ماوه‌یه‌كى زۆر دووچارى نه‌خۆشىی سەخت ده‌بێت و له رۆژى 18/11/1962 له سلێمانى كۆچى دوایى ده‌كات و له گردى سه‌یوان به خاك سپێردرا.
ئه‌م شاعیره نوێخوازەی بواری پیاهه‌ڵدان به سروشتی دڵڕفێنی كوردستان و ئافره‌ت و عه‌با و په‌چه و سۆزی پڕ ناخی جگه‌رسۆز و ئازاری له‌ده‌ستدانی هاوڕێ و یادی شه‌وی یه‌ڵدا و كانیاو و كانی و تریفه‌ی مانگ، جێده‌ستى دیار و به‌رچاو بووه و رۆڵى گه‌وره‌ى بینیوه، گۆران له زۆر بۆنه‌ی تاڵ و شیرین، له ناخه‌وه شیعری جوان، به جوانیی مرواری، به ره‌ونه‌قی ئه‌ڵماس، به به‌های خه‌زێنه‌كه‌ی حه‌زره‌تی سلێمان، پێشكه‌ش به گه‌لی كورد كردووه.
چه‌ند رۆژێك به‌ر له گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانیى نه‌مر و هەڤاڵانی له یەكێتیی سۆڤیه‌تی جاران بۆ كوردستان، به وتارێكى جوان و به چه‌ند وشه‌یه‌كى سه‌نگین، خۆشحاڵیى خۆى سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ى بارزانى و هەڤاڵانی ده‌رده‌بڕێت و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ خه‌بات و تێكۆشانه‌كه‌یان ده‌كات و به‌رزى ده‌نرخێنێت، شانازى به‌و تێكۆشانه‌یانه‌وه ده‌كات و ئومێدى گه‌شیان لێ چاوه‌ڕوان ده‌كات.
گۆران-ى شاعیر، شه‌كه‌تى ده‌ستى (نه‌خۆشى، زیندان، بارى بژێوى و بێمووچه‌یى) واى لێ كردبوو، كه له ژیان نیگه‌ران بێت، به‌ڵام له باخچه‌ى ئه‌ده‌ب دوور نه‌كه‌وێتەوە و له شیعرى ناسك و وه‌سفى جوانى كوردستان و تازه‌كردنه‌وه‌ى شیعرى كوردى نەك هەر كه‌مته‌رخه‌م نه‌بێت بەڵكوو زۆر كارا بێت، به‌هۆى سه‌لیقه و تواناى خۆى له‌م مه‌یدانه‌دا، (مه‌یدانى شیعر) بره‌و پێ بدات و گوڵئاسا به‌رده‌وام گوڵى باخچه‌ى شیعرى گه‌شاوه و پاراو بێت.
ئه‌م شاعیره مەزنەی كورد، شیعرى بۆ زۆر كه‌سایه‌تیى دیارى كورد نووسیوه، ئه‌م هه‌نگاوه‌ى هه‌ڕه‌مه‌كی نه‌ناوه، ئه‌وانه‌ى به شیعر یان به نووسین به‌سه‌رى كردوونه‌ته‌وه، خاوه‌نى كه‌سایه‌تیى دیارى بوارى (شۆڕشگێڕى و نیشتمانپه‌روه‌رى، كۆمه‌ڵایه‌تى، سیاسى، ره‌وشتى به‌رز، كاره‌ساتى ئه‌مین و دڵدارى ناكام، سۆز و هه‌ستى باوكایه‌تى، هاوڕێیه‌تى، مه‌رگ و دواماڵئاوایى، نه‌خۆشى و شه‌وى یه‌ڵدا، وه‌سفى جوانى كوردستان و ئافره‌ت)، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ناخى گۆران هه‌بووه و شایسته‌ى وشه‌ى جوان و پاراوى گۆرانی نوێخواز بوون.
له‌م روانگه‌یه‌وه، (گۆران) له رۆژنامه‌ى (ژین)ی ژماره (1411)ى 2/10/1958، كە لە سلێمانی دەردەچوو، وتارێكى ده‌رباره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى سەركردەی درەوشاوەی مێژووی بزاڤی ئازایخوازی كوردستان (مسته‌فا بارزانى) و هەڤاڵانی نووسیوه.
ئه‌م وتاره‌ى گۆران و ئه‌و (ته‌له‌گراف) برووسكه‌یه‌ى گۆران و هاوڕێكانى بۆ (عه‌بدولكه‌ریم قاسم)ی سەرۆكی ئەودەمی عێراق به‌رز كراوه‌ته‌وه، سه‌باره‌ت به سه‌ركرده‌ى نه‌ته‌وه‌یى گه‌لى كورد، راده‌ى به‌رزی و شكۆمه‌ندیى مه‌لا مسته‌فا بارزانى پیشان ئه‌دات. ئه‌وه‌ش ده‌سه‌لمێت، كه گۆران-ى شاعیر له ناخیدا هه‌ستى پێ كردووه، بۆیه قه‌ڵه‌مى خستووه‌ته سه‌ر كاغه‌ز و ئه‌وه‌ى له ناخیدا هه‌ستى پێ كردووه و كارى تێ كردووه، خستوویه‌تییه سه‌ر یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ى رۆژنامه‌ى (ژین).
هه‌روه‌ها له كاتى گه‌ڕانه‌وه‌ى بارزانى و سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ شارى سلێمانى، گۆران، هاوڕێ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندى ناسراو جه‌مال به‌ختیار، له ماڵی شێخ له‌تیف شێخ مه‌حموود حه‌فید، به‌خێرهاتنیانی بۆ سلێمانی لێ كردووه. جگه له‌وه‌ش، كاتێك جه‌ماوه‌رى كوردستان، به‌تایبه‌ت خه‌ڵكى سلێمانى به گشت چین و توێژەکانه‌وه برووسكه بۆ به‌خێرهاتنه‌وه‌ى بارزانى ده‌نێرن و خۆشحاڵیى به گه‌ڕانه‌وه‌ى مسته‌فا بارزانى ده‌رده‌بڕن، هاوكات گۆران-ى شاعیر له‌گه‌ڵ پۆلێك له هاوڕێكانیدا، برووسكه‌ی سوپاسگوزاریشیان بۆ عه‌بدولكه‌ریم قاسم، به بۆنه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانی بۆ كوردستان ناردووه.
ئەوكات گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ى شۆڕشگێڕانى گه‌لى كورد بارزانیی نه‌مر بۆ كوردستان، گرنگییه‌كی زۆری لای (گۆران)ی شاعیر هه‌بووه و به په‌رۆش بووه و وه‌ك رووناكبیر و شاعیرێكى گه‌وره‌ى نه‌ته‌وه‌كه‌مان خۆشحاڵیى ده‌ربڕیوه، بۆیه به نووسینى وتارێك ئه‌م گوزارشته‌ى ده‌ربڕیوه، له وتاره‌كه‌یدا ئاماژه به رۆڵ و خه‌باتى تێكۆشه‌رانه‌ى بارزانى و بارزانییه‌كان ده‌كات.
لێره‌دا و له‌م بابه‌ته‌دا، هه‌م ده‌قى وتاره سه‌نگین و به بایه‌خه‌كه‌ى و هه‌م ده‌قى برووسكه‌كه‌یان ده‌خه‌ینه روو، كه په‌یوه‌سته به گه‌ڕانه‌وه‌ى مسته‌فا بارزانى و عێراق و كوردستان.
نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان سوپاسى عەبدولكەریم قاسم ده‌كه‌ن كه بڕیاری دا بارزانى و پێشمەرگەكانی یاوەری، لە یەكێتیی شۆڤیتەەوە بگەڕێنەوە.
مامۆستا گۆران و چه‌ند رووناكبیر و هونه‌رمه‌ندێكى ناسراوى كورد، وه‌ك سوپاس و پێ‌زانین، بەو بۆنەیەوە ته‌له‌گرافێك بۆ عه‌بدولكه‌ریم قاسم ده‌نێرن، . خۆیان گوته‌نى، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش زۆر به ”پیرۆز“ ده‌زانن، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ى هونه‌ره جوانه‌كان له سلێمانی، كه بریتین له: (گۆران، حه‌مه‌ساڵح دیلان، مسته‌فا ساڵح كه‌ریم، محه‌ڕه‌م محه‌مه‌د ئه‌مین، مه‌عرووف خه‌زنه‌دار، عه‌بدولقادر دیلان، جه‌مال به‌ختیار، مسته‌فا به‌رزنجی).
دەقی برووسكەكەی گۆران و هاوڕێیانی
له رۆژنامه‌ى (ژین)، ژماره (1409)، رۆژى پێنجشه‌ممه 18/9/1958، له لاپه‌ڕه (2)دا، ده‌قى ته‌له‌گرافه‌كه‌ى گۆرانى شاعیر و هاوڕێكانى به‌م جۆره هاتووه:
ته‌له‌گراف
سیاده‌ى زه‌عیم روكن عه‌بدولكه‌ریم قاسم..وه‌ڵامدانه‌وه‌تان به‌و شێوه جوانه به‌رامبه‌ر به هاتنه‌وه‌ى قاره‌مانی كورد، مسته‌فا بارزانی، هه‌نگاوێكی زۆر پیرۆز بوو. ئه‌م جۆره كارانه ئه‌وه‌نده‌ى تر وامان لێ ده‌كات، كه گیانمان له‌پێناوى جمهورییه‌تدا به‌خت بكه‌ین.
وتارەكەی گۆران لەسەر بارزانیی نەمر لە رۆژنامەی (ژین)دا
چوار رۆژ پێش گه‌یشتنه‌وه‌ى بارزانى به شارى به‌غدا، شاعیرى گه‌وره‌ى كورد مامۆستا (عه‌بدوڵا گۆران)، وتارێكى جوان له رۆژنامه‌ى (ژین) ژماره (1411)ی له رۆژى پێنجشه‌ممه (2/10/1958)، له لاپه‌ڕه (1)دا بڵاوی كردووه‌ته‌وه، له‌و وتاره‌دا، گۆران گه‌واهى بۆ زۆر لایه‌نى خه‌باتى راست و ره‌واى بارزانى و بارزانییه‌كان ده‌دات، ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەكەی گۆرانە:
به‌ره‌و نیشتمان
رۆڵه‌ى پاڵه‌وانى بارزان، مه‌لا مسته‌فا، ئه‌گه‌ڕێته‌وه..
بارزانییه نه‌به‌زه‌كان به‌م زووانه دێنه‌وه بۆ عێراق
مه‌لا مسته‌فاى تێكۆشه‌ری رۆژانى رۆژه ره‌شه‌كانى رابردوو، بۆ چاولێكنانێك چییه، چه‌كى خه‌باتى دانه‌ناوە.
له‌م رۆژانه‌دا، ئه‌م قسانه چه‌ند به پاراویى ده‌ماوده‌م ئه‌كه‌ن، چه‌ند به شیرینى له گشت گوێیه‌كدا ده‌نگ ئه‌ده‌نه‌وه. نه‌ك ته‌نیا هاونیشتمانه‌كانى كوردزمان، به‌ڵكوو برا عه‌ره‌به‌كانى عێراقیش، بگره ئه‌وه‌نده‌ى ئێمه‌ش، به‌م ده‌نگوباسه دڵیان خۆشه، به ڕووى گه‌ش و رووناكه‌وه لێى ئه‌دوێن.
كورد و عه‌ره‌ب له‌وه‌دا هاوبیرن، كه مه‌لا مسته‌فا و هاوڕێ نه‌به‌زه‌كانى ئه‌وه‌ى به‌سه‌ریان هات، له ماڵوێرانى و ده‌ربه‌ده‌رى و په‌رته‌وازه‌بوون و ناسۆرى كێشان به‌سه‌ریاندا هات، چونكه نه‌به‌زانه به‌رامبه‌ر به ئامانجه ناپاكه‌كانى ئیمپریالیزم، له ناوچه‌كانى كوردستاندا راوه‌ستان، ئه‌و نه‌وه پیرۆزانه‌ى له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا به‌رامبه‌ر به ئیمپریالیزم و كۆنه‌په‌رسته‌كانى نۆكه‌رى هه‌ڵسوڕێنراوان ده‌سته بارزانییه‌كان له ئاگره خۆشه‌كه‌یدا هه‌بووه، له‌و رۆژه‌وه، كه شێخ ئه‌حمه‌دى كاكى مه‌لا مسته‌فا، له‌گه‌ڵ شكۆ به‌سامه‌كه‌ى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى به‌ریتانیا رووبه‌ڕوو وه‌ستا، له‌سه‌ر دانیشاندنى برا ئاسوورییه‌كان.
له‌و كاته‌دا مه‌لا مسته‌فا، کە لاوێكى منداڵتر بوو، له‌و سه‌رده‌مى منداڵییه‌وه، ئیتر ناچار بوو تاڵاوى سته‌مه‌كانى ئیمپریالیزم به‌رامبه‌ر به هۆز و نیشتمانى، قوم قوم بنۆشێ هه‌تا ئه‌مڕۆ، كه چوارده‌ى ته‌مووزى 1958ه، لاپه‌ڕه‌ى به‌ختى خۆى و گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ى به دیوى رووناكیدا وه‌رگێڕدرایه‌وه.
مه‌لا مسته‌فاى تێكۆشه‌ری رۆژانى رۆژه ره‌شه‌كانى رابردوو، بۆ چاولێكنانێك چییه، چه‌كى خه‌باتى دانەناوە، له عێراق و له ئێران، خۆى و هاوڕێكانى، كه به‌رامبه‌ر به هێزى دڕنده‌ى كۆنه‌په‌رست ئه‌جه‌نگین، گیانى خۆیان و ماڵ و حاڵیانیان نابووه سه‌ر به‌رى ده‌ستیان. له ناسۆركێشانیش له وڵاته سۆسیالیسته‌كاندا.
له‌و ساڵه دوورودرێژانه‌ى تواناییشدا، شه‌ویان ئه‌خسته سه‌ر رۆژ، بۆ ئه‌وه‌ى بیروباوه‌ڕیان و مێشكیان وا زاخاو بده‌نه‌وه، كه له گه‌ڕانه‌وه‌دا بۆ نیشتمان، بتوانن به ڕێگاى راستدا بكێشن به‌ره‌و ئامانج و ئاوات و ئاره‌زووى نیشتمان به دروستى بێننه دى.
به‌تایبه‌تى له‌م كاته‌دا، كه کۆمارە به‌هێزه‌كه‌مان پێویستییه‌كى زۆرى به شان و باهۆى رۆڵه دڵسۆزه‌كانى هه‌یه، بۆ خزمه‌تكردن و بناغه‌دانانى كۆشكى به‌ختیاریى گه‌لانى عێراق.
گه‌ڕانه‌وه‌ى پاڵه‌وانى زات و خه‌بات، مه‌لا مسته‌فا و هاوڕێكانى، ئه‌وه‌نده له جێگا و كاتى خۆیدایه، كه دروسته پیاو به‌سه‌ر نوقڵانه‌یه‌كى ئێجگار گه‌ش و رووناكیدا بێ، بۆ پاشه‌ڕۆژى نیشتمانه‌كه‌مان.
ئاشكرایه، كه مه‌لا مسته‌فا و هاوڕێكانى له گه‌ڕانه‌وه‌یاندا، بیر له حه‌سانه‌وه و پشوودان ناكه‌نه‌وه، هه‌رچه‌نده ساڵانى ماندووبوون و پێویستیان به پشوودان هه‌یه. به‌پێچه‌وانه‌وه، گیانه به وره‌كه‌یان له هه‌موو هه‌لێكدا پیشانیان داوه.
ئێستاش له یه‌كه‌م ساتى گه‌یشتنه‌وه‌یانه‌وه، چنگ ئه‌ده‌نه داوێنى هه‌ورازه سه‌خته‌كه‌ى خه‌بات و تێكۆشانى دڵسۆزانه بۆ ئه‌م نیشتمانه نازداره‌مان و زۆر هیوادارین یه‌كه‌م به‌رى شیرینى ته‌قه‌لایان، هاوكاریى ئه‌بێ له‌گه‌ڵ گشت هێزه نیشتمانییه‌كانى تر‌ى عێراقدا، بۆ پته‌وكردنى برایه‌تیى كورد و عه‌ره‌ب.
برایه‌تیى كورد و عه‌ره‌ب هه‌تا بڵێى پته‌وه، به‌ڵام هه‌تا پته‌وتر بێ باشتره و پێویستتریشه".
(گۆران)ى شاعیر و (جه‌مال به‌ختیار) سه‌ردانى بارزانى ده‌كه‌ن
هونه‌ر، كوڕى هونه‌رمه‌ندى نیگاركێشی گه‌وره جه‌مال به‌ختیار، ده‌ڵێت: ”له‌دواى شۆڕشی 14ی گه‌لاوێژ، ده‌نگۆی گه‌ڕانه‌وه‌ى ژه‌نه‌ڕاڵ مسته‌فا بارزانی له سۆڤیه‌ته‌وه بۆ عێراق بڵاو بووه‌وه. وه‌ك سۆزێكی وه‌فاداری بۆ شارى سلێمانی، له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ى بارزانی بۆ به‌غدا، بڕیاری دا سه‌ردانی شارى سلێمانی بكات، ئه‌و شاره‌ى، كه ساڵانێكى زۆر به ده‌ستبه‌سه‌رى خه‌باتی تێدا كردبوو. له رۆژی 23/10/1958 ده‌مه‌وئێواره جه‌مال به‌ختیار له‌گه‌ڵ مامۆستا گۆران-ی شاعیر، چاویان به‌و سه‌ركرده قاره‌مانه ئه‌كه‌وێته‌وه و بۆ ماوه‌یه‌كی كورت له ماڵی شێخ له‌تیفی حه‌فید ئه‌چنه حزوورى ئه‌و زاته به‌ڕێزه“.
گۆران و لوقمان بارزانى، له‌گه‌ڵ شاندێكدا چوون بۆ مۆسكۆ
د. عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سووڵ، باس له وته‌یه‌كى گۆران-ى شاعیر په‌یوه‌ست به بارزانییه‌كان ده‌كات، كه بۆی گێڕاوه‌ته‌وه و ده‌ڵێت: ”مامۆستا گۆران-ی شاعیری ناسراوی كورد، بۆی گێڕامه‌وه، كه دوای شۆڕشی 14ی ته‌مووز به چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك، له‌گه‌ڵ شاندێكی ئاشتیخوازان نێردراوه بۆ مۆسكۆ، (ناجی یوسف)ی پارێزه‌ر سه‌رۆكی شانده‌كه بووه، شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حموود جێگری سه‌رۆكی شانده‌كه بووه و مامۆستا گۆرانیش له‌و شانده‌دا ئه‌ندام بووه و ڕه‌حمه‌تیی لوقمانی كوڕی بارزانی‌یان له‌گه‌ڵدا بووه و خرۆشۆڤیان بینیبوو، گۆران، گوتی، خرۆشۆڤ كه هات ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵدا كردین، كه خۆیان پێ ناساند، ئه‌وه لوقمان بارزانییه، خرۆشۆڤـ گوتبووی تۆ كوڕی مسته‌فا بارزانیت؟، گوتی به‌ڵێ، گوتی باوكی تۆ له ڕێگه‌ی كورددا زۆر زه‌حمه‌تی كێشاوه. گوتی سڵاوم بگه‌ینه به باوكت. ئه‌مه گۆران-ی شاعیر بۆی گێڕامه‌وه. خرۆشۆڤ كه‌م نه‌بوو، له‌و كاته‌دا (سه‌رۆك وه‌زیران و سكرتێری حزبیش بوو)، خوالێخۆشبوو (لوقمان بارزانی)یش له وه‌ڵامدا گوتبووی، به‌ڵێ منیش باوكم ناردوومی سڵاوی بگه‌یه‌نم به‌م مه‌قامه“.
سەرنجێكی پێویست: بۆ ئاماده‌كردنى ئه‌م بابه‌ته و چنگ كه‌وتنى زانیارى، سوودم له نووسه‌ر و چیرۆكنووس مامۆستا زاهیر ئه‌حمه‌د سه‌وز وه‌رگرتووه.