كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

گەشتوگوزارى هەولێر: رۆژانە زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار سەردانى هەولێر دەکەن

بەڕێوەبەرایەتى گەشتوگوزارى هەولێر رایدەگەیەنێت بەهۆى باشتر بوونى دۆخەکە و ئەو ئاسانکارییەى بۆ گەشتیاران کراوە، هاتنى گەشتیاران بۆ هەولێر زیادى کردووە و رۆژانە زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار سەردانى هەولێر دەکەن.

نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتىیی گەشتوگوزارى هەولێر بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "سەرەڕاى داخستنى بازگەکانى نێوان هەولێر و پارێزگاکانى عێراق و پابەندبوون بە رێنماییەکانى لە خۆپارێزى ڤایرۆسى کۆڕۆنا، رۆژانە ژمارەیەکى زۆرى گەشتیار سەردانى هەولێر دەکەن، ئەمەش بەهۆى ئەو ئاسانکارییەى لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گەشتوگوزارى هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پێشکەشى گەشتیاران دەکرێت بەمەبەستى گرنگیدان بە کەرتى گەشتیارى".

راشیگەیاند: "لە سەرەتاى ئەمساڵەوە تا 15/6/2020، 866 هەزار و 712 کەس سەردانى سەنتەرى شار و ناوچە گەشتیارییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێریان کردووە، ئەمەش داهاتێکى باشە بۆ ناوچە گەشتیارییەکان چونکە ژمارەیەکى زۆرى هاووڵاتى لەو شوێنانە کاریان دەستکەوتووە".

ئاماژەى بەئەوەش کرد: "ئەو ژمارە گەشتیارەى لەو ماوەیەدا سەردانى هەولێریان کردووە زۆرینەیان لە ناوچەکانى ناوەراست و خوارووى عێراق و بەشێکیشان لە وڵاتانى دەرەوە هاتوون، بەجۆرێک رۆژانە زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار لە رێگەى فڕۆکەخانە و بازگەکانەوە سەردانى هەولێریان کردووە".