تەكنیكی شیعر و تاكتیكی حیزب
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
حەمەسەعید حەسەن 17/06/2021

تەكنیكی شیعر و تاكتیكی حیزب

شیعر به‌ پله‌ی یه‌که‌م زمانه‌،‌ هه‌ر به‌ هۆی زمانه‌که‌یشییه‌وه‌، چێژ له‌ جوانییه‌کانی دیکه‌ی وه‌رده‌گرین. به‌رهه‌مهێنانی زمانێکی شیعری، یه‌که‌مین ئه‌رکی شاعیره‌. ئه‌گه‌ر شیعر ئه‌رکێکی دیکه‌ی هه‌بێت، ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ کارێک بکات، ئینسان هه‌ست به‌ ئینسانبوونی خۆی بکات. زمانی شیعر زمانێکه‌ بزۆز نه‌ک جێگیر، له‌ ناخی هه‌موو شاعیرێکدا، زمانزانێکی داهێنه‌ر هه‌یه‌. شاعیر له‌و زمانه‌ی که‌سانی دیکه‌ پێی ده‌دوێن، زمانێکی شیعری ده‌خوڵقێنێت که‌ ئه‌فسوونی لێ ده‌تکێت و ناخمان ده‌هه‌ژێنێت. ئه‌گه‌ر به‌ هۆی زمانی شیعرێکه‌وه‌، شاعیره‌کەیمان ناسییه‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و شاعیره‌ خاوه‌نی زمانی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی.

شاعیری داهێنه‌ر جۆره‌ پێوه‌ندییه‌کی وا له‌ نێوان وشه‌کاندا ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌ که‌ مانای تازه‌ ببه‌خشن. شیعر به‌ زمانێکی هێنده‌ باڵا ده‌نووسرێت، هه‌ر ده‌ڵێیت شای ده‌ربڕینه‌. زمانی شیعری جوان، هه‌ر له‌ زمانێک ده‌چێت، ده‌ڵێیت زمانی گیاندارێکه‌ له‌ ئینسان باڵاتر، زمانێکه‌ ده‌ڵێیت له‌ ئاسمانه‌وه‌ دێت و له‌و زمانه‌ ده‌چێت که‌ فریشته‌ پێی ده‌په‌یڤێت، زمانێکه‌ له‌ کیژۆڵه‌یه‌ک ده‌چێت، هێشتا په‌یمانی ژووانێکی به‌ که‌س نه‌دابێت. زمانی شیعری جوان، زمانێکه‌ پڕه‌ له‌ موسیک، موسیک تێیدا له‌وپه‌ڕی چڕبوونه‌وه‌یدایه‌. زمانێکه‌ له‌گه‌ڵ موسیکدا پێکه‌وه‌ له‌ دایک ده‌بن و هه‌ر ده‌ڵێیت بۆ گۆرانی خوڵقاوه‌. هه‌ر شیعرێک بکه‌وێته‌ خانه‌ی دا‌هێنانه‌وه‌، به‌شداری له‌ جوانترکردنی زمانیشدا ده‌کات. شیعری جوان ئاوی ژیانی زمانه‌، لێ ناگه‌ڕێت گوڵی زمان بژاكێت.

(شیعر پەپوولەیە، بۆ ئەوەی هەناوی ببینین، نابێت دەست بدەینە شمشێرێك. نابووتترین ڕەخنە ئەوەیە، ڕووی دەمی لە خاوەنی بەرهەمەكەیە، نەك لە كارە ئەدەبییەكە.) ئەو ڕەخنەیەی هەر خاوەنی بەرهەمەكەی مەبەستە، جا چ ڕەتی بكاتەوە، یان پەسەندی بكات، بە هەردوو بارەكەدا، ئەوە ڕەخنەی ئەدەبی نییە. ئەی ڕەخنەگر با ڕەخنەكانت داهێنان بن! با ڕەخنەكانت پشت بە خۆیان ببەستن، با وەك لاورگە بەسەر بەرهەمەكانەوە نەلەوەڕێن! ئەی نووسەر لە یادت نەچێت، وشە سوێسكەیە، لە قامووسدا مۆمیا كراوە، لە شیعردا لە شەققەی باڵ دەدات. ئەی ڕەخنەگر، با تیشكی سەرنجەكانت، سوێسكەی شیعر بە شەوارە نەخەن! ئەی نووسەر، ڕێزی وشە بگرە! وشە دەرمەپەڕێنە! لەگەڵ لە دایكبوونی هەموو ڕستەیەكدا وەك قەقنەس بسووتێ! بە ڕەوتار نەك تەنیا بە گوتار، ڕاستگۆیی تاكتیك و ستراتیژت بێت!

جیاوازیی نێوان شیعر و چیرۆكەشیعر، تەنیا لە كورتی ئەمیان و درێژیی ئەویاندا ڕەنگ ناداتەوە، (گوڵی خوێناوی)ـیەكەی (گۆران) وەك ژمارەی دێڕەكان شیعرێكی درێژ نییە، بەڵام لوتكەی شیعری درامای كوردییە. لە شیعری درامادا (دیمەن و تابلۆكان یەك لەدوای یەك سەر هەڵدەدەن و ڕووداو بە پشتبەستن بە چەند دەنگ و هەڵوێستی جیاواز و ململانێی نێوانیان بەرەو كامڵبوون و لوتكە هەنگاو دەنێت.) شیعر باڵاترین جۆری هونەرە، شیعری دراماش، (بێڵنسكی) گوتەنی، باڵاترین جۆری شیعرە. سەرەكییترین سیمای شیعری دراما، یەكێتیی بابەتە، لە شیعری درامادا ناكرێت مەلی خەیاڵی شاعیر لەسەر چڵی چەندان بابەت بنیشێتەوە و شاعیر لە دەرگای ئەوەندە بابەت بدات كە دۆزینەوەی هەواری بابەتە سەرەكییەكە ببێتە كارێكی دژوار. دەبێت شاعیر دەرك بەوە بكات، كورتبێژی كە چڕكردنەوەی دەربڕینە، یەكێكە لەو ڕەگەزانەی نەمریی بۆ شیعر دابین دەكات و درێژدادڕییش یەكێكە لە خەسڵەتەكانی شیعری تەمەنكورت.

یەكێك لە ڕەگەزە بنەڕەتییەكانی شیعر: ڕاستگۆییە، ئەگەر شیعر لە ڕاستگۆیی بێبەش بوو، وەك پەیامبەرێكی بێ پەیام و جەنگاوەرێكی بێ باوەڕی لێ دێت. ئەو شاعیرانەی وەك هۆكارێكی خۆژیاندن سەرنجی شیعر دەدەن، ئەوه‌ی مەبەستیان نەبێت، ڕاستگۆیییە، ئەوانە دەتوانن شیعر بكەنە پیشە و وەك شاعیریش بناسرێن، وەلێ خاوەنی داهاتوو نین. ئەوانەی وای بۆ دەچن، (جوانكاری لە دەربڕیندا لە ڕاستگۆیی گرنگترە و شاعیر تەنیا داوای دەربڕینی جوانی لێ دەكرێت و ڕاستگۆیی خەسڵەتی په‌یامبەرانە نەك شاعیران،) لە ڕاستی دوور دەكەونەوە و ڕۆڵی ڕاستەقینەی شیعر ڕەچاو ناكەن.

هونەر دەتوانێت لە هەموو واقعێك ڕاستگۆتر و لە هەموو دیاردەیەك واقیعییانەتر بێت. گۆتە لە (فاوەست)ـدا، وەك دیوی دەرەوە باس لە چارەنووسی پیاوێك دەكات، بەڵام ناوەڕۆكی ڕاستەقینە شیعرەكە، وێنەكێشانی داهاتووی هەموو مرۆڤایەتییە. یەكێك لە سیماكانی ئەدەبی ڕۆمانتیك، بایەخدانە بە تاكە پاڵەوان و زێدەڕۆییكردنە لە نیشاندانی توانا و دەسەڵاتی تاكەكەسدا. (ئەو تراژیدیایەی درامانووس باسی دەكات، تەنیا مرۆڤێك دەتوانێت، هاوزەمان ڕۆڵی پاڵەوان و قوربانییشی تێدا بگێڕێت، كە خاوەنی سروشتێكی پاكژ و باڵا بێت، چونكە لە واقیعیشدا هەر ئەو جۆرە پاڵەوانانە دەبنە قوربانیی مەسەلە پیرۆزەكان.) لە هەموو كۆمەڵگەیەكی چینایەتیدا، شیعری چینایەتیش هەیە، ئاخر شیعر دەشێت ڕەنگدانەوەی هونەرییانەی ململانێی نێوان چینەكان بێت. (چاكترین پێوانە بۆ هەڵسەنگاندنی پیاو، هەڵوێستییەتی لە ئافرەت،) بۆیە سەرنجدانی شیعر لەو گۆشەنیگایەشەوە كارێكی بێسوود نییە.

هەموو شێوازێكی بیركردنەوە، شێوە زمانێكی خۆی هەیە، شێوەی زمانی ئەم سەردەمە، لە زمانی سەردەمی پێشوو، جیاوازە. (شاعیری ئەم سەردەمە، گۆرانی بۆ تاكەسوار و ڕم و شمشێر ناڵێت و وەك ژن ناڕوانێتە نیشتمان.) شاعیری نوێخواز بە ناخی قارەمانەكەیدا شۆڕ دەبێتەوە، بە تریفەی سەرنجەكانی كانیاوی دەروونی ڕۆشن دەكاتەوە، مرواریی خەم و خولیا و خەوەكانی نیشان دەدات، پەردە لەسەر ململانێ و كێشە دەروونی و فیكرییەكانی لا دەدات، وەك مرۆڤێكی زیندووی ڕاستەقینە پێشكەشی خوێنەری دەكات و تەنیا وێنەی دیوی دەرەوەی ناگرێت.

شاعیر ئەشكەوت نییە و شیعری دەنگدانەوەی هاواری هیچ لایەنێك نییە. (شیعر بۆ ئەوەی ڕاستگۆ بێت، پێویستە سەربەست بێت.) داهێنان تەنیا لە ئه‌تمۆسفیرێكی ئازاددا لە دایك دەبێت، ئەو نووسەرەی سەربەستیی خۆی نەپارێزێت، توانای داهێنانی نابێت، سەربەستی ئەوە نییە، (شاعیر دەرگا لەسەر خودی خۆی دابخات و وەك عەدەمییەك ڕەوتار بكات) ئاخر ئەگەر وای كرد، لاقی ئاسكی شیعری بە تەڵەی فۆرمالیزمەوە دەبێت.

كاری شاعیری مەزن، ئەوە نییە تەكنیكی شیعری، بۆ تاكتیكی حیزب ببینێتەوە، شاعیری گەورە نە شاباش لە خشتەی دەبات و نە كوتەك سەری پێ نەوی دەكات. ئەو شاعیرەی بۆ پاداشت بنووسێت، پێش وەرگرتنی پاداشتەكە، شیعرەكەی دەمرێت. ناوەڕۆكی شیعر پێویستە ڕەنگدانەوەی فیكر و هەڵوێستی شاعیرەكەی بێت، نەك بەرجەستەكردنی بەیاننامە و بەرنامەی ئەم یان ئەو حیزب. شاعیر دیپلۆمات نییە، تا زەردەخەنەی ساختە ببەخشێتەوە. شاعیر پرۆتۆس نییە، هەر ڕۆژەی بە شێوەیەك خۆی نیشان بدات.

كێشە سەرەكییەكانی سەردەم لە بەرهەمی ئەدەبیدا ڕەنگ دەدەنەوە و ئەدەبی زیندوویش كەم و زۆر جێدەستی بە ڕەوتی ئەو كێشانەوە دیارە. وەك چۆن كێشەكان كار دەكەنە سەر ئەدەب، ئەدەبیش كاریگەرییه‌تی لەسەر كێشەكان جێ دەهێڵێت. ئەو نووسەرەی دەرك بەو پێوەندییە دیالێكتیكییەی نێوان ئەدەب و واقیع نەكات، بەرهەمی لە بێشكەدا دەمرێت. (هیچ بەرهەمێكی ئەدەبی، هێندەی شیعر بەپەلە بە دەنگ گۆڕانە فیكری و كۆمەڵایەتییەكانەوە ناچێت،) وەلێ گرنگ چۆنیەتیی بە دەنگەوە چوونەكەیە.