كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

شوێنەوارەکانی ئایینی میترایی لە لوڕستان

 

8


کاسییەکان دانیشتوانی کۆن و رەسەنی لوڕستان بوون، کە لەگەڵ بابلییەکان کەوتنە شەڕ و دواجار توانییان بەسەر بابلییەکاندا زاڵ بن. دیاکۆنوف، مێژوونووسی سۆڤیەت لەو بارەیەوە دەنووسێت: "کاسییەکان چەندین یەزدانیان هەبووە، شیمالی: یەزدانی کوێستانەکان بووە. شوکاموون: یەزدانی ئاگر بووە. ساخ: یەزدانی خۆر و رووناکی بووە.

کاسییەکان باوەڕە ئایینییەکانیان لەناو کارە هونەرییەکانیان نماییش کردووە. ئەو شوێنەوارانەی لە لوڕستان دەست کەوتوون، ئاشکرای دەکە: خەڵکی ئەم ناوچەیە باوەڕیان بە جیهانی دوای مردن هەبووە، بۆیە کەلوپەلەکانیشیان لەگەڵ مردووەکان ناشتووە. پیاو و ژن گۆڕستانی جیاوازیان هەبووە. رووخساری خواوەندەکانیان وەکوو ئاژەڵ و مرۆڤ نەخشاندووە، بۆ نموونە، یەزدانی سرووش، پێکهاتێکە لە چەندین ئاژەڵ و مرۆڤ و چەندین سەری هەیە و هێمای دادگەرییە.

زیاترین مێژوونووسەکانی ناو ئێران کاتێک باسی میتراییزم دەکەن، لوڕستان بە لانکەی ئەو ئایینە دەزانن، بۆیە یەکێک لەو ناوچانەی کوردستان، کە بەشێکی زۆر لە شوێنەوار و نیشانەکانی میتراییزمی لەخۆ گرتووە، لوڕستانە. (وە لیسک ئەفتاو) سوێندێکە، تا ئێستا لەسەر زاری خەڵکی لوڕستانە بە مانای (سوێند بە پرشەی خۆر) و نیشانەی باوەڕی ئەو خەڵکەیە، بە ئایینە کۆنەکانی بەر لە ئیسلام.

لە کوردستانی کەونارا، هەر رۆژێک ناوێکی تایبەت بە خۆی هەبووە و جەژن و شاییان بۆ گرتووە. (ئەمە لای ئێزدییەکان تا رادەیەک ماوە و لە ماوەی ساڵێکدا چەندین رۆژ و بۆنە و جەژنیان هەیە). رۆژی میهر رۆژی شازدەی مانگ بووە و ئەو رۆژەیان کردووە بە جەژن و شایی. ئەبوورەیحانی بیروونی، زانا و ئەستێرەناسی ناسراوی ئێران، لە کتێبی نەورۆزنامەدا نووسیویەتی: "دەڵێن میهر ناوی خۆرە، لەم رۆژەدا خۆر دەرکەوتووە، بۆیە ئەم ناوەیان بۆ داناوە".

تائێستاش ناوی ژمارەیەک لە ناوچە و شارەکانی لوڕستان و دەوروبەری ناوی میترایان لەسەرە. راولینسوون، رۆژهەڵاتناسی ناسراو، کە بەردەنووسەکانی بێستوونی کرماشانی بە جیهان ناساند، لە گەشتێکی بۆ لوڕستان دەنووسێت: "نەریتی قوربانیکردنی پەیڕەوکارانی یارسان و جەمخانە زۆر سەرنجڕاکێشە، چونکە زیاترین ئەو نەریتانە سەرچاوەکەی بۆ بەر لە ئیسلام دەگەڕێتەوە. بەدڵنیاییەوە ئەم نەریت و هێمایانە سەرچاوەیان بۆ میتراییزم دەگەڕێتەوە".

ژمارەیەک لەو شوێنانەی لە لوڕستان ناوی میترا و نیشانەکانی میتراییزمیان لەخۆ گرتووە، بریتین لە:
- ناوی شاری (میهرگان کەدە) لە سەردەمی ساسانییەکان، کە عەرەبەکان (میهرجان قزق)یان پێ دەگوت.
- شاری (میهران)، کە سەرجەم دانیشتوانی کوردن و ئێستا لە لوڕستان دابڕاوە و بووە بە شارێکی پارێزگەی ئیلام.

- کێوی (میهراو) لە ناوچەی دلڤان و (میهراوکێو)، کە خەڵکی ناوچەکە بە کێوێکی سیحراوی و پڕ لە نهێنیی دەزانن.
- دوو رووباری کەشکۆ و سەیمەرە، کە رۆڵی گرنگیان لە ژیانی دانیشتوانی ناوچەکەدا گێڕاوە، کەوتوونەتە ناوچەیەک بەناوی (چەمە میر)ی نزیک لە دەڕەشار، کە ناوە مێژووییەکەی (میهرگان کەدە)یە.

- قەڵای کۆزاد، لەسەر رووباری سەیمەرە، لە لایەن گرووپێک لە شوێنەوارناسەکان لە ساڵی 1990، بە سەرپەرشتیی نەسرەتوڵا موعتەمدی، دوای هەڵکۆڵین و توێژینەوە وەکوو میهرگە (پەرەستگەی پەیڕەوکارانی میتراییزم) ناسێنرا.

(وڕم ئاوا) یان (خوڕەم ئاوا)، کە ئێستا ناوەندی پارێزگای لوڕستانە، یەکێکە لە شوێنە ناسراوەکانی میتراییزم لە کوردستان و ئێران. هەشت کیلۆمەتر دوورتر لەم شارە، دەربەندێکی گەورە بە ناوی (باوەئەباسی) هەیە، کە تێیدا بەردەگۆڕێکی سەردەمی میترا دۆزراوەتەوە. ئەم بەردەگۆڕە چەندین ستوون و چوار دیواری لەخۆ گرتووە.

خەڵکی ناوچەکە تا ئێستاش نەزر و خێراتی وەکوو موورووی رەنگاوڕەنگ، بازنە، پاوانە و خرخاڵ دەبەنە ئەو بەردەگۆڕە. ئەم بەردەگۆڕە لە سەردەمی ساسانییەکان دەکرێتە ئارگە (ئاتەشگە) و بە هاتنی ئیسلام گۆڕانکاریی زۆری تێدا دەکرێت و دەڵێن گۆڕی پیاوچاکێکە بەناوی باواعەباس. لەبەر پیرۆزیی شوێنەکە، وەکوو بەردەگۆڕی سەردەمی میتراییزمەکان، لەپاڵ ئەم گۆڕ دەخمەیە؛ ماماجەلالە، دایکی شاخۆشین، یەکێک لە پیرەکانی ئایینی یارسان، نێژراوە.