ئه‌ندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرای دەكات كە گومانی ئەوەیان بۆ دروست بووە، هەریەك لە هۆشیار عەبدوڵا و غالب محەمەد، ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بۆ دژایەتیكردنی پارتی، ”بە پارە كڕدرابن“.
چەند ساڵێكە بە شێوەیەكی بەردەوام و بە بۆنە و بەبێ بۆنە، هۆشیار عەبدوڵا و غالب محەمەد، پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان قسە دەكەن.
لەمبارەیەوە که‌ریم فەخری قاسم، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان بە (باس‌نیوز)ی راگەیاند: ”ئێمه گومانمان هه‌یه هۆشیار عەبدوڵا و غالب محەمەد به پاره قسە له دژی پارتی بكەن، ئه‌مانه له رۆژی ته‌نگانه‌شدا گۆڕانیان جێهێشت و جارێکی دیکه متمانەیان پێ ناکه‌ینه‌وه وەك جاران“.
روونیشی كردەوە: ”عه‌یبه مرۆڤ له پرەنسیپەكانی خۆی رابکات و بچێته حزبێکی دیکه‌وه، گۆڕان موڵکی هه‌مووانه، گه‌لی کودستان هۆشیاره و دەبینێت كە ئه‌وانەی گۆڕانیان به‌جێهێشت، جارێكی‌تر ناتواندرێت باوەڕیان پێ بكرێتەوە“.
ئەو سەركردەیەی گۆڕان جەختی كردەوە كە ”ئەگەر وایە با هۆشیار عەبدوڵا بچێتە لای لاهوور جەنگی‌و هه‌ر مرۆڤێک بیروباوه‌ری ته‌واوی هەبێت، خۆی نافرۆشێت، کاتێکیش خۆی فرۆشت، ئیتر هه‌رچی بیەوێ ده‌یکات و شه‌رم ناکات، مرۆڤمان هه‌یه لە نێو گۆڕاندا دینارێكی لە گیرفاندا نییە و هێشها هەر گۆڕانە“.
دووپاتیشی كردەوە كە بزووتنەوەكەی لەبەر خاتری هۆشیار عەبدوڵا و هیچ كەسێكی دیكە نە پەیوەندی لەگەڵ هیچ حزبێك خۆش دەكات، نە پەیوەندیی خۆشی دەپچڕێنێت. پرسیاری ئەوەشی كرد: ”بۆچی غالب محەمەد و هۆشیار عەبدولا به‌رانبه‌ر به لاهوور جەنگی قسه ناکه‌ن؟ ده‌بیت شتێك هه‌بێت، ره‌نگه به پاره‌ی ئه‌و قسە له دژی پارتی بکه‌ن“.