كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

نووسەرێكی سلێمانی: لە باشماخ بە ئاشكرا پێیان گوتین سەرانەت لێوەردەگرین و داهاتیشی بۆ حكوومەت نییە

”ڕاو و ڕووت بەردەوامە و كار بە بڕیارەكەی وەزارەتی تەندروستی ناكرێت“

نووسەرێكی پارێزگای سلێمانی كە هاوكات بەرپرسی رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنیشە ئاشكرای كرد كە لە مەرزی باشماخ لە سنووری پارێزگاكەدا بڕە پارەیەكی لێ سەندراوە و بە ئاشكرا پێی گوتراوە ”سەرانەت لێوەردەگرین و داهاتیشی بۆ حكوومەت نییە“.

مەشخەڵ كەوڵۆسی، نووسەر و بەرپرسی ناوەندی چاوی كورد لە سلێمانی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) ئەو بەڵگەنامانەی خستەڕوو كە دەریدەخەن دوو ژەمی ڤاكسینی كۆرۆنای لێدراوە، كەچی ”لە مەرزی باشماخ سەرانەمان لێوەرگیرا“.

ڕوونیشی كردەوە كە لەو مەرزەدا ”ڕاو ڕووت بەردەوامە و کار بە بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی ناکرێت، وێڕای وەرگرتنی دوو ژەمی ڤاکسین و پیشاندانی کارتی وەرگرتنی ڤاکسین، بەڵام ناچاریان کردین چل هەزار دینار بدەین و پشکنین بکەینەوە“.

كەوڵۆسی دەقی قسەكردنی كارمەندێكی مەرزەكەی ئاشكرا كردووە و نووسیویەتی: ”کارمەندەکە ڕێک و ڕەوان گوتی، سەد ڤاکسینت وەرگرتبێت و سەد وەزارەت قسەی کردبێت، ئەمە سەرانەیە و دەبێ بیدەیت، داهاتیشی بۆ حکوومەت نییە“.

بۆیە داوای لە وەزارەتی تەندروستی كردووە، بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی بكات.

رۆژی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، بڕیاردراوە پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكرێت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەگەڕێنەوە، بەم شێوەیە:

١- ئەو هاووڵاتییانەی کە دەرەنجامی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای پشتڕاستكراو و باوەڕپێكراویان هەبێت و كەمتربێت لە ٤٨ كاتژمێر لە كاتی گەیشتنیان، پێویست بە وەرگرتنی نموونەی پشكنین ناكات.

٢- ئەو هاووڵاتییانەی بڕوانامەی وەرگرتنی دوو ژەمی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنای پشتڕاستكراو و باوەڕپێكراویان هەبێت، لە کاتی گەیشتنیان، پێویست بە وەرگرتنی نموونەی پشكنین ناكات.

No photo description available.