به‌راورد به‌ ساڵى رابردوو هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمى کوردستان زیادى کردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

به‌راورد به‌ ساڵى رابردوو هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمى کوردستان زیادى کردووە

" لە ماوەى پێنج مانگدا زیاتر لە 41 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە کراوه‌"

بەڕێوەبەرى گشتى بازرگانیى هەرێمی كوردستان رایگەیاند بە بەراوردى ساڵى رابردوو هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمى کوردستان زیادى کردووە، چونکە تەنیا لە ماوەى پێنج مانگى ئەمساڵدا زیاتر لە 41 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە کراوە.

نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەرى گشتيى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "بەهۆى باشتربوونى دۆخى ئابوورى و سەقامگیرییەوە، بازرگانى لە هەرێمى کوردستان پێشوەچوونى باشى بەخۆیةوە بینیوە و رۆژانە ژمارەى ئەو کەسانەى داواى مۆڵەتى هاوردە دەکەن لە زیادبووندایە، ئەگەر هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل بە نموونە وەربگرین، بە بەراوردى ساڵى رابردوو هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمى کوردستان زیادى کردووە، چونکە لە ماوەى پێنج مانگى یەکەمى ئەمساڵدا زیاتر لە 41 هەزار و 190 ئۆتۆمبێل هاوردە کراون".

راشیگەیاند: "ئەوە لە کاتێکدایە کە ساڵى رابردوو هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل لەو ژمارەیە کەمتر بوو بەهۆى بڵاوبوونەوەى جیهانى پەتاى کۆڕۆنا و کەمبوونەوەى بازرگانيى نێوان وڵاتان، بەجۆرێک لە ماوەى شەش مانگى یەکەمى ساڵى 2020 تەنیا 33 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە کرابوون".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "ئەو ژمارە ئۆتۆمبێلانەى ئەمساڵ لە رێگەى دەروازە سنورییەکانى حاجى ئۆمەران، ئیبراهیم خەلیل، باشماخ و پەروێزخانەوە هاوردەى کوردستان کراون،هەر ئۆتۆمبێلێکیش هاوردەى هەرێم بکرێت بەپێى رێنماییەکانى وەزارەتى ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتى گشتى هاتوچۆى هەرێمى کوردستان دەبێ".