سەركردەیەكی پارتی: پەكەكە دەیەوێت بە هاشوهوشی دژە پارتییەكانی سلێمانی قەرەبووی شكستەكانی بكاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەركردەیەكی پارتی: پەكەكە دەیەوێت بە هاشوهوشی دژە پارتییەكانی سلێمانی قەرەبووی شكستەكانی بكاتەوە

"تا خاوەن ماڵ دزی گرت دز خاوەن ماڵی گرت"

دوای ئەوەی ئەمڕۆ پەكەكە لە راگەیەندراوێكی گاڵتەجاڕانە داوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، چاودێرانی سیاسی دەڵێن ئەمە ڕێك ئەوەیە كە كورد گوتەنی تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت. سەركردەیەكی پارتییش دەڵێ پەكەكە دەیەوێ لە ڕێگەی هاشوهوشی دژەپارتییەكانی سلێمانییەوە قەرەبووی شكستەكانی خۆی بكاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە پەكەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە دابوو كە دەبێت هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە زووترین كات لە ناوچەكانی دەوروبەری چەكدارانی پەكەكە لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستاندا بكشێنەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە پەكەكە لە چەندین سنوورەوە لەناو هەرێمی كوردستاندا پەلاماری هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەدات و ژیانی لە دانیشتوانی سەدان گوندی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان تاڵ كردووە، لەمبارەیەوە ئەمڕۆ چاودێرانی سیاسی و چالاكوانانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەم داوایەی پەكەكەیان بە گاڵتەجاڕانە وەسف كردووە و ئەم گوتەی كوردەوارییەیان وەبیر هێناوەتەوە كە دەڵێ تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت، بەو مانایەی دەبوایە پەكەكە لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بكشێتەوە و چیتر شەڕی خۆی و سوپای توركیا هاوردەی هەرێمی كوردستان نەكات.

لەبارەی ئەم راگەیەندراوەكەی پەكەكەوە، نەجات حەسەن ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەڵێ پەكەكە جەماوەری باكووری كوردستانی لەدەست داوە و لە قەیرانێكی گەورەدایە، كەچی هەوڵ دەدات لە ڕێگەی چەپڵە و ھاشوھوشی دژە پارتییەکان لە سلێمانی، دۆخێكی وا دروست بكات كە قەیرانەكەی خۆی لەبیر بباتەوە.

نەجات حەسەن هەروەها دەڵێ پەکەکە حەقی نیە بەسەر کوردستانەوە ئەو راگەیەندراوە دەربكات، ئەمە بۆنێکی ترسناکی لێ دێت، خوا بکات بە فیتی خەڵکی دیکە لە دژی ھەرێمی کوردستان ھان نەدرێن، بەتایبەت ھێزە ناوخۆییەکانی کوردستان، کە جاروبار وەک ئەلقە لە گوێیان نەخشەیان بۆ دادەنێن.

هەروەها ئاماژەشی بەوە دا "پەکەکە کەوتووەتە شەڕفرۆشتن و دەیەوێ ئاگری فیتنە دروست بکات، بەڵام ئەم خاکەی هەرێمی كوردستان خاوەنی خۆی ھەیە، ھی گەلی کوردستانە، حکوومەتی خۆی ھەیە، ھیچ ئیرادەیەک ناتوانێت خۆی بسەپێنێت بەسەر حکوومەت".

دەشڵێ "پەکەکە تووشی دارووخان بووە، توانای بەرگری نەماوە و لە باکوور جەماوەری لەدەست داوە، دەیەوێت بە چەپڵە و ھاشوھوشی دژە پارتییەکان لە سلێمانی جەوێک دروست بکات کە لەم قەیرانە دەرچێت، بەلام خەیاڵیان خاوە دەستیان لە شەھیدکردنی پێشمەرگە ھەبووە".