مەلا بەختیار لە ڕێگەی نووسەرێكەوە هەڕەشەی دروستكردنی حزب لە باڵەكانی یەكێتی دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مەلا بەختیار لە ڕێگەی نووسەرێكەوە هەڕەشەی دروستكردنی حزب لە باڵەكانی یەكێتی دەكات

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی وتاری نووسەرێكەوە، ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی دروستكردنی حزب لە باڵەكانی حزبەكەی دەكات.

پاش بێدەنگبوونی بۆ ماوەیەكی درێژ یان قسەكردنی بە شێوەیەكی ناڕوون بۆ ئەو كەسانەی كە لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا دەستیان بەسەر حزبەكەدا گرت، لە كۆتاییدا ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١، لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی نووسینێك بە ناونیشانی (بە زمانێکی سادە: یەکێتی و گرێی مەلا بەختیار یاخود بزووتنەوەیەکی چەپی نوێ و مەلا بەختیار) كە لەسەر ناوی ئازاد برایم و لە ماڵپەڕی (چاودێر)ی سەر بە مەلا بەختیار بڵاو كراوەتەوە، هەڕەشەی دروستكردنی حزبێكی تازە بۆ باڵەكانی یەكێتی بەیان كراوە.

ئازاد برایم ئاماژەی بەوە داوە: ”لەم چەند ساڵەی دوایی لە کوردستان، پێش کۆنگرەی چواری یەکێتی و دوای کۆنگرەش، دەنگێک بۆ دروستکردنی حزب یان بزووتنەوەیەکی چەپی نوێ لە کوردستان دەبیسترێ و لەو نێوەندەشدا ناوی مەلا بەختیار بە زەقی دەبیسترێ“.

بانگەشەی ئەوەشی كردووە كە توێژینەوەیەكی كردووە و تێیدا: ”بەشێک لەوانەی بۆ توێژینەکەم چاوپێکەوتنم لەگەڵ کردوون، بە ئاشکرا ناوی مەلا بەختیار وەک تاکە میراتگری کۆمەڵەی رەنجدەران دەهێنن و هەندێکیشیان ئومێدیان پێی هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی نەوشیروان مستەفا ماکی بزووتنەوەیەکی رەخساوی چەپی، بە دروستکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لەبار برد“.

ئەو نووسەر و توێژەرە بەو نووسینەی کە بەپێی شوێنی بڵاوكردنەوەی، پێدەچێت بە دڵی مەلا بەختیار نووسرابێت، رەخنەی لە بنەماڵەی تاڵەبانی گرتووە و نووسیویەتی: ”دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال، هەڵەی مەلا بەختیار ئەوە بوو كە لەپێناو ماڵی مام جەلالدا خۆی خستە ناو ململانێیەکی قووڵی باڵەكانی یەكێتییەوە و زەرەری زۆری كرد، گەورەترین زەرەریش بێوەفایی بەشێکی ماڵی مام جەلال بوو بەرامبەری“.

بۆیە توێژەر دوای ئەم هەڵانە، پرسیار دەکات و دەنووسێ: ”ئایا مەلا بەختیار، وەک سیاسی و سەرکردەیەکی خاوەن ئەزموون، دەتوانێ ئەو بزووتنەوە خۆڕسکە جارێکی دیکە زیندوو بکاتەوە، کە هێشتا ژیلەمۆکەی جۆش دەخوات؟ یاخود ئەمجارە مەلا بەختیار لە چەقی گۆڕەپانەکەدا دەوەستێت و دەنگ هەڵدەبڕێ“، وەک ئاماژەیەک بۆ زیندووکردنەوە، یان دروستکردنی بزووتنەوەیەکی نوێی چەپ لەناو هەناوی یەکێتیدا.

ئاماژەشی بەوە داوە: ”یەکێتی دوای کۆنگرە، بەو سەرکردایەتییەی ئێستاوە ناتوانێ گرێی مەلا بەختیار بکاتەوە، کە پێشتر بە یەکێکی وەک نەوشیروان مستەفا نەکرایەوە“.

چاودێران پێیانوایە كە ئەم نووسینەی بڵاو كراوەتەوە، هێندەی پەیامی هەڕەشەئامێزی مەلا بەختیار بۆ باڵەكانی یەكێتی بە دروستكردنی حزبێك لە نێو هەناوی یەكێتیدا، هێندە وتارێكی ئاسایی نییە كە تەنیا پەیامی نووسەرێك بگەیەنێت.