سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە شاندی دانوستکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە شاندی دانوستکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەكات

لە هەفتەی داهاتووەوە دەوامی فەرمانگەکانی حکوومەت ئاسایی دەکرێتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، سەرۆك وەزیران دەستخۆشی لە شاندی دانوستکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان كرد.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاسای بودجەی فیدراڵی، جەختکردنەوەی حکوومەتی فیدراڵيشی لەسەر جێبەجێکردنی یاساکە و ناردنی بەشە بودجەی هەرێم، بەرز نرخاند.

سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە شاندی دانوستکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە سەرکەوتووانە ئەرکەکانیان بە جێگەیاندووە و بە هەموو شێوەیەک، داکۆکیان لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم کردووە. سەرۆک وەزیران خوازیار بوو ئەم ڕێککەوتنە ببێتە هۆی باشتربوونی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەردوو وڵاتی بەلجیکا و یۆنان و ئاماژەی بەوەدا کە بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتانە، ئامادەیی خۆیان بۆ درێژەدان بە هەماهەنگیی و پشتیوانیکردنی کارنامەی چاکسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و بە چاوێکی گرنگەوە لە پێگەی هەرێمی کوردستان دەڕوانن وەک فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.

پاشان جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن و ئەندامانی شاندی دانوستکاری هەرێم ، دوا پێشهاتەکانی دانوستانیان لە گەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵی خستەڕوو تایبەت بە دانانی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی ( 11) لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 .

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری ئابووری و دارایی، ڕوونکردنەوەی پێویستی لە بارەی دوایین ئامادەکارییەکانی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوەی دەوامی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا و بڕیار درا، لە هەفتەی داهاتووەوە، دەوامی فەرمانگەکانی حکوومەت ئاسایی بکرێتەوە.