ژنێک: ماڵە خەزوورم ناهێڵن بە دڵی خۆم هاوسەرگیری بکەمەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ژنێک: ماڵە خەزوورم ناهێڵن بە دڵی خۆم هاوسەرگیری بکەمەوە


“ناخۆشترین کاتم ئەو کاتە بوو، کە هاوسەرەکەم کۆچی دوایی کرد، بەڵام دوای هەشت ساڵ، کاتێ ویستم دووبارە هاوسەرگیری بکەمەوە، ناو و ناتۆرە نەما نەیخەنە دوام”. ئەمە قسەی ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵەیە. ئەو لە تەمەنی ١٦ساڵیدا هاوسەرگیریی کردووە و دایکی پێنج منداڵە.

هاژە، ئەو ژنە گەنجەیە، کە ماوەی هەشت ساڵە هاوسەرەکەی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە، خۆی منداڵەکانی بەخێو دەکات و دەڵێت: "نەک هەر یارمەتیم نادەن، بەڵکوو کێشەم بۆ دروست دەکەن".
ئەم ژنە دوای هەشت ساڵ لە کۆچی دوایی هاوسەرەکەی، دەیەوێت بۆ جاری دووەم هاوسەرگیری بکاتەوە، بەڵام ماڵی خەزووری رێگری و هەڕەشەی لێ دەکەن، ئەگەر هاوسەرگیری بکاتەوە ئەوا جارێکی دیکە منداڵەکانی نابینێتەوە.

هاژە دەگێڕێتەوە: "ماوەی سێ ساڵ هاوسەرەکەم نەخۆش بوو، تووشی شێرپەنجە بوو، من بەهیوای ئەوە بووم چاک ببێتەوە، بەداخەوە کۆچی دوایی کرد، دوای ئەوە ژیانم پڕ بوو لە کێشە، لەلایەک بەرپرسیارێتی و بەخێوکردنی پێنج منداڵم کەوتە ئەستۆ، لە لایەکی دی لەبەرئەوەی گەنج بووم، وەکوو ئەوەی من بەرپرسیار بم لە مردنی هاوسەرەکەم، مامەڵەم لەگەڵ دەکرا".

هاژە، دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی، کەوتووەتە ژێر چاودێریی ماڵی خەزووری، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی خەمەکانی چەندبارە بن: "ماڵی باوکم تەلەفۆنیان دەکرد هەواڵم بپرسن، یەکسەر خەزوورم دەهاتە تەنیشتم بزانێ قسە لەگەڵ کێ دەکەم، برایەکی هاوسەرەکەشم ئەگەر بچوومایە خەستەخانەش بەدوامەوە بوو. تا بێزار بووم و ئیتر بڕیارم دا ماڵم لەتەنیشت ئەوان بگوازمەوە".

ئەو ژنە کاتێک ویستوویەتی ماڵ بگوازێتەوە شوێنیکی نزیک لە ماڵی باوکی، دەڵێت: "کە ماڵی خەزوورم ئەوەیان بیست شێت بوون، جۆرەها بوختان و درۆیان بۆ هەڵبەستم، بەڵام باوکم و براکانم لەگەڵم بوون، هاتن ماڵەکەمیان گواستەوە و ئاگایان لێم بوو، دوای ئەوەش بۆم دەرکەوت، کە ئەوان دەیانەوێ بەو فشارە ناچارم بکەن شوو بە برای هاوسەرەکەم بکەمەوە".

بەپێی گێڕانەوەی هاژە: "دوای ئەوەی، کە زانییان ماڵی باوکم چیتر ئەو رەفتارانەی ئەوان قبووڵ ناکەن، شەوێک هاتنە لای باوکم و داوایان کرد، کە شووبراکەم مارەم بکاتەوە، من بەوە شێت بووم، چونکە هەمیشە ئەو کوڕەم وەکوو برای خۆم بینیوە، ئەوان پێیان وابوو، بۆ ئەوەی شوو بە کەسی بێگانە نەکەمەوە، دەبێ شوو بە برای هاوسەرەکەم بکەمەوە، لەکاتێکدا چەند مانگێک بوو هاوسەرەکەم کۆچی دوایی کردبوو".

ئەو ژنە گەنجە ئێستا هەشت ساڵە بێ هاوسەرە، سێ مانگ بەر لە ئێستا کوڕێک دەناسێت و رازی دەبێت خوازبێنیی بکات، بە مەرجێک منداڵەکانی لای خۆی بێت، کاتێک دەچێتە خوازبێنی و ماڵی خەزووری دەزانن کێشەی بۆ دروست دەکەن: "ئەو رۆژەی کە ماڵی ئەو کوڕە هاتنە ماڵی باوکم، بۆ سبەی ماڵی خەزوورم زانییان خوازبێنیم هاتووە و من بەدڵمە، یەکسەر چوونە سەر ماڵی کوڕەکە و گوتوویانە، چۆن دەچێ خوازبێنیی بووکی ئێمە دەکا و هەڕەشەیان لێی کردووە، لەبەرئەوە ئێستا باوکی کوڕەکە کشاوەتەوە و دەڵێت، کوڕەکەم تووشی کێشە ناکەم".

جگە لەوە، بەپێی قسەکانی هاژە، ماڵی خەزووری هاتوونەتە ماڵی ئەویش و هەڕەشەیان لێی کردووە: "خەزوورم و شووبراکەم هاتنە سەرمان و بە دەنگی بەرز جۆرەها جنێو و سووکایەتییان پێ کردم، خەزوورم گوتی: ئەگەر شوو بکەیەوە، منداڵەکانت دەبەمە شوێنێکی وا کە قەت نەیانبینییەوە، بۆیە ئێستا خۆشم پەشیمان بوومەتەوە، چونکە ناتوانم بەبێ منداڵەکانم بژیم".

سەبارەت بەوەی، کە ئایا بۆچی رێگای یاسایی ناگرێتە بەر و سکاڵا تۆمار ناکات، هاژە دەڵێت: "ئەگەر سکاڵا تۆمار بکەم، خۆ پاسەوانم بۆ دانانێن، شەوێک بێن منداڵەکانم بەرن دەسەڵاتم چی دەبێ؟ بۆیە هەست دەکەم کێشە بۆ ماڵی باوکم دروست دەکەم و رەنگە ببێتە شەڕی ئەوان، بۆیە جارێ وازم لەوە هێنا، کە دووبارە هاوسەرگیری بکەمەوە".

هاژە پێشی وایە، ماڵی خەزووری رقی ئەوەیان لێیەتی: "رقی ئەوەیان لێمە، کە شوو بە کوڕەکەی تریان نەکەمەوە، بۆیە ئەگەر بە قسەی ئەوان بوایە، دەمێک بوو براکانم کوشتبوویانم، چونکە جۆرەها قسەوقسەڵۆکیان بۆ دروست کردووم، لەجیاتی ئەوەی کە چەند ساڵە من بەتەنیا منداڵەکانم بەخێو دەکەم و هیچ هاوکارییەکیان نەکردووم".