مام جەلال: پەكەكە ھەموو كوردی بەلاوە سووك و چرووكە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مام جەلال: پەكەكە ھەموو كوردی بەلاوە سووك و چرووكە

ئەوەی ئەمڕۆ دەینووسم، دەقی بەیاننامەیەكی جەنابی مام جەلالە كە لە 25– 12– 1992 لەسەر شەڕپێفرۆشتنەكانی پەكەكە بە ھەرێمی كوردستان بە دەستخەتی خۆی نووسیویەتی، كۆپیەكی ئەم دەستخەتەی جەنابی مام جەلال لای خۆم ھەیە، ئەگەریش یەكێتیەكەی ئێستا لەبەر مەشغوڵبوونی بەشێك لە سەركردەكانیان بە قاچاخچێتی و شەش و بەشكردنی موڵكی گشتی لەنێوان خۆیاندا لە سلێمانی، یان ئەگەر لە بەر دروستكردنی پەیجی ساختە بۆ ھەڵبەستنی بوختان و شەڕە جنێو تاقەتی گرنگیدان بە ئەرشیف و بەڵگە و مێژوویان مابێت، مەفرووزە ئەوانیش نەك كۆپی، بەڵكوو وێنەی ئەسڵی ئەم دەستخەتەی جەنابی مام جەلالیان پاراستبێت و لابێت. فەرموون لەگەڵ دەقی بەیاننامە دەستخەتەكەی جەنابی مام جەلال لەسەر پەكەكە:

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان
سكرتێری گشتی

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان باش لەو ڕاستیە گەییشتوون كە سەركردەی پەكەكە بە فیتی دوژمنانی كورد و كوردستان و بە نیازی تێكدانی پەرلەمان و حكوومەتی فیدراڵیی كوردستان، شەڕی براكوژیان بۆ ماوەیەك سەپاند بەسەرماندا، دوای ھێرش و پەلامارەكانی پەكەكە و ئابڵووقەدانی ھێزەكانیان لەلایەن ھێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، دوای ئەوەی فیشاڵ و درۆودەلەسەكانیان دژی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان و خەڵكی كوردستان سووك و ڕیسوا بوون، سەركردایەتیی كوردستانی عێراق شەڕ ڕاگرتنی قبووڵ كرد بۆ ئەوەی چیتر خوێنی كورد بەفیڕۆ نەڕژێت.

ئەوەبوو نوێنەرانی پەكەكە بە سەركردایەتیی عوسمان ئۆجەلانی برای عەوڵا ئۆجەلان ھەموو داخوازیەكانی پەرلەمان و حكوومەتی فیدراڵیی كوردستانیان قبووڵ كرد و تەسلیم بوون بە شەرتەكانیان كە جگە لە چۆڵكردنی سنوور، شەرتێكیان وازھێنان بوو لە دژایەتیی بەرەی كوردستانی و ڕاگرتنی ھێرشی بوختان و درۆ و دەلەسەكانیان، بەڵام زۆر بەداخەوە تا ئێستەش ئەو ھێرشە ھەر بەردەوامە.

نموونەی ئەو ڕاستیەش ھێرشەكەیانە لە ڕۆژنامەی (حوڕییەت)ی توركیا لە ڕۆژی 22 – 12- 1992 ، لاپەڕە 13 كە دیسان چەندین جنێوی ناشیرینیان بە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و كاك مەسعود بارزانی و مام جەلال تاڵەبانی داوەتەوە كە ئەویش ڕاستەوخۆ بە پێچەوانەی ڕێككەوتنەكەیە. جگە لەمە سەركردایەتیی پەكەكە لە ئێران و توركیەوە چەكدارەكانی ناو بەناو دەنێرێتەوە سنوورەكان كە ئەویش پێشێلكردنێكی تری ڕێككەوتنەكەیە.

بۆیە ئێمەش وا جارێكی تر جەماوەری گەلی كوردستان بەگشتی و خەڵكی كوردستانی توركیە بەتایبەتی ئاگادار دەكەینەوە، چونكە وا دیارە سەركردەی پەكەكە دەمێكە تووشی شێتایەتیی خۆبەزلزانی (جنون العظمة) بووە و ھەموو كوردی بەلاوە سووك و چرووكە و ھەموو مێژووی كوردی بەلاوە خۆبەدەستەوەدان و چۆكدادان و خیانەتە و پێی وایە كە كوردایەتی و مێژووی كورد لە بیقاعی لوبنان و بە دەستی شێتێكی خۆبەزلزان پەیدا بووە و دەستی پێكردوە، دیسان دەیەوێ شەڕی براكوژە بسەپێنێت بەسەرماندا و ڕێككەوتنەكەش پێشێل بكات وەك پیشەی ھەمیشەی شێتە خۆبەزلزانەكە (جنون العظمة) جا بەوەی كوردستانی عێراقیش لە كاتێكدا ھەموو ڕێكخراو و حزبە كوردستانیەكان لەو ڕاستیانە ئاگادار دەكاتەوە، بڵاوی دەكاتەوە كە ئۆباڵی ھەموو لادان و لاساری و پێشێلكردنێكی ڕێككەوتنەكە لە ئەستۆی سەرۆكی پەكەكەی خۆ بەزلزانی سەرلێشێواوە، ھیوادارین ھەوڵی پێویست بدەن بۆ ناچاركردنیان.

ئێستا ئیتر دەقی ئەو بەیاننامە دەستخەتەی جەنابی مام جەلال لەسەر پەكەكە تەواو بوو، دە ئینجا منیش لەناو ئەو بەیاننامە دەستخەتەوە ھەندێك پرسیارم ھەیە:

1- ئایا ئەو خائینانەى ١٦ی ئۆكتۆبەری نێو یەكێتی كە سیاسەتەكانیان لەگەڵ پەكەكە دژی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان و ھەموو ھەرێمی كوردستان جووت كردووە، ئایا ھەر بەڕاستی و بەراستیانە كە لە ھەندێك بۆنە و یادەكاندا دەچنە سەر مەزاری جەنابی مام جەلال لە دەباشان و لەوێ پەیمانی وەفاداریی بۆ دووپات دەكەنەوە، یان ئەوانیش وەك پەكەكەی برادەریان بوونەتە بەشێك لە درۆزنە گەورەكانی ناو مێژووی كورد؟

2- ئایا ئەوانەی كە لەبەر ھەر ھۆیەك بێت داوای گفتوگۆ و ئاشتی و ڕێككەوتن لەگەڵ پەكەكە دەكەن، ئایا ئەمانیش دوای بینینی ئەو بەیاننامە دەستخەتەی جەنابی مام جەلال لەسەر پەكەكە و دەرخستنی ڕادەی پابەندبوونی پەكەكە بە ئاشتی و ڕێككەوتنەوە، ئیتر ھیچ متمانەیەكیان بە پەكەكە دەمێنێت؟ ئایا ئەوان بەم ھەوڵانەی خۆیان ڕەنجی خۆیان بەخەسار نادەن؟

ڕاوەستن و پەلەتان نەبێت، ھێشتا ڕا و بۆچوونی دیكەی جەنابی مام جەلال لەسەر پەكەكە ماوە و ئەویش دەھێنمە خزمەتتان.