كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سۆران.. بە زیاتر لە 50 ملیار دینار ژمارەیەك پرۆژەی گەشتیاری جێبەجێ دەكرێن

لە چوارچێوەی پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی بووژانەوەی كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی رۆڵی لە هەمەجۆركردنی داهاتدا هەبێت، بە پاڵپشتیی كەرتی تایبەت، بە زیاتر لە 50 ملیار دینار ژمارەیەك پرۆژەی گەشتیاری لە سنووری قەزای سۆران جێبەجێ دەكرێن.

پەیجی فەرمیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە: "ئەم پرۆژانە ستراتیژین و كەرتی تایبەت جێبەجێیان دەكات و كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار و زیادكردنی پرۆژە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت و ئەو پرۆژانەی لە سنووری قەزای سۆران بە پاڵپشتیی كەرتی تایبەت بە زیاتر لە 50 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێن، بریتین لە پرۆژەی بەفری گەشتیاری لە چیای حەسەن بەگ، پرۆژەی گەشتیاریی گەلی شادی، پرۆژەی گەشتیاریی بانەزێوك لە رواندز، پرۆژەی گەشتیاریی روپەسەند لە سۆران، لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی پرۆژەی گەشتیاریی جوندیان و هەر یەك لەم پرۆژانەش دەبنە هۆی زیاتر سەرنجڕاكێشانی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی و كاریگەرییان لەسەر هەمەجۆركردنی داهات و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان دەبێت، لە كاتێكدا سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات و بووژانەوەی سەرجەم كەرتەكانە لەناویشیاندا كەرتی گەشتوگوزار".

پرۆژەی بەفری گەشتیاری

پرۆژەی بەفری گەشتیاری لە چیای حەسەن بەگ لە قەزای سۆران، بە نزیكەی ٣٥ ملیار دینار لەسەر 140 دۆنم دروست ده‌كرێت، كە پێكهاتەی پڕۆژه‌كه‌ بریتییە لە دوو گوندی گەشتیاری، وەك گوندی گەشتیاریی فۆلكلۆری كوردەواری و  100 خانوو له‌خۆ ده‌گرێت، لەگەڵ گوندێكی دیكەی شووشەیی و 100 مۆتێلی شووشه‌یی، خلیسكانێی سه‌ر به‌فر و ئه‌سپسواری و قیتار، لەگەڵ چەندین بڕگە و بابەتی دیكەی گەشتیاریی جۆراوجۆر كە هەموویان جوان و سەرنجڕاکێشن.

پڕۆژه‌ی گه‌لی شادی

پڕۆژه‌ی گەلی شادی‌، كە جوانترین پرۆژەی سەركێشییە لە هەرێمی كوردستان، لە‌ هاوینەهەواری گه‌لی عه‌لی به‌گ له‌ سۆران، بە نزیكەی 6 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت، پێكهاتەی ئەم پرۆژەیە بریتییە لە بەلەمی سەركێشی، سەفاری، زیبلاین، كافتریای هەڵواسراو، كافتریا لە شێوەی بورجی ئیڤل، چەندین یاریی ئاوی بۆ گەوران و منداڵان و ٤٠ مۆتێلی گەشتیاری، كۆشك و كەپری گەشتیاری، خواردنی خێرا و چەند بەشی دیكەی گەشتیاری.

پڕۆژەی گەشتیاریی بانەزێوك

پرۆژەی گەشتیاریی بانەزێوك لە رواندز بە نزیكەی ٦ ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت، كە پێكهاتەی پرۆژەكە بریتییە لە چەندین مۆتێلی گەشتیاری، ڕێستورانت و كافتریا، پرۆژه‌كه‌ ئێستا كاركردن تێیدا دەستی پێكردووە.

پرۆژەی گەشتیاریی روپەسەند

پڕۆژەی گەشتیاریی روپەسەند له‌ به‌شی رۆژهه‌ڵاتی قەزای سۆران لەسەر رووبار، بە نزیكەی 3 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت، پێكهاتەی پرۆژەكە بریتییە لە‌ 33 مۆتیل به‌ 3 جۆری جیاواز، ژماره‌یه‌ك كه‌پری نموونەیی و سه‌رده‌میانه‌، چێشتخانه‌ و سه‌نته‌ری وه‌رزشی، كە ‌‌ 70%ی پرۆژه‌كه رووبەری سەوزاییە.

پرۆژەی گەشتیاریی جوندیان

پرۆژەی گەشتیاریی جوندیان بە نزیكەیی 1 ملیار دینار نۆژه‌ن دەكرێتەوە، كاری ئەم پرۆژەیە بریتییە‌ لە رێكخستنەوە و دیزاینی نوێ، چالاكی و بابه‌تی نوێی گەشتیاری، وەك ڕێستورانت، دانیشتن لەناو ئاو، فاست فوود، كافتریا، كەپری نوێی گەشتیاری بە تایبەتمەندی گەشتوگوزار و مۆتێل، لەگەڵ چەندین پێكهاتە و بەشی دیكە.