کەمیی باران و بەفر بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکانیش، بەمەش ئاوی تاڤگەی گەلیی عەلی بەگ کەم بووە. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆرانیش دەڵێت، لە ڕێگەی بۆڕییەوە، ئاو لە لای شەقامی كۆنی گەلیی عەلی بەگ بۆ تاڤگەکە دەگوازرێتەوە.
بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “بەهۆی کەمیی باران و نزمبوونەوەی ڕێژەی ئاو لە رووبارەکان، کە كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی ئاوی تاڤگەی گەلیی عەلی بەگیش هەیە، ئامادەكاری کراوە بۆ گواستنەوەی ئاو لە ڕێگەی بۆڕییەوە، لە لای شەقامی كۆنی گەلی، بۆ تاڤگەی گەلی عەلی بەگ، بۆ ئەوەی ئەو تاڤگە و هاوینەهەوارە بێ ئاو نەبێ، کە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی دەکەن".
گوتیشی: “ساڵانە لەو كاتانەی تاڤگەی گەلیی عەلی بەگ ئاوی کەم دەکات، بە بۆڕییەكی هەشت ئینجی ئاوی بۆ دەگوازرێتەوە، لەئێستاشدا ئامادەكاریی تەواو کراوە و لە كاتی پێویست ئاوەكە بەردەدرێتەوە”.